
ئەمە یەكەمین جار نیە چەكدارانی داعش مەزارگەو شوێنەپیرۆزەكانی ناو عێراق دەتەقێننەوە، پێشتر چەندین مەزارگەی تریان لەموسڵ وێران كرد، كە دواهەمینیان ژمارەیەك پەرستگای ئێزیدییەكان بوو لەقەزای شەنگال لەموسڵ.
سەعید محەمەد، موسڵ: چەكدارانی داعش لەو كاتەی كۆنترۆلی موسڵو بەشێك لەناوچەكانی عێراقیان كردووە دەستیان داوەتە تەقاندنەوەی مزگەوتومەزارگەو حوسێنیەی شیعەكان، لە نوێترین كاریاندا لە گوندی تۆبزاوەی سەر بە ناحیەی بەرتڵە حوسینیەی شیعەكانیان تەقاندەوە.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14 ی پارتی لە موسڵ، سەعید مەمۆزینی رایگەیاند "ئەمرۆ چەكدارانی داعش حوسینیەی شیعەكانیان لە كوندی تۆبزاوە سەر بە ناحیەی بەرتڵە تەقاندەوە".
وتیشی" داعش لە هەر شوێنێك بێت هەر مەزارگەو مزگەوتێك بە ئارەزووی ئەوان نەبێت دەیتەقێننەوە".
ئاماژەی بەوەشكرد" داعش هۆشداری داوەتە پزیشكە ئافرەتەكان هەر كەسێك حیجاب لەبەر نەكات دەیكوژن".
چەكدارانی داعش لەدوای 10 حوزەیران توانیان شاری موسڵو چەند ناوچەیەكی تر لەعێراق كۆنتڕۆڵ بكەنو تائێستا بەدەیان مەزارگەو مزگەوتیان تەقاندۆتەوە.