
یەکێتی ر گۆڕان دەنێرێتەوە ماڵەوە
پۆستە حکومییەکانی گۆڕان داواکاریان لەسەرە
دوای ئەوەی ڕێکخەری گشتی ـ نوێی ــ بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، بزووتنەوەكە لە حکومەت و کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە شیوەیەکی گشتی دەکشێتەوە، تیمی حکومی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان داوای ١٤٣ پۆست لە بزووتنەوەکە دەکاتەوە .
بە پێی زانیارییەکان، بزووتنەوەی گۆڕان لە بەڕێوەبەری گشتی، ڕاوێژکار، بەرپرسی فەرمانگە و بەڕێوەبەری ناحیە، قائیمقام و بەڕێوەبەری پەروەردە لە سنووری سلێمانی بە ئیدارە سەربەخۆکان خاوەنی ١٤٣ پۆستە و بەهۆکاری بڕیاری کشانەوەیان یەکێتی داوای ئەو پۆستانە دەکاتەوە .
بە پێی زانیارییەکانی تیوار، تیمی حکومی یەکێتی شوێنگرەوەی بۆ پۆستەکانی گۆڕان داناوە و دواین هۆشداریش هەفتەی پيشوو بووە، کە گوتویانە؛ ئەگەر تا دوو هەفتە پۆستەکان جێ نەهێڵن، ناچارن ڕێگری لە چوونە سەر کاری ئەو بەرپرسانەی گۆڕان بکەن .
تیوار زانیویەتی؛ تا ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان نامەی فەرمی دەست لەکارکیشانەوەی وەزیرەکانی نەداوەتە سەرۆک وەزیران و ئەوەی پيشکەشی کردووە، تەنها داواکاری بەخشین بووە لەو پۆستە وەزاریانەی لایانە .
دوای جیابوونەوەی باڵی عومەری سەید عەلی لە کوڕانی نەوشیروان مستەفا و دانانی دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری نوێی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕێکخەری نوێ بڕیاری کشانەوەی تیمی گۆڕانی لە حکومەت درکرد، دوا بە دوای ئەوە بەشیکی زۆری بەرپرسەکانی گۆڕان لە حکومەت و حکومەتە خۆجێیەکان کشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند، جگە لە دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە لەسەر پشکی گۆڕان.
بەڵام بە پێی زانیارییەکان، تیمی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەت دوای ئەوەی لە هەڵبژداردنی ٢٠ـی ئۆکتۆبەر توانیان تەنیا یەک کورسی پەڕلەمان بەدەستبهێنن، زۆربەی زۆری بەرپرسە حکومییەکانی بزووتنەوەکە لە بڕیارەکەیان پاشگەزبوونەوە و چوونەوە سەر کارەکانیان، بە وەزیری ئابووریشەوە کە بریاری دابوو دەستلەکار بکێشێتەوە.
بە پێی زانیارییەکانی تیوار، لە ئێستادا یەکێتی داوای ئەو پۆستانە دەکاتەوە، کە پیشتر بە ڕێککەوتن لە نێوان یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان لە سنووری پارێزگای سلێمانی یەکلایی کرابوونەوە.