پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، پێیوایە ئەوەی لە شاری قەڵادزێ روویدا دەستی سیاسی لە پشتەوە بووە و لایەنێك بۆ مەبەستی سیاسی خەڵكی هانداوە بچنە سەر بارەگای پارتی، ستایشی خۆپیشاندانەكەی هەڵەبجەشی كرد كە بە وتەی ئەو، بەشێوەیەكی شارستانی و دوور لە ئاڵۆزكردنی دۆخەكە، بەئەنجام گەیشتووە. فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "خۆپیشاندان مافێكی رەوای هەموو خەڵكییە وەك ئەوەی بینیمان لە شاری هەڵەبجە بەشێوەیەكی شارستانی و بەرێكوپێكی ئەنجامدرا و تێیدا شانۆگەری و شیعر خوێندنەوەی تێدا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا داوای مافی رەوای خۆیان كرد و ناڕەزاییان دەربڕی، بەڵام ئەوەی لە قەڵادزێ روویدا، دەستی سیاسی لە پشتەوەیە".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتیشی: "ئەوان دوای ئەوەی پەرلەمانیان بەكارهێنا و پێشتر خەڵكی هەژار و قوڕبەسەریان هاندا تا پەلاماریی بارەگاكان بدەن، لەئێستاشدا هەمان سیناریۆ دووبارە دەكەنەوە".
سۆفی ئاماژە بەوەش دەكات:"ئەوان لە 17ی شوباتیشدا هەمان كارییان كرد، بۆیە داوا لە خەڵك دەكەین كوڕ و منداڵ و ئەو گەنجە جوانانە نەكەن قوربانی بۆ ئەوانەی كە دەیانەوێت لەڕێی ئەوانەوە دەسەڵات بەدەستبهێنن و پۆستەكان دەستبەربكەن".
بە بۆچوونی فرسەت سۆفی، ئەوانە گەر مەبەستییان ناڕەزایی و داواكردنی ماف بووە، دەبوایە بچونایەتە سەر قایمقامیەت كە نوێنەرایەتی حكومەت دەكات لە ناوچەكە نەك ناوچەی پارتی.
سەبارەت بە برینداربوون ژمارەیەك و شەهیدبوونی گەنجێك، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتی: "خۆپیشاندەران پەلاماری ناوچەی پارتییان داوە و ئەوانەی لەنێو بارەگاكەشدابوون، تەقەیان بە ئاسماندا كردووە و شەهید و بریندارەكانیش بەر ئەو گوللانە كەوتوون كە لە ئاسمانەوە كەوتوونەتە خوارەوە".
