دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ئاستانەی دەستپێکردنی گفتوگۆکانی وڵاتەکەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیامێکی کورتی لەبارەی داهاتووی ناوچەکە و جیهان بڵاوکردەوە.
ترامپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ترووس سۆشیاڵ) ئاماژەی بە گۆڕانکارییە گەورەکان دا و نووسیویەتی: “بەهێزترین دووبارە ڕێکخستنەوەی جیهان” (The strongest global reset).
ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان لێکدەدرێتەوە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە جیهان چاوەڕوانی ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران دەکات کە بڕیارە لە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەبچێت.
جێی باسە، بڕیارە جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترامپ لەگەڵ شاندێکی ئێرانی کۆببنەوە، کە ئەمەش بە یەکەمین هەنگاوی جددی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئێران دادەنرێت.
