
ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا هێرش ده‌كاته‌سه‌ر سه‌رۆكی په‌رله‌مان و به “بێ لایه‌نیی و له ده‌ستدانی شه‌رعیه‌ت” ناوی ده‌بات، هاوكات كۆبوونه‌وه‌كه‌ی 23ی حوزه‌یرانی په‌رله‌مان به “كوده‌تا” وه‌سف ده‌كات.
ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یه:
ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 14/8/2015، به‌سه‌رپه‌رشتی جه‌نابی سه‌رۆك (مه‌سعوود بارزانی) ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتیمان، پارتیی دیموكراتی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی به‌ست به مه‌به‌ستی باسكردن و لێكۆڵینه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ی ئه‌مڕۆ كوردستان پێیدا تێده‌په‌ڕێت. هه‌روه‌ها بۆ ئاشكراكردنی هه‌ڵوێستی پارتی له‌و باره‌یه‌وه.
رون و ئاشكرایه كه له مانگی حوزه‌یرانه‌وه قه‌یرانه‌كه توندتر و خه‌ستتربوه‌ته‌وه، ئه‌ویش به‌هۆی كوده‌تا ئاسا ده‌رچوون له كۆده‌نگی و ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی كه حكوومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیان له‌سه‌ر پێكهێنرابوو. چاكه ئه‌گه‌ر بێته‌وه‌یاد كه ئه‌و كۆده‌نگی و رێككه‌وتنانه جێگای ره‌زامه‌ندیی و دڵنیایی و به‌پیره‌وه‌هاتنی گه‌لی كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانمان بوون.
به‌ڵام به‌داخه‌وه له 23ی حوزه‌یراندا، سه‌ره‌ڕای بارودۆخی سیاسی ناله‌باری كوردستان و هێرشی دڕندانه‌ی داعش و باری سه‌ختی ئابووری و گوزه‌رانی خه‌ڵك و كێشه و ئه‌ركی ملیۆنه‌ها ئاواره كه رویانكردۆته كوردستان، ئا له‌و كاته هه‌ستیاره‌دا به‌پیلانێكی داڕێژراو له‌لایه‌ن لایه‌نێكی ناسراو كوده‌تای دژ به كۆده‌نگی و یه‌كڕیزیی له په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدرا، ئه‌ویش به وه‌رگرتنی بڕیارێكی یه‌كلایه‌نه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پێگه و رۆڵی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه هێمای گه‌له‌كه‌مانه، هه‌روه‌ها دژ به به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی كورد و كوردستان.
كۆبوونه‌وه، ئه‌م ده‌رچوونه له كۆده‌نگی و یه‌كڕیزیی، سه‌رباری مه‌ترسیه‌كانی تر، به مه‌ترسیه‌كی گه‌وره ده‌زانێ كه، كاریگه‌ریی سلبیانه‌ی زۆری ده‌بێت له هه‌ردوو ئاستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یشه كه پێویستی به راستكردنه‌وه‌ی به په‌له‌یه. بۆیه كۆبوونه‌وه‌كه، ئه‌م ده‌رچوونه ره‌تده‌كاته‌وه و به‌وپه‌ڕی تواناوه دژی ده‌وه‌ستێت.
شایه‌نی باسه له‌م پیلانه‌دا چه‌ند كه‌سانێك رۆڵێكی دوژمنانه‌یان گێڕا به‌رامبه‌ر به ئه‌زموونی گه‌له‌كه‌مان و یه‌كڕیزیی نێو ماڵی كوردستانی، لێره‌دا به‌تایبه‌تی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بێ لایه‌نیی و شه‌رعیه‌تی خۆی له ده‌ستدا.
سه‌ركردایه‌تی پارتیمان له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه هێشتا هه‌ل له‌ده‌ست نه‌چووه و، ده‌كرێت كۆده‌نگی و یه‌كڕیزیی بنیاد بنرێته‌وه و، زه‌مینه‌كه‌ش له‌باره ئه‌گه‌ر ره‌چاوی هه‌موو ئه‌و پێشنیار و هه‌ڵوێستانه بكرێت كه لایه‌نه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كان تاكو ئێستا له‌م رووه‌وه پێشكه‌شیان كردووه. بۆیه پارتی ئاماده‌یه بۆ گفتوگۆ له‌پێناوی راستكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه و ده‌كرێ ئه‌و پێشنیارانه ببنه بنه‌مای گفتوگۆ. لێره‌شدا سه‌ركردایه‌تی پارتی سوپاسی خۆی ئاراسته‌ی هه‌موو ئه‌و لایه‌ن و كه‌سایه‌تییانه ده‌كات كه ده‌ستپێشخه‌رییان هه‌بووه و هاوكارن بۆ راستكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه و ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌یان به‌رز ده‌نرخێنین.
ئێمه وه‌كو پارتی دیموكراتی كوردستان پشتمان به‌هێزه به ئه‌زموون و هۆشیاریی گه‌له‌كه‌مان كه هیچ مه‌ترسییه‌ك یا پێشهاتێكی نه‌خوازراو ناتوانێت دوری بخاته‌وه له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی و له پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانمان.
له‌م رۆژه‌شدا كه به‌ره‌وپیری شه‌ست و نۆیه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتیمان هه‌نگاوده‌نێین، ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم ئاراسته‌ی كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانمان له‌سه‌نگه‌ری شه‌ره‌فدا و هه‌موو ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارتیمان و ته‌واوی كوردستانیانی خۆشه‌ویست ده‌كات.
ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی
پارتیی دیموكراتی كوردستان
14ی ئابی 2015
from Wllat Net http://ift.tt/1Lci0B6
via IFTTT