نوێترین

recent

14/09/2014

یەکێتی وەزارەتێکی مسۆگەر کردووە لەحکومەتی نوێی عیراقدا

ووڵات نێت/

تائێستا لەحکومەتی نوێی عیراقدا، تەنھا سێ وەزارەت بۆ کورد تەرخانکراوە، پەرلەمانتارێکیش دەنگۆی پێنەدانی وەزارەت بە یەکێتی ڕەتدەکاتەوەو رایدەگەیەنێت: وەزارەتی رۆشنبیری بۆ یەکێتی یەکلایی کراوەتەوە.
ڕێبوار تەھا پەرلەمانتاری کورد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشکرایکرد، تائێستا بەغدا تەنھا سێ وەزارەتی بەکورد داوە، ئەویش دارایی و ڕۆشنبیریی و کۆچ و کۆچبەران، ئەوەشی وت:"زۆر باس لەوەدەکرێت گوایە وەزارەتی کاروباری ژنانیش بەکورد دراوە، بەڵام تائێستا تەنھا ھەر ئەو ٣ وەزارەتەیەو ھیچ وەزارەتێکی تر زیاد نەکراوە".
بەگوێرەی ئیستیحقاقی ھەڵبژاردن، بەتێکڕای کورسییەکانی کورد، ئەگەرچی ھیچ ھاوپەیمانێتیەک پێکنەھێندراوە، بەڵام وەکو پەرلەمانتارە کوردەکە دەڵێت:"دەبێت چوار وەزارەت بە کوتلە کوردستانییەکان بدرێت".
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراونەتەوەو بەپێی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، کورد ٢٩ خاڵی ھەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە٢٥ کورسیی ٩,٢ خاڵی ھەیە‌و بەوپێیەش پۆستەکانی جێگری سەرۆک وەزیران و ھەردوو وەزارەتی دارایی و ڕۆشنبیری بەردەکەوێت، پۆستی سەرۆک کۆماریش ١٢ خاڵی بۆ دانراوە کە یەکێتی بە ٢١ کورسییەوە ٧,٧ خاڵی ھەیەو ئەو پۆستەی بەرکەوتووە، بزووتنەوەی گۆڕانیش بە ٩ کورسییەوە ٣,٣ خاڵی ھەیەو پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی بەرکەوتووە، کە پێویستی بەپێنج خاڵ ھەیە.
یەکگرتووی ئیسلامی بەچوار کورسییەوە ١,٤ خاڵ و کۆمەڵی ئیسلامیش بەسێ کورسی پەرلەمان ١,٢ خاڵی ھەیە، بەپێی سیستمی ئەژمارکردنی خاڵەکانیش بێت بۆ دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان،  وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بەر یەکگرتوو دەکەوێت، وەزارەتی کاروباری ئافرەتیش بۆ کۆمەڵ دەبێت.
بەڵام ڕێبوار تەھا ئەو دابەشکارییەی بە ناڕاست زانی و رایگەیاند: جگە لە پۆستی سەرۆک کۆمار، وەزارەتێکیش بەر یەکێتی دەکەوێت کە ئەویش وەزارەتی رۆشنبیرییە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085