
كۆمیسێری باڵای پەنابەرانی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان ستایشی رۆڵی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی سووریا و عێراق ئاماژه بهوهش دهدات كه هەرێمى كوردستان لە سەقامگیرترین شوێنەكانیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
ماڵپەڕی فهرمى سەرۆكایەتیی هەرێمى كوردستان، بڵاویكردوهتهوه كه ئهمڕۆ پێنجشهممه مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازی لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرز كۆمیسێری باڵای پەنابەرانی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كردهوه.
لە دیدارەكەدا كۆمیسێری باڵای پەنابەران ستایشی رۆڵی سەرۆكى ههرێمى كوردستان و حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانی كردوه بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی سووریا و عێراق كە بەهۆی شەڕ و نەبوونی سەقامگیری روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
كۆمیسێری باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاندووه كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگاداری هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان بێت لە یارمەتیدانی خەڵكی ئاوارە و لێقەوماوان، هێماشی بۆ ئهوه كردوه كە هەرچەندە بەغدا بەهۆی بڕینی بودجەی هەرێم بەربەستێكی گەورەی بۆ هەرێم دروست كردووە و گوشارێكی زۆر لەسەر كوردستانە، بەڵام ئەوەی هەرێمی كوردستان لە یارمەتیدان و حەواندنەوەی ئاوارەكان كردوویەتی جێگەی ڕێز و پێزانینێكی زۆرە و ئامادەیی خۆیشیانی ڕاگەیاندوه بۆ ئەوەی بە هەموو توانەیەك یارمەتیی حكوومەتی هەرێم بدەن و وڵاتانی جیهانیش لەم بەخشندەییەی هەرێمی كوردستان ئاگادار بكەنەوە و هانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەدەن كە یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن.
ئانتۆنیۆ گۆتێرز لە درێژەی قسەكانیدا گووتوشیهتى ’هەرێمی كوردستان پێگە و ناوبانگێكی زۆر باشی لە ناوەندە جیهانییەكان بەدەستهێناوە و یەكێكە لە سەقامگیرترین شوێنەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگەی ئومێدی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانە’.
لەبەرانبەردا سەرۆكى ههرێمى كوردستان، وێراى جهختكردنهوه له هاوكاریهكانى ههرێمى كوردستان بۆ ئاوارهكان، شاندی میوانیشی لەوە دڵنیا كردووهتهوه كە دەرگە و سنوور و دڵی خەڵكی كوردستان بەڕووی هەموو مرۆڤێكی ئاوارە و لێقەوماو كراوەیە.
ههروهها باسكردنی ڕووداوەكانی موسڵ و هەڕەشەی تیرۆریستان و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و بارودۆخی ئەمنیی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بووه.