نوێترین

recent

14/10/2015

حدکا رەخنەی تووند لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەگرێت

حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدكا)، ناڕاستەوخۆ بەتووندی رەخنە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگرێت. مەکتەبی سیاسی یەكێتی رۆژی یەكشەممە 11 ی تشرینی یەكەمی 2015 كۆبووەوە، پاش كۆبوونەوەكەش راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باس لە هەلومەرجی بەشەکانی کوردستان كرابوو، بێ هیچ ئاماژەیەک بەناوی رۆژهەڵاتی کوردستان .


kak_hasan_rudaw_rexna_i

حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدكا)


جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لەكاتی بەشداریکردنیدا لە بەرنامەی "دەنگی رۆژهەڵات"ی رادیۆی "رووداو"، کەلەلایەن ئومێد بەرین پێشکەشدەکرێت، ناڕاستەوخۆ رەخنەی لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان گرت و گوتی " بەداخەوە کێبڕکێی نادیموکراتیک و دواکەوتووانە، سیاسەتی تۆڵەکردنەوە و بەهێندنەگرتنی ئازار و مەینەتییەکانی خەڵک لەلایەن هێزە سیاسییەکانی ئەو بەشەی کوردستانەوە، هەروەها ئەو بارگرژییانەی ئێستا هەن و لەرابردووشدا هەبوون، فەزایەکی گونجاوی بۆ پلانڕێژی ناحەزانی کوردستان پێکهێناوە و بەستێنی دەستتێوەردانی هێزە دەرەکییەکانی لە کاروباری نێوخۆیی باشووری کوردستاندا لەبارکردووە " .
هەرچەندە حەسەن شەرەفی راستەوخۆ نێوی راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نەهێنا، بەڵام ناڕاستەوخۆ گوتی " هێزێکی سیاسی لەو رۆژانەدا راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا باسی هەلومەرجی کوردستان دەکات. باشوور، باکوور و رۆژئاوا، بەڵام وەکو ئەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان نەبێ، ناویان نەهێناوە، چونکە نێوهێنانی رۆژهەڵات بووەتە بڤە " .
سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەو پرسەش جێگری سکرتێری گشتی حدکا گوتی " لەترسی شوێنێک کە ئەوەندە نفوز و دەستەڵاتی هەیە لە باشووردا، ئیدی ناتوانن تەنانەت ناوی رۆژهەڵاتیش بێنن، ئەوە لەکاتێکدا لەسەر نەخشەی سیاسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ناوی کوردستان هەیە و ئەوان نایبینن".
حەسەن شەڕەفی ئێستای رۆژهەڵاتی بە رابردووی رۆژئاوای کوردستان شوبهاند و گوتی " پێشتریش بەهۆی پەیوەندییەکەوە کە لەگەڵ حافز ئەسەد هەبوو، لە روانگەی لایەنێکەوە رۆژئاوای کوردستان نەبوو، ئێستاش رۆژئاوا هەیە، رۆژهەڵات نییە".
جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە پەیوەندی پارتەکانی کوردستان بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە رایگەیاند " ناڵێین لایەنەکان پەیوەندییان بە دراوسێکانیانەوە نەبێت و کێشەمان لەگەڵ ئەوە نییە، بەڵام دەبێ دوو خاڵ لەبەرچاو بگیرێن، یەکەم ئەوەی لایەنەکان لە پەیوەندییەکانیاندا ئەوەندە نەچنە پێش کە رێگای گەڕانەوەیان نەبێت، دووهەم ئەو پەیوەندییە نابێ بەزیانی بزووتنەوەی کورد لە پارچەیەکی دیکەی کوردستان تەواوببێت، ناکرێ دووژمن بە برا بزانی و برا بە دووژمن " .
Picsart-24-02-23-21-31-09-085