
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە ئامادەباشییەکی بەرزدایە لە پێشبینی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر چۆڵکردنی ژمارەیەک لە کارمەندەکانی لە عێراق، هاوکات وەزارەتی بەرگری مۆڵەتی بە ئەندامانی خێزانە سەربازییەکان داوە کە خۆبەخشانە شوێنە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێبهێڵن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرجەم باڵیۆزخانەکانی نزیک لە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و باکوری ئەفریقای ڕاسپاردووە بۆ پێکهێنانی لیژنەی فریاگوزاری و ڕاپۆرتی بەپەلە بۆ واشنتۆن سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی کەمکردنەوەی مەترسییەکان بنێرن.
ئەم کارە وایکرد مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە بڕیارێک دەربکات کە ڕێگە بە ستافی ناپێویست بدات باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بەجێبهێڵن.
ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە، کە داوای کرد ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە کە وەزارەتەکە "بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستی گونجاو بۆ کارمەندانی باڵیۆزخانە جیاوازەکان دەکات، و بە پشتبەستن بە دوایین شیکاریمان، بڕیارمان داوە قەبارەی نوێنەرایەتی دیپلۆماسیمان لە عێراق کەم بکەینەوە".
بەرپرسێکی پنتاگۆن ڕایگەیاند، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر "ڕۆیشتنی خۆبەخشانە" خێزانە سەربازییەکان لە چەندین دامەزراوەی سەربازی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا کە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە نزیکەوە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و هاوپەیمانەکانی واشنتۆن دەکات بۆ دڵنیابوون لە ئامادەیی بەردەوام بۆ ئەنجامدانی ئەرکی جۆراوجۆر لە هەر کاتێکدا.
دیپلۆماتکارێکی باڵای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند "بە نیگەرانییەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین، پێمان وایە مەترسیدارترە لەوەی پێشتر بووە".
بەرزبوونەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ هیوایەکی کەمی بۆ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەربڕیوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار بکات و ڕێگری بکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی کە ئەگەری کارەساتبار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت.
دۆناڵد ترەمپ بە ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ڕاگەیاندووە، ئێستا متمانەم کەمترە لەچاو دوو مانگ لەمەوبەر. "شتێک بەسەریان هاتووە، بەڵام زۆر کەمتر متمانەم بەوە هەیە کە دەتوانرێت گرێبەستێک بکرێت".
لە چەند مانگی ڕابردوودا، بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریکا زیاتر نیگەران بوون لە ئەگەری دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەبێ ڕەزامەندی ئەمریکا. هەنگاوێکی لەم شێوەیە نزیکە بە دڵنیاییەوە دانوستانە ئەتۆمییە هەستیارەکانی ئیدارەی ترەمپ لە ڕێڕەو دەربهێنێت و ئێرانیش بە ئامانجگرتنی سەروەت و سامانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا تۆڵەسەندنەوە بکاتەوە.
تاران لە مێژە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا وەک گەورەترین پشتیوانی سەربازی و سیاسی ئیسرائیل، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، تووشی لێکەوتەکانی دەبێت.