ەکۆبوونەوەی ڕۆژی پێنج شەممەی پەرلەمانی عێراق کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، لە پشت پەردەوە کۆمەڵێك ڕووداو ڕوویانداوە کە شارپرێس وردەکارییەکەی ئاشکرادەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی شارپرێس کە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار دەستیکەوتووە، سوننەکان بە تەواوی لە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان توڕەن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە کۆبوونەوەی پێشووتری پەرلەمان ناوبراو پاسەوانە شەخسییەکانی بۆ نێو هۆڵی پەرلەمان بردووە و لەگەڵ پەرلەمانتارانی سوننە ڕوبەڕوبونەوە لەنێوانیاندا ڕوویداوە.
سوننەکان لە کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنج شەممە داوایانکردووە شاخەوان عەبدوڵڵا بەشداریی لە کۆبوونەوەکە نەکات، داواکارییەکەیان بە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق داوە و ئەویش پەیوەندیی بە مەسعود بارزانییەوە کردووە و لە دۆخەکە ئاگاداری کردووەتەوە و وتویەتی، سوننەکان لەشاخەوان عەبدوڵڵا توڕەن و ئەگەربێتو بەشداریی لە کۆبوونەوەکە بکات دۆخەکە بە تەواوی تێکدەچێت، بارزانیش داوای لە شاخەوان عەبدوڵڵا کردووە بەشداریی لە کۆبوونەوەکە نەکات.
وەك سەرچاوەکەی شارپرێس وتی، سوننەکان داوای دەستگیرکردنی پاسەوانە تایبەتییەکانی شاخەوان عەبدوڵڵا دەکەن، کە کۆبوونەوەی پێشووتر چوونەتە نێو هۆڵی پەرلەمان و بەشێک بوون لە گرژییەکە، لەبەرامبەردا مەسعود بارزانی داوایکردووە ئەو پاسەوانانە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
ئەگەری گۆڕینی شاخەوان عەبدوڵڵا لە پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەلایەن پارتییەوە یەکێکە لە ئەگەرە بەهێزەکان، بەو پێیەی سوننەکان بە توندی دژی ناوبراو دەوەستنەوە ئەگەر لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی پەرلەمان بەشداریی بکات.
بە ماوەیەکی کەم بەر لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی پێنج شەممە هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، عەدنان فەیحان پارێزگاری بابل، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە و ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە نوسینگەکەی شاخەوان عەبدوڵڵا کۆبوونەتەوە و داوایان لە ناوبراو کردووە بەشداریی لەو کۆبوونەوەیە نەکات.
لەپاش کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان هادی عامری ڕایگەیاند، سوپاسی مەسعود بارزانی دەكەم، وایكرد پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان سەركەوتوو بێت، ئەوەش وەك ئاماژەیەک بۆ ئەوەی بارزانی داوای لە شاخەوان عەبدوڵڵا کرد بەشداریی لە کۆبوونەوەکە نەکات.
