
ئازاد تۆفیق
روونكردنەوەیەكی پێویست
من (ئازاد تۆفیق) نە خاوەنی ئیمەیلم و نە لە فەیسبووك دەزانم و یەكێكم لەو كەسانەی كە تائەمڕۆ یەك دێرم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا نەنووسیوەو سەرم لە پەیج و پەیجكاری دەرناچێ، تەنانەت ئەمڕۆ ١٣رۆژە بووم بە خاوەنی مۆبایلی ئایفون، ئەویش هاوڕێ و برایەكی دڵسۆز بۆی كڕیووم. بەڵام بڕوابكەن لەباتی ئەوەی سوپاس و دەستخۆشی لێبكەم، كەچی رۆژی دە جار بەخورتەو بۆڵە بەسەری دەكەمەوە! چونكە گیرمخواردوە بەدەستیەوەو ئەترسم تا فێری ئەم مۆدێلە لە ئایفۆن دەبم، ئەوا مۆدێلێكی پێشكەوتووتری مۆبایل دابێت و ئەوكاتەش من لە هەردوو جەژنەكە ببم! بۆیە لێرەدا جێی خۆیەتی رەحمەت بۆ ئەو هاوڕێ دابڕاوەم بنێرم، كە دەڵێم دابڕاو - چونكە دوای ئینشیقاقەكەی گۆڕان ئەو كەوتە هەوارێك و منیش لە هەوارێكی تر- كە هەمووجار دەیووت ئازاد تۆفیق ئومی لە تەكنۆلۆجیا!
بەهەرحاڵ بادرێژەی نەدەمێ و لەم بارگرژی سیاسەتەی، كە هەرێمی كوردستانی پیاتێپەڕ دەبێت ئەم چەند دێڕە بكەم بەسەرەتایەك بۆ بەشداریم لەیەكەم نوسینی وێب سایتی ئەلیكترۆنیدا.
بۆئاگاداری.. بۆ ئاگاداری
١- هەڤاڵینە بیرتان نەچێ كێ بوون ئەوانەی كە دوێنێ دەیان وت.. گەر مام جەلال نە گۆڕین كەواتە: هیچمان نەگۆڕیوە!
٢-هەڤاڵینە بیرتان نەچێ، كێبوون ئەوانەی كە دوێنێ فاصیلەی ئیعلامییان لەسەر مام دەكرد، كە لەوێنەیەكیدا بۆ هەڵگرتنەوەی تەزبیحەكەی، كە لە دەستی كەوتووە دەیان وت.. ئەها سەیركەن كە چۆن مام دەستی كەمالیستەكان ماچ دەكات!
٣-هەڤاڵینە بیرتان نەچێ لەسەروبەندی نەخۆش كەوتنی مام دا، كێ بوون ئەوانەی وێنەی موجەمیدەو هەواڵی پڕ لەدرۆو فیشاڵیان لەمیدیا چەواشەو سێبەرەكانیاندا دادەبەزان و بڵاودەكردەوە!
٤-هەڤاڵینە بیرتان نەچێ كێ بوون ئەوانەی دوێنێ دەیان وت.. مام جەلال تۆتالیتارەو ئیرهابی فیكری دروست دەكات!
٥هەڤاڵینە -بیرتان نەچێ كێ بوون ئەوانەی دەیان وت.. یەكێتی هەر درۆ و دراوی لایە، نەمرین هەردووكیان لێوەردەگرینەوە!
٦-هەڤاڵینە بیرتان نەچێ كێ بوون ئەوانەی كە دوێنێ و لەسەروبەندی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی پەرماندا دەیان وت.. ئێستا ئیتر پەرلەمان گەڕایەوە دەستی گەل!
٧-هەڤاڵینە بیرتان نەچێ كێ بوون ئەوانەی دوێنێ دەیان وت.. پێشمەرگە میلیشیایە!
تێبینی: ئیلهامی ئەم حەوت خاڵە لەزاكیرەی بەیاننامە حەوت خاڵییەكەی عەیامێ لەمەوبەری بزوتنەوەی گوڕانەوە هاتووە!