
ووڵات نێت |
بڕیار وایە بەم نزیكانە حكوومەتی تازەی عێراقی تریلیۆنێك دینار ی مووچە و بودجەی یەك مانگی ھەرێمی كوردستان رەوانە بكات.

بەپێی زانیاریەكانی (باسنیوز)، لەسەرەتای گفتوگۆكانی وەفدی كوردی و عەبادی دواكراوە مووچەی ھەر هەشت مانگی فەرمانبەرانی كوردستان بدرێت، دواتر كراوەتە 2 مووچە، بەڵام عەبادی رازی بووە كە تەنیا مووچە و بودجەی مانگی ئەیلول رەوانە بكات. گوایە پاش رێكەوتن لە سەر ھەناردەكردنی نەوت مووچەكانی تریش دەنێرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشی دەكات كە ئەو پارەیەی كە بەغدا بۆ ھەرێمی كوردستانی دەنێریت نزیكەی تریلۆنێك دینارە.
ئەشواق جاف پەرلەمانتاری پاراتی لە پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند كە بەغدا مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكات، گوتیشی 'وەفدی دانوساندكاری كورد، لەگەڵ حەیدەر عەبادی وا رێكەوتنیان كردوە كە مووچەی فەرمانبەران بنێرێت، دواجار ئەوان رازی بوون بودجە و مووچەی مانگی ئەیلولی ھەرێمی كوردستان بنێرن و بڕیارە بەم نزیكانە بینێرن'.
سەبارەت بە مووچەی مانگەكانی تری فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان، ئەو پەرلەمانتارە، گوتی: دوای ئەوەی بودجە و مووچەی مانگی ئەیلول رەوانە دەكەن، لە ماوەی ھەفتەیەكدا پێویستە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق كۆببنەوە بۆ چارەسەركردنی ھەناردنی نەوت لە رێگەی سۆمۆ، پاش ئەوە مووچەی مانگەكانی تر بۆ فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت.