
وابڕیارە سبەی شەممە جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بگەڕێتەوە ھەرێمی کوردستان ئەمەش دوای ئەوەی بەھۆی نەخۆشیيەوە زیاتر لە ساڵێکە لە نەخۆشخانەيەکی وڵاتی ئەڵمانیایە و ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەمبارەیەوە دەڵێت 'ھاتنەوەی تاڵەبانی بۆ یەکێتی و کوردستان گرنگی خۆی ھەیە'.
پشتیوان سادق ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە گەڕانەوەی تاڵەبانی بۆ ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا راگەیاند 'بەھاتنەوەی تاڵەبانی ئینجا بەھەر شێوەیەک بێت ئەگەر ئەو نەشتوانێت لەکاری سیاسی بەشدار بێت بەڵام ھاتنەوەکەی خۆی لە خۆیدا لەرووی مەعنەویە گرنگە، ئەم گرنگییەش تەنیا بۆ یەکێتی نییە سەبارەت بە کوردستانیش گرنگی خۆی ھەیە' گوتیشی 'ھەرچەندە نازانرێت کە توانای ئەو لەرووی تەندروستییەوە چەندە بۆ ئەوەی لەبواری سیاسیەت کاربکات ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ خودی خۆی و هیواخوازین بە لەشساغی تەواوەوە بگەڕێتەوە'.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە راگەیاندنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاماژەی پێدەکرێـت وابڕیارە سبەی شەممە لە مەراسیمێکی تایبەت بە بۆنەی گەڕانەوەی تاڵەبانی لەشاری سلێمانی سازبکرێت، سەبارەت بە بەبانگێشتکردن و ئاگاداری سەرکردایەتی پارتی لەمبارەیەوە پشتیوان سادق گوتی 'من ئاگادار نیم بەڵام بێگومان بارزانی لەھەموو ھەنگاوەکان ئاگادارە'.