
سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئاشکرایدەکات، بۆ ئەنجامدانی بۆردومان لەناوچە سنوریەکانی ھەرێمی کوردستان و بەمەبەستی پەلاماردانی پارتی کرێکارانی کوردستان، مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیان ئاگادارکردۆتەوەو پێکەوە زیاتر لەکاتژمێرێک گفتوگۆیان کردووەو سەرەنجامیش بارزانی ڕازیبووە ھاوکاری ئەو ئۆپەراسیۆنە بکات.
لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەحمەد داود ئۆغڵوی سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕایگەیاند، بەر لەئەنجامدانی پڕۆسە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر قەندیل و ناوچە سنوریەکانی ھەرێم لەڕێگەی فڕۆکە جەنگیەکانەوە، بەتەلەفۆن پەیوەندی بەمەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە کردووە.
وتیشی:”زیاتر لەکاتژمێرێک لەگەڵ بارزانی گفتوگۆمان کردووەو لەبۆردومانەکانیش بەتەواوی ئاگادارمکردەوە”.
سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئەوەشی نەشاردەوە، پرۆسە سەربازیەکانی وڵاتەکەی لەدژی کوردە، وتیشی:”بۆردومانەکانمان جگە لەکورد دژ بەھیچ پێکھاتەیەکی تری عیراق نییە”.
لەبارەی ئامانجی بۆردومانەکانیشیانەوە ڕایگەیاند، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی تورکیاو دورخستنەوەی مەترسییەکانی سەر سنورەکانیان، ھەرچیان لەدەستبێت دەیکەن و بۆردومانەکانیشیان بەردەوامدەبێت.
ئەحمەد داود ئۆغڵو کە ئێستا سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری تورکیایە، ئەوەشی ئاشکراکردووە، دوای پەیوەندییەکەی لەگەڵ بارزانیدا، سەرۆکی ھەرێم پشتیوانی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دوپاتکردۆتەوە.
شەوی ڕابردوو فڕۆکەو تۆپخانەی تورکیا لەئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان لەباکورو باشووری کوردستان بۆردومانکرد، ھەروەھا لەدوو ڕۆژی رابردوودا، تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی لە٢٣ شاری تورکیا دەستپێکرد بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی بەئەندامێتی پەکەکەو داعش تۆمەتباردەکرێن، تائێستا ٣٠٠ کەس دەستگیرکراون.
from Wllat Net http://ift.tt/1LJILuQ
via IFTTT