
ووڵات نێت |
دوای ئەوەی پەرلەمانتارێكی لیستی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، بەمیدیاكانی راگەیاندبوو، ئەگەر لەدانیشتی ئەم جارەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگار هەڵنەبژێدرێن ، پەنا دەبەنە بەر هەمواركردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان، سالار مەحمود پەرلەمانتاری یەكێتی وەڵامی ئەو پەرلەمانتارە دەداتەوە رایدەگەیەنێت ئەو یاسایە هەموار ناكرێتەوە، چونكە پێویستی بە تەوافق هەیە وباشترین رێگەش بۆ چارەسەری كێشەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رێكەوتنی یەكێتی و گۆڕانە.
سالار مەحمود لەو بارەیەوە بۆ "میللەت" وتی: بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و پارێزگاری سلێمانی بە پێی یاسا دیاریكراوە كە 50+1ی دەنگی ئەنجومەنەكەیە، بەڵام لەهەڵبژاردنی 30ی نیساندا هیچ كەس نەیتوانیووە 50 +1 دەستەبەر بكات
سالار مەحمود پێی وایە ئەم ئەنجامە هەماهەنگی و رێكەوتنی فراكسیۆنە براوەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای سەپاندووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگار نە یەكێتی بە تەنیا نە گۆران بە تەنیا ناتوانن ئەم پرسە یەكلای بكەنەوە و لەبەر هەستیاری بارودۆخەكەو پەیوەندی گۆران و یەكێتی لایەنەكانی تریش نایانەوێت لەسەر لایەك خۆیان ساغ بكەنەوە
سالار مەحمود ئاماژە بۆ ئەوە دەكات گەرانەوە بۆ پەرلەمان ئەو بابەتە چارەسەر ناكات و لە دەرئەنجامدا گونجاوترین چارەسەری ئەم پرسە رێكەوتنی گۆڕان و یەكێتییە و چەند هەڵبژاردەیەكیش هەیە، لەوانە ئەوەی لیستی خزمەت پێشكەشی كردووە كەپێدەچێت باشترین تەرح بێت.
سەبارەت بە هاتنە سەر خەتی پەرلەمان بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو پرسە سالار مەحمود وتی: پرسەكە پەیوەندی بە ئەنجومەنی پارێزگا و لایەنە سیاسیەكانەوە هەیە، بەڵام ئەگەر هیچ وادەیەك نەما ئەو كاتە قسەیەكی تر دەكرێت، بەڵام ئەو كاتەش لەبەر ئەوەی پەرلەمانی كوردستان فرە لیستە پێویستە هەر تەوافق بكرێت
بۆیە باشترین رێگە رێكەوتنی گۆڕان و یەكێتیە.