
هۆشیار عەبدوڵڵا : ئاشی نەزان و ئەتەکێتی کۆبونەوەکانیان!
١.ئەو قسەیەی وەزیری دارایی ماوەبەسەرچوو کە دەڵێت بۆ مووچەی مانگی داهاتوو «بەتەمای خواین» باشترین دانپێدانانە بەو ڕاستیەی کە کابینەی نۆ ی ناشەرعی؛ «ئاشی نەزانە و خوا دەیگێڕێ»!
٢.کەناڵێ ئاڤا تەلەفونی بۆ وەفدی دانوستانی پارتی کردووە پێی گوتوون ئادەی هەر ئێستا بێ دواکەوتن هەموو زانیارییەکانی کۆبونەوەتان لەگەڵ یەکێتی بە پەلە بنێرن بۆمان، دەستبەجێ هەموو وەرەقەکانیان بە جانتاکەوە بۆ ناردوون و لیستی داواکانی یەکێتیشیان بۆ دیاریکردوون و پێشیان گووتون کۆبوونەوەکەمان چل دەقە و چواردە سانیەی خایاندووە!
وا بڕیارە وەفدی یەکێتی ئەمجارە لە جیاتی پارتی لەگەڵ ئاڤا کۆببێتەوە و وەڵامی داواکانیان لەوان وەرگرنەوە!
ئەتەکێتی سیاسیی پارتی هۆرەی گەرەکە و قبوڵکردنی ئەو ئیهانەیەش لە لایەن یەکێتییەوە چاوەزاری پێوەکەن باشە!
٣.بانکی ناوەندی عێراقی بریاریداوە لێدوانی « لەسەدا پەنجای پارەی چاپکراوی عێراق لە سلێمانییە» وەک گەورەترین فشەی ساڵ خەڵات بکات!
٤.مامەڵەی سەرچڵانە بە غازی هەرێمەوە وەک سوتاندنی ئایندە وایە بە بیانوی گەرمکردنەوەی ئێستاوە، سەرمایەی نەوەکانی داهاتوو هەر وەک نەوتەکە بەفیڕۆ دەدرێت کاتێک چاوچنۆکی جێگەی دانایی دەگرێتەوە!
دەسەڵاتدارانی ئێستای هەرێم نەک نەوت و غاز هەموو خاک و خەڵکی هەرێم لە پێناوی مانەوەی خۆیاندا دەفرۆشن!
من دژی فرۆشتنی نەوت و غاز نیم بۆ بونیادنانی خەڵک و خاکی نیشتیمان، دژم کاتێک داهاتەکەی تەنها بۆ کوڕی بنەماڵەکان دەبێتە ئۆتۆمبێل و ئەسپی جوان!