ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا پێشوازی لە درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن و داوای "تێکەڵبوونی ئاشتییانە"ـی رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی کانوونی دووەمی 2026، هەریەکە لە ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا؛ ئیڤێت کوپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا؛ سێراپ گولەر، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، دوای کۆبوونەوەیان راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی دۆخی سووریا بڵاوکردەوە.
ئاگربەست و رەوشی مرۆیی
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو چوار وڵاتە پێشوازی لە بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و هەسەدە بۆ 15 رۆژ دەکەن، کە رۆژی 24ـی ئەم مانگە درێژکرایەوە.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بە تەواوی پابەندی ئاگربەستەکە بن و داوا لە لایەنە دەرەکییەکانیش دەکەین بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بێنە پاڵمان."
سەبارەت بە دۆخی مرۆیی، وڵاتانی رۆژئاوا جەخت لە پێویستی کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی دەکەنەوە و دەڵێن: "پێویستە ئەو رێڕەوانە بپارێزرێن و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە شاری کۆبانێ دەستپێبکەنەوە."
چارەسەری سیاسی و گەڕانەوە بۆ سەر دیمەشق
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی 18ـی مانگ لەنێوان هەسەدە و دیمەشق کراوەتەوە.
ئەو چوار وڵاتە داوا دەکەن بە خێرایی گفتوگۆکان دەستپێبکەنەوە بە ئامانجی "تێکەڵبوونی ئاشتییانە و بەردەوامی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوو و خاوەن سەروەری."
لەبارەی تێکەڵبوونی هەسەدە و سوپای سووریا، چوار وڵاتەکە دەڵێن، دەبێت "بەشێوەیەکی کاریگەر مافی هەموو هاووڵاتییان بپارێزێ."
مەترسیی داعش و رۆڵی هەرێمی کوردستان
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە مەترسییەکانی داعش کراوە. وڵاتانی رۆژئاوا هۆشداری دەدەن لە دروستبوونی هەر جۆرە بۆشاییەکی ئەمنی لە دەوروبەری گرتووخانەکانی داعش و بڕیاریانداوە بە خێرایی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەنجام بدەن.
لەو چوارچێوەیەدا، ستایشی رۆڵی هاوبەشەکانیان کردووە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و بە دیاریکراوی ناوی "هەرێمی کوردستان، عێراق، حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات"ـیان هێناوە کە رۆڵی گرنگیان لەو پرۆسەیەدا هەبووە.
