نوێترین

recent

18/07/2014

سبەینێ دوا مۆڵەتە بۆ مەسیحیەكانی موسڵ


گروپی چەكداری داعش ئەمڕۆ هەینی ( 18 تەمووزی 2014) لە رێی مینبەری مزگەوتەكانەوە، داوای لە مەسیحیەكانی دانیشتووی شاری موسڵ كرد، یان دەبێت موسڵمان ببن، یان دەبێت سەرانە بدەن یاخود موسڵ چۆڵبكەن، دوا موڵەتیش بۆیان نیوەڕی رۆژی شەممە یە واتە سبەینێ.

سەعید مەموزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14 ی پارتی لە موسڵ، بە خەندانی راگەیاند، "ئەمڕۆ داعش لە رێی مامۆستایانی ئاینی لە مزگەوتەكانەوە هاوڵاتیانی ئاگادار كردەوە لەوەی كە دەبێت مەسیحییەكانی دانیشتووی شاری موسڵ ببنە ئیسلام یان شارەكە چۆڵ بكەن یان سەرانە ( جزیە) بدەن لەبەرامبەر دانیشتنیان لەسایەی خەلافی دەوڵەتی ئیسلامی".

وتیشی: دوا وادە  بۆ جێبەجێ كردنی ئەم بڕیارە، نیوەڕۆی رۆژی شەممە واتە، ( سبەینێ) یە.

سەعید مەموزینی، ئەوەشی خستەڕوو كە، "داعش بڕی 250 دۆلاری وەك جزیە لەبەرامبەر مانەوەی ئەو خێزانە مەسیحییانە لە موسڵ دیاریی كردووە بۆ ساڵێك"، وتیشی: دوابەدوای بڕیارەكەی داعش خێزانە مەسیحیەكانی دەستیان بە چۆڵكردنی ماڵەكانیان كردووە.

سەعید مەموزینی، رایگەیاند، " هەر بەبیستنی بڕیارەكە، زیاتر لە 20 ماڵی مەسیحی ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە و ژمارەی ئەو خێزانانە زیاتریش دەبێت هەتا ئەوكاتەی كە داعش بۆی دیاریی كردوون وەك دوا وادە"، دەشڵێت: داعش رێگریی دەكات لەوەی ئەو خێزانە مەسیحیانە هیچ كەلوپەلێكی خۆیان ببەن كاتێك كە موسڵ چۆڵدەكەن.

هاوكات بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی CNN ، داعش نامەیەكی هەڕەشە ئامێزی ئاراستەی سەرجەم مەسیحیەكانی موسڵ كردووە و سەركردە مەسیحیەكانی لەو هەڕەشانە ئاگادار كردۆتەوە،

لەبەیاننامەكەی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا هاتووە، "یان ئەوەتا مەسیحیەكان دێنە ناو ئیسلامەوە یان سەرانە (جزیە) دەدەن یان دەبێت شارەكە چۆڵبكەن ئەگەرنا ئەوا بە شمشێر لەگەردنیان دەدرێت".

هەر لەبەیاننامەكەی داعشدا هاتووە، " ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی دەوڵەتی ئیسلامی رەزامەندی پیشانداوە لەسەر ئەوانەی موسڵمان نابن سەرانە بدەن یان خۆیان شارەكە جێبێڵن"، دوا وادەش بۆ ئەو ئاگادارییە " نیوەڕۆی رۆژی شەممە ( واتە سبەینێ) یە، دواتر بەشمشێر چارەنووسی مەسیحیەكان یەكلایی دەكرێتەوە".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085