حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی و دابینکردنی ئاوی خاوێن، سێ پڕۆژەی ستراتیژیی گەورە لە ناوچەکانی سۆران، خەبات و کەلار جێبەجێ دەکات، کە تێچووی گشتییان دەگاتە زیاتر لە 500 ملیار دینار.
ئەمڕۆ ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان به پایتهخت میدیای ڕاگەیاند، بە ڕەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی سێ پڕۆژەی ستراتیژیی ئاو دەستی پێ کردووە. ئەم پڕۆژانە بەشێکن لە پلانی حکومەت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ شار و شارۆچکەکان و ڕێگریکردن لە قەیرانی بێئاوی لە داهاتوودا.
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی كوردستان پایتهخت ئاشكرای كرد، پڕۆژەی ئاوی کەلار بە توانای 5000 مەتر سێجا لە كاتژمێرێكدا و بە گوژمەی 150 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت. هەروەها پڕۆژەی ئاوی سۆران بە توانای 3000 مەتر سێجا لە كاتژمێرێكدا و بە گوژمەی 157 ملیار دینار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ناوبراو ئهوهشی بۆ پایتهخت میدیا خستهڕوو، پڕۆژەی سێیەمیش تایبەتە بە قەزای خەبات و گوندەکانی دەوروبەری کە زیاتر لە 40 گوند و ناحیەکانی تۆپزاوا و کەورگۆسک دەگرێتەوە، توانای ئەم پڕۆژەیە 4000 مەتر سێجا ئاوە لە كاتژمێرێكدا و تۆڕێکی ئاو بە درێژایی 250 کیلۆمەتر لە خۆ دەگرێت.
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا لە قۆناغی ئامادەکردنی تەندەر و دۆکیومێنتەکاندان و لە ماوەیەکی نزیکدا تەندەرەکان ڕادەگەیەنرێن، دوای دیاریکردنی کۆمپانیاکانیش، ڕاستەوخۆ دەست بە کارەکان دەکرێت.
ئەم پڕۆژانە لە کاتێکدا جێبەجێ دەکرێن کە بەشێک لەم ناوچانە لە وەرزە جیاوازەکاندا ڕووبەڕووی کەمیی ئاوی خاوێن دەبنەوە و تەواوبوونی ئەم پڕۆژانە دەبێتە هۆی دابینکردنی ئاو بۆ هەزاران خێزان لە هەرێمی کوردستاندا.
