نوێترین

recent

18/07/2014

ئەفسەر و سەربازانی سوپای عێراق ده‌یانه‌وێت ببنه‌ پێشمه‌رگه‌


بەڕێوبەری گشتیی هۆشیاری و راگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "زیاتر لە ھەزار و 800 سەرباز و ئەفسەر ی جیابووەوە لە سوپای عێراق، داوایانکردووە بێنەڕیزی ھێزەكانی پێشمەرگە".

عەمید ھەڵگورد حیکمەت، بەرێوبەری گشتیی هۆشیاری و راگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە kdp.infoی راگەیاند، " رێنماییمان ھەیە بۆ ئەو ئەفسەر و پلەدار و سەربازانەی لە سوپای عێراق جیا بوونەتەوە، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم". 

 وتیشی: لەئێستادا لە بەرێوبەرایەتیی خۆبەشی لە پارێزگاکان کاریان لەسەر دەکرێت، وەکو قۆناخی یەکەم ناونووس دەکرێن و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکرێت، بۆئەوەی دڵنییا بکرێنەوە و بەڵگەیان پێ بێت و تا بزانین لە چ شوێنێک لە ریزەکانی سوپای عێراق بوون، دواتر لە ریزی ھێزەکانی پێشمەرگەدا رێکبخرێن و ئەرکیان پێ بسپێردرێت.

عەمید ھەڵگورد حیکمەت، ئەوەشی خستەڕوو، " ئەو سەرباز و ئەفسەرانەی داواکارییان پێشکەش کردووە، هەر لە سەربازەوە تا پلەی ئامر لیوا و عەمیدیان تێدا ھەیە."

 بەوتەی عەمید ھەڵگورد حیکمەت، "ئەوانەی کە داوایانکردووە بێنە ناو ریزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم، مەرج نییە ھەموویان پێکەوەبن و لە یەکەکانی ھێزی پێشمەرگە رێکدەخرێن و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەبن."
Picsart-24-02-23-21-31-09-085