

كاتێك مرۆڤێكی هۆشمەندی سیاسی تاوانێك دەكات، یان هەڵەیەكی سیاسیی دیاریكراو ئەنجامدەدات، هەوڵدەدات بیشارێتەوە یاخود پاساو بۆ ئەنجامدانی كارەكەی بدۆزێتەوە، لانی كەم بۆ ئەوەی خەڵك وەك دڕندە وێناینەكەن، یاخود كەمێك مەترسییەكە لەسەر ژیانی گشتی بڕەوێنێتەوە.
كاتێك پارتی تاوانێكی سیاسی ئەنجامدەدات، هەوڵدەدات لەبەردەم زوومی كامێراكاندا دەریبخاتو پاساوی نامەتیقییش دەهێنێتەوە بۆ كارەكەی، بەجۆرێك مرۆڤ دەگاتە ئەو بڕوایەی هەركاتێك پۆستاڵ لەپێیەكی پارتی ببینێت، ترسی لەوە هەبێت كارێكی قۆڕو نابەجێ ئەنجامدەدات، لەوانەیە گرفتەكە لەو كەسانە نەبێت كە لەپشت دیواربەندی بازگەكانەوە وەستاون، بەڵكو لەبیركردنەوەو ناخی ئەو كەسانەوە سەرچاوەدەگرێت كە ئەو پۆستاڵ لەپێیانەیان لەپشت دیواربەندی بازگەكانەوە داناوەو فەرمانیان پێدەكەن.
بۆیە لەیادەوەریی هەر تاكێكی ئەم كۆمەڵگایەدا وێنەیەكی خەیاڵیی ئەو بازگانەی پارتی جێگیربووەو بەبازگەی سەیرو سەمەرەكان ناودەبرێت، جاری وایە بەتەنیا سڵاوێك لەدەستیان رزگارت دەبێت، بەڵام هەندێك جاریش كە پیاوەكانی پشت دیواربەندەكە فەرمانیان پێدەكەن، بەلەشكرێكەوە رێگریت لێدەكەنو زۆریش لایان ئاساییە گوللەبارانت بكەن، بێ ئەوەی ترسیان هەبێت ئەم كارەیان چ كارەساتێكی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت!
لەچ وڵاتێكی دونیادا حیزبو بازگەو سەركردەی سەیروسەمەرەی وەك كوردستانو دەڤەری پارتی هەیە، سەركردەكانیان توانای شیكردنەوەی سیاسییان لاوازەو بازگەكانیشیان شوێنی ئیهانەكردنن بەتاكی كوردو حیزبەكەیشیان بەبەردەوامی بەدوای وەهمی سیاسیدا دەگەڕێت.
لەمێژووی حكومڕانیی بەعسو دیكتاتۆریی سەدامدا، هەزاران نمونەی زوڵمو چەوساندنەوەو كوشتن هەن، ئەگەر رۆژنامەنوسێك بەدواداچوون بكات بۆ دەستكەوتنی بەڵگەی پێویست، ئەوە زۆر ماندوودەبێت، بەڵام ئەگەر هەمان رۆژنامەنوس بەدواداچوون بكات بۆ بەڵگەی پێویست لەسەر سەیروسەمەرەكانی پارتی، ئەوە بەئاسانی بەڵگەی پێویستی بۆ سەلماندنیان دەستدەكەوێت.
لەوە تێدەگەم ئەو ریزپەڕی (شازی)یەی پارتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دەیەوێت لەرێی كارە ئاشكراكانیەوە دوو ئامانجی سەرەكی بپێكێت:
یەكەمیان لەكەداركردنی هەموو ئەو كەسایەتییانەی نەیاری سیاسەتەكانیانن، دووەمیان پەیامێكە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت رەخنە لەسیاسەتی ئەوان بگرن، وەك چۆن دەوترێت ئامۆژگاریی ئاینی لەكاتی مردنی كەسێكدا بۆ خودی مردووەكە نییە، بەڵكو بۆ ئەوانەیە كە ماتەمینی بۆ مردووەكە دەگێڕن.
ئەوەی پارتی لە12ی تشرینی یەكەمدا كردی، دەیتوانی بەمیكانیزمی جوداو باشتر ئەنجامیبدایە، بەڵام پەیامەكەی لەوەدا چڕكردووەتەوە كە لەبەرانبەر ئەوەی ئەو ناویدەنێت شكاندنی شكۆی بارزانیو حیزبەكەی، شكۆی ئەوانە بشكێنێت كە لای ئەو سەرچاوەی قەیرانو كێشەو لەمپەرەلكانی بەردەم ویلایەتی بارزانین.
لێرەوە دەمانەوێت ئەوە بخەینەڕوو؛ دۆخەكە بۆیە گەیشتە ئەو ئاستە، سەرەڕای هۆكارە زۆرو زەوەندەكانی كەڵەكەبووی 24 ساڵ حوكمڕانیی خراپی هەرێمی كوردستان، كێشەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم، هۆكاری سەرەكیی تەقاندنەوەی دۆخەكە بوون، واتا دەكرا پێش ئەوەی ناڕەزایەتییەكان بتەقنەوەو بارەگاكان گڕبگرنو شەقامەكان سوورببن، بەشێوەیەكی یاسایی كۆتایی بەم قەیرانانە بهێنرایە، بەڵام وەك دەوترێت؛ هەمیشە گەمژەكان لەوڵاتە دواكەوتووەكان دڵیان بەیاسا خۆشەو چاوەڕێی ئەوەن بەهۆیەوە وڵات بگاتە كەناری ئارامی، لەم جۆرە وڵاتانەی ئێمەدا ئەوەی حوكمدەداتو ئەوەی بڕیاردەدات، ئەو هێزە نەگریسەیە كە پارتە سیاسییەكان بۆخۆیان قۆرخیانكردووەو چۆنیان بوێت وەها بەكاریدەهێنن.
بۆ لەمەودوا دەكرێت پارتی لەكاتی روودانی لەم جۆرەدا پێش ئەوەی ئارەزووی ئەنجامدانی كارێك بكات، دەبێت پشت لەو كلتورە زبرە بكات كە لێوانلێوە لەبێڕێزیو شكاندنی ئەوی تر.