ووڵات نێت |
بەڕێوەبەری گشتی کۆچ و کۆچبەرانی ھەرێم ڕایدەگەیەنێت، تائێستا ملیۆنێک و ٤٥١ ھەزارو ٣٥٥ ئاوارە ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، دەشڵێت:"سەرجەم ئەو پارەیەی کە وەک ھاوکاری دەدرێت بەئاوارەکان گەیشتۆتە ھەرێم".
بەڕێوەبەری گشتی کۆچ و کۆچبەرانی ھەرێم ڕایدەگەیەنێت، تائێستا ملیۆنێک و ٤٥١ ھەزارو ٣٥٥ ئاوارە ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، دەشڵێت:"سەرجەم ئەو پارەیەی کە وەک ھاوکاری دەدرێت بەئاوارەکان گەیشتۆتە ھەرێم".
لەدوای داگیرکردنی چەند شارێکی عیراق لەلایەن گروپی تیرۆریستی داعشەوە، "ژمارەیەکی ئێجگار زۆر" بەوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێم ڕوویان لەناوچە جیاوازەکانی باشوری کوردستان کردووە، باس لەوەشدەکرا حکومەتی عیراق ھیچ ھاوکاریەکی ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستان ناکات.
شاکر یاسین بەڕێوەبەری گشتی کۆچ و کۆچبەرانی ھەرێم ئاشكرایكرد:"ژمارەی ئەو ئاوارانەی کە ھاتوونەتە ھەرێم لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٤وە تائێستا ملیۆنێک و ٤٥١ ھەزارو ٣٥٥ کەسە، دەشڵێت:"سەرجەم ئەو پارەیەی کە وەک ھاوکاری دەدرێت بەئاوارەکان، گەیشتۆتە دەستمان و لەڕێگەی لیژنەیەکی ٨٦ کەسییەوە بەردەوامین لەدابەشکردنی".
وتیشی:"ژمارەیەکی زۆر ئاوارە بڕی یەک ملیۆن دیناری وەک ھاوکاری وەرگرتووەو لەڕێگەی ئەو لیژنە ٨٦ کەسییەوە کە لەلایەن حکومەتی عیراقییەوە ھاتبوونە ھەرێم، پارەکە بەسەریاندا دابەشدەکرێت و لەئێستاشدا بەردەوامن لەدابەشکردنی ئەو ھاوکارییانە".
ئەوەشی وت:"حکومەتی عیراق بڕیاریداوە ٣ ھەزار کابینە بنێرێت بۆ ئاوارەکانی سنوری پارێزگای ھەولێر، بەڵام نازانین ئایا ئەو کابینانە گەیشتوون یاخود نا".
سەبارەت بەچۆنێتی دابەشکردنی ئەو کابینانەش لەکاتی گەیشتنیان شاکر یاسین وتی:"لەڕێگەی ٣ لیژنەی ھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێمەوە بەسەرۆکایەتی پارێزگاری دھۆک و پارێزگاری ھەولێرو لیژنەیەکیش لەپارێزگای سلێمانی دابەشدەکرێت".
لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٤وە تائێستا نزیکەی ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار ئاوارە ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراقیش بڕیاریدا بڕی ملیۆنێک دینار وەک ھاوکاریی بدرێت بەھەر خێزانێکی ئاوارە، تائێستاش بەشێک لەو ئاوارانە نەک ھەر ئەو ھاوکارییانەیان وەرنەگرتووە، بەڵکو وەکو شاکر یاسین وتی:"لەبارودۆخێکی زۆر ناھەمواردا ژیان دەبەنەسەر بەتایبەت لەئێستادا کە وەرزی سەرماوسۆڵەیەو ئەو ئاوارانەش تادێت بارودۆخیان بەرەو خراپتر دەڕوات".
