
کەمتیاری سیاسی
د. ئەمیر حسێن
هەر لە کۆنەوە فەیلەسوف و
بیرمەندان زۆرجار ئاژەڵیان وەکو ڕەمز لە
وێناکردنەوە و پێشاندانی ڕەهەندی جۆراو جۆری مرۆیدا بەکارهێناوە ، هەندێک جار بۆ
ڕونکردنەوەی مەبەست و بیرۆکەکانیان و زۆر جاریش بۆ بەراوردکردن بە نمونە :
سوکرات - لە ڕونکردنەوەی حیکمەتەکانیدا، پرسیار بەرامبەر کاردانەوەی مرۆڤ
دەکات کاتێک کەر لوشکەی لێدەدات .
پلاتۆن - لە کۆماردا مرۆڤ وەکو گورگ وێنادەکات کاتێک لە دادپەروەری
دادەماڵرێ .
نیچە - پەنا بۆ هەڵۆو گیسک دەبات لە پێناو خستنەڕوی دوانەی سەردارو کۆیلە لە
دیاریکردنی سەرچاوەی ئەخلاقدا .
لە چوارچێوەی ئەم کۆنتێکستەدا
دەکرێ کەمتیار لە بونەوەرێکی بایۆلۆژیەوە وەک سیمبولێک بگوازینەوە نێو جیهانی
فەلسەفە ، بەمەبەستی تیۆریزەکردنی لە ڕەهەندی عەقڵگەرایی و شڕۆڤەکردنی بە نەشتەری لۆژیک، هەوڵبدەین
ڕەوشت و هەڵوێستە نامۆ و تایبەتەکانی بخەینە ژێر پرسیار، بە ئامانجی ئاشکراکردنی
ڕەفتارەکانی کەسایەتی مرۆڤی کەمتیار لە ڕوی هەڵوێستی هەلپەرستانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی
.
کەمتیار ئەگەرچی ئاژەڵێکی دڕندەی
ناشیرینی ڕەوشت بێزراوە، هەمیشە لە پشتەوە پەلامار دەدات و زۆر جار خیانەت لە
هاوڕێکانی دەکا ، زیاتر لەسەر پاشماوەی ئەو نێچیرانە دەژی ئەوانیتر ڕاویان دەکەن ،
هەر بۆیە بە زۆری لەو ناوچانە دەژی شێرو پڵنگ ڕاوی تێدادەکەن ، بەڵام لەگەڵ
ئەمانەشدا کەمتیار ئاژەڵێکی تاکتیکی زیرەکە ، هەرگیز ڕاستەوخۆ ناچێتە شەڕو ڕوبەڕوبونەوە
، سەرکێشی بە هێزو توانای جەستەیەوە ناکات ، ناچێتە شەڕی نابەرابەرەوە کە ئەنجامەکەی مسۆگەر
نەبێت ، هەر بۆیە کەمتر خۆی ڕاوی نێچیری زیندو دەکات ، بەڵام تواناو نەفەسێکی درێژی لە چاوەڕوانی هەیە ، چاودێری
نێچیرەکەی دەکات تا بەتەواوی ماندوو شەکەت دەبێ یان لەلایەن ئاژەڵێکی ترەوە ڕاو
دەکرێ ، ئەوجار پەلامار دەدات ، ئەگەرچی ئەم ستراتیژیە ترسنۆکانە خۆ دەنوێنێ بەڵام
لە ڕاستیدا جۆرێکە لە ئەوپەڕی هەڵوێستی پراگماتیکیانە
، خۆی لە دواخستنی پەلاماردا دەبینێتەوە تا کاتی گونجاو .
ئەم فۆڕمە لە عەقڵی کەمتیاری لە
نێو سروشتی سیاسی و ڕەوشی کۆمەڵایەتی
هەندێک مرۆڤدا زۆر جار دوبارە دەبێتەوە ، تەنانەت هەندێک گروپ و کۆمەڵە ئەم
ستراتیژە لە بەرامبەر نەیارەکانیان یان لە یەکلاکردنەوەی ململانێ کاندا پەیڕەو
دەکەن ، لێرەوە ئیتر کەمتیار وەک ڕەمز سروشتە ئاژەڵیەکەی لەدەست دەدات و پەلدەهاوێتە ناو
بیرکردنەوەی سیاسی .
-
ماکیاڤیلی لە ( میر) دا
پێیوایە سەرکردەی سیاسی زیرەک ئەوکەسەنیە بچێتە شەڕی ئاشکراو ڕاستەوخۆوە ، بەڵکو ئەوکەسەیە
بزانێ دەرفەت بقۆزێتەوە لە کاتێکدا نەیارەکەی شەکەت و ماندوبوە ، بۆیە دەڵێت :
هەلپەرستەکان هەرگیز لە ڕووبەڕووبونەوەی ڕاستەوخۆدا سەرکەوتونابن، بەڵکو بەردەوام
سود لە لاوازی نەیارەکانیان وەردەگرن .
-
هۆبز لە ( لیڤیاتان ) دا وای
دەبینێ سروشتی مرۆڤ جەنگی هەموانە لەگەڵ هەموان ، بۆیە ڕەوایەتی دەدات بە
هەڵخەڵەتاندن و هەلپەرستی وەکو ئامڕازی خۆ پاراستن و مانەوە ، لێرەدا کەمتیار
وێنەی مرۆڤی سروشتی هۆبزیە ، کاتێک دەڵێت : مرۆڤ گورگی مرۆڤە .
-
نیچە جیاوازی دەکات لە
نێوان دووجۆر ئەخلاق ( ئەخلاقی سەردار لەسەر بنەمای هێز دامەزراوەو و ئەخلاقی
کۆیلە لەسەر فێڵ و تەڵەکە دامەزراوە ) ئاشکرایە دوەمیان دەچێتەوە سەر ئەخلاقی
کەمتیار .
-
کارل سمیث سیاسەت
دەبەستێتەوە بە جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمن ( کەمتیاری سیاسی) خۆی بۆ دوژمنەکەی
ئاشکرا ناکات ، بەڵکو وەک هاوپەیمان و ڕزگارکەر خۆی دەنوێنێ و چاوەڕێدەکات تا
دوژمنەکەی لاواز دەبێ .
ئەم جۆرە بیرکردنەوانە دەچنەوە سەر عەقڵیەتی کەمتیاری
لەلای ڕۆبرت گرین کاتێک بە ستراتیژی چاوەڕوانکردن ناویان دەبات بۆیە لە یاساکانی
هێزدا تیۆریزەی کردوەو دەڵێت : دەرفەت بدە ئەوانیتر بەتەواوی خۆیان شەکەت و ماندو
بکەن ، دواتر تۆ بەسێنایی بەری ڕەنج و ماندوبونی ئەوان بچنەوە ، هەر بۆیە ئەم
فۆڕمە لە ئەخلاقی هەلپەرستانە ، لە فەزیلەتەکانی ئەرستۆدا ، بەتایبەت کاتێک بنەما
سەرەکیەکانی ئەخلاق دەگێڕێتەوە سەر ئازایەتی و ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ ، لە (
زانستی ئەخلاق بۆ نیقۆماخۆس ) دا ،
کەمتیار وەک هێمای لادان لە ئازایەتی و کەرامەت خۆی دەنوێنێ ، بەڵام لە دیدی براگماتیانەی
ماکیاڤیلی و هۆبزدا ، کەمتیار شەڕانگێزو دڕندە نیە ، بەڵکو بەشێکە لە غەریزەی
سروشتی لە پێناو مانەوە ، بەلای نیچەوە کەمتیار ڕاستگۆیە لەگەڵ سروشتی بیرکردنەوەی
کۆیلە ، بەڵام هەرگیز توانای نیە وەک سەردار داهێنەرو بەهێزبێت .
لە کۆتایدا "کاراکتەرو کەسایەتی
کەمتیاری" تەنیا وەسفێکی بایۆلۆژی ئەبستراکت نییە ، بەڵکو مێتافۆرێکی فەلسەفی
- سیاسییە ، فۆڕمێکی نەخۆشی دەروونی ئاشکرا دەکات بە درێژایی مێژوو دووبارە دەبێتەوە
: عەقڵیەتێک لە پەراوێزی ململانێکاندا دەژی و خۆی حەشار دەدات ، شارەزا لە هونەری چاوەڕوانی
و تاکتیکی چاودێری ، خاڵی لاوازی ئەوانی دیکە دەگۆڕێت بۆ سەرچاوەی هێزی خۆی . تێگەیشتن
لەم جۆرە عەقڵیەتە سەرەتای وانەیەکە لە ئاشکراکردنی فێڵبازی لەپێناو مانەوە ،
ئەمەش جۆرێک لە هۆشدارییە بەرامبەر مەترسیەکی ڕاستەقینە ، کاتێک هەلپەرستی دەبێتە
خواستێکی ڕەواو یاسایەکی گشتی ، لێرەوە مەترسیەکی قوڵ خۆی مەڵاس دەدات لەسەر
پاراستن و بەردەوامی متمانە یان داماڵینی دادپەروەری لە کۆمەڵگای مرۆیی لەم سەردەمەدا
.