نوێترین

recent

14/04/2026

پارێزگاری کــەرکوك ڕێبوار تەها،لەپۆستـەکی لادەدرێت!؟

 











پارێزگارە کوردەکەی کەرکوک رێبوار تەها بڕیارە لە کۆتای مانگی ٦ ئەمساڵدا بەپێی رێککەوتنی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و تورکمان و عەرەبەکان پۆستەکەی رادەستی بەرەی تورکمانی بکات.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " کە لە دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە دەستیکەوتووە، لە کۆتایی مانگی ٦ ئەمساڵدا رێبوار تەها لە لیستی یەکێتی ماوەی دوو ساڵی خۆی وەک پارێزگاری کەرکوک تەواو دەکات و ئەو دوو ساڵەی تر؛ ساڵێکیان دەدرێت بە نوێنەری تورکمانەکان و ساڵەکەی تر دەدرێت بە عەرەب.
هەرچەندە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەرەتای پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکەوە ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئەو ئاڵوگۆرە دەکرێت، بەلآم سەرچاوەکانی ماڵپەڕی " سپی " جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە بەپێی رێککەوتنەکە، یەکێتی لە کۆتایی مانگی ٦ دا کۆتایی بە ماوەی پارێزگاریەکەی دێت، بەرامبەر ئەوەش سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا دەدرێت بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
لەگەڵ دەنگوباسی گۆڕینی پارێزگای کەرکوکدا ئەمڕۆ دوو شەممە ١٣ ی نیسان رێبوار تەها لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا لە بینای پارێزگای سلێمانی لە وەڵامی پرسیارێکدا لەو بارەیەوە، وتی " من نوێنەری خەڵکم و پارێزگاری کەرکوکم هەر کاتێک ئەو باسە هاتە ئاراوە، وەک لایەنێکی سیاسی و وەک یەکێتی قسەکردنی حزب لەسەر ئەو بابەتە لەلای مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی یەکێتی یە".
هەر ئەمڕۆش لە بەغدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازی لە محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عیراقی کرد.
وەک میدیای یەکێتی بڵاویکردۆتەوە، لە دیدارێکدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ناوچەکە و عیراق کراوە و جەخت لە دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێکان کراوەتەوە. هەروەها هەردوولا دووپاتیان لە تەواوکردنی رێکارە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار کردەوە کە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و ئارامی زیاتر بۆ هاوڵاتییان.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ ئەنجام درا، پارێزگای کەرکوک ١٦ ئەندامی ئەنجومەنی هەڵبژارد، ١٥ ئەندامی گشتی و ئەندامێکی کۆتای مەسیحی.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان یەکێتی ٥ کورسی، پارتی ٢ کورسی، راکان جبوری ( هاوپەیمانی عەرەبی ) ٣ کورسی،
هاوپەیمانی قیادە ٢ کورسی، عروبە ١ کورسی، تورکمان ٢ کورسی، ١ کورسی کۆتا.
سەرچاوە:ماڵپەڕی سپی

Picsart-24-02-23-21-31-09-085