نوێترین

recent

16/07/2014

مالیكی : داوای پۆستی جێگری یه‌كه‌می كۆمار ئه‌كات

سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند کە نوری مالیکی سەرۆک وەزیران عێراق رازیبووە بە دەست هەڵگرتن لە سێبارە بوونەوە بە سەرۆک وەزیران و لەبری ئەوە پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری عێراق وەردەگرێت.
دەزگا میدیاییە عێراقییەکان لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویان کردەوە، کە لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان، لایەنەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان لەیەکتری نزیکبوونەتەوە. بە پێی گوتەی ئەو سەرچاوانە بەرهەم ساڵح زۆرترین چانسی هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، بەڵام بەهۆی دژایەتی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەگەری وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن نەجمەدین کەریم لە ئارادایە. پەرلەمانی عێراقیش سێ رۆژی وەک دوا وادە بۆ پێشکەشکردنی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی کۆمار دیاری کردووە.
ئەو سەرچاوانە گوتوویانە ’دەوڵەتی یاسا زۆرترین پۆستەکان بۆخۆی دەبات و لە دەستگرتنی بەسەر حکومەتی عێراقی بەردەوام دەبێت، جێگری سەرۆک کۆمار و جێگری سەرۆک پەرلەمان و سەرۆکایەتی حکومەت و فەرماندەی باڵای هێزە سەربازییەکانیان لەدەست دەبێت، دیارترین کاندیدیش بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانە حوسێن شەهرستانییە’. ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەشکردووە شەهرستانی لەوانەیە دووچاری دژایەتی لایەنە کوردییەکان ببێتەوە، چونکە پەیوەندییەکی خراپی لەگەڵ کورد هەیە، جگە لەوەش لەناوخۆی حیزبی دەعوە دژایەتی دەکرێت، بەهۆی ئەوەی کە ئەندامی ئەو حیزبە نییە.
سەرچاوەکان باس لەوەش دەکەن، پۆستی وەزارەتی دەرەوە دەدرێتە عەرەبی سونە و هوشیار زێباریش دەبێتە جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق. لەبارەی پۆستی جگری سەرۆکی حکومەتی عێراق لە بەشی شیعەکان ئەو سەرچاوانە دەڵێن کشانەوەی هومام حەمودی لە خۆهەڵبژاردنی بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بەهۆی ئەوەبووە کە جێگری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەدرێتە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، دوای ئەوەی موقتەدا سەدری رابەری رەوتی سەدر ئەو پۆستەی داواتە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی. رەوتی سەدریش دەست دەگرێتەوە بە وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان وەکو پێشوو.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085