
ووڵات نێت/
بەھۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی پاسپۆرتی سەرۆکی فەرەنسا لەکاتی سەردانکردنی بۆ بەغدا، وەزارەتی گواستنەوەی عیراق بەرپرسێکی فڕۆکەخانەی بەغدا لەکارەکەی دووردەخاتەوە، سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عیراقیش ڕایدەگەیەنێت، بەھیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت نھێنی ھاتنی بەرپرسانی بیانی بڵاوبکرێتەوە.
لەداوی ھاتنی فرانسۆ ھۆلاند سەرۆکی فەرەنسا بۆ عیراق، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لەلایەن یەکێک لەکارمەندانی فڕۆکەخانەکەوە، وێنەی پاسپۆرتی سەرۆکی فەرەنسا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، ئەم کارەش کاردانەوە توندی بەرپرسانی حکومەتی عیراقی بەدوای خۆیدا ھێناو بەو ھۆیەشەوە سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عیراق لەکارەکەی دوورخرایەوە.
ناسڕ ئەلبندەر سەرۆکی لەسەرکارلابراوی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عیراق، لەلێدوانێکدا رایگەیاند: لەکاتی ھاتنی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ عیراق، یەکێک لەکارمەندەکانی فڕۆکەخانەی بەغدای نێودەوڵەتی، ھەستاوە بەوێنەگرتنی پاسپۆرتی سەرۆکی فەرەنسا و ئەو فیزایەی پێدراوەو لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویکردەوە.
وتیشی: وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوەی عیراق، لیژنەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوکە پێکھێناوەو ئەو کارمەندەش کە وێنەکەی گرتووەو دواتر بڵاویکردۆتەوە، ئاشکرا بووەو ئێستا دەستگیرکراوە.
ناسڕ ئەلبەندەر سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عیراق ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای ئەو ڕووداوە، بە بڕیاری وەزارەتی گواستنەوە، لەپۆستەکەی دوورخراوەتەوەو بەشێوەی تەنسیپ لەدیوانی وەزارەتی گواستنەوە دەوام دەکات.