نوێترین

recent

05/10/2024

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی پەیامێكی توند بۆ یەکێتی ئەنێرن.

 


بەناوی خوای گەورە ومیهرەبان

خانەنشینان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان! 

ئاشکرای هەموو لایەکە، کە دەسەڵاتی تاڵانکار و خۆسەپێن، لە ماوەی سی و سێ ساڵ حوکمڕانییاندا ستەمێک نەماوە بەرامبەر خەڵک و خاکمان نەیانکردبێت، یاسایەک نەماوە بۆ بەرژەوەندیی پاوانخوازیی خۆیان  پێشێلییان نەکردبێت. ئێستاش، کە لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنداین، حەق وایە هیچ نەبێ ئەم چەند ڕۆژە لە درۆ و چەواشەکاریی و چەوساندنەوەی مووچەخۆر و خەڵکی بەشمەینەت خۆیان بەدووربگرن. بەڵام بەداخەوە ڕابردووی ناشیرینیان نەبووەتە وانە و پەند بۆیان و هێشتاش هەر خەریکی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکن و بەدوای تۆپینی خۆیان و زیانی خاوەنەکانیانەوەن.


پاش ١٥٠ ڕۆژ خەباتی ساڵی ڕابردووی مامۆستایان و فەرمانبەران و هەوڵی چەند کەسایەتی و لایەنێکی بەهەڵوێست، بڕیاری دادگای فیدراڵی لەدایکبوو، کە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان بڕیاری بەنیشتیمانیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە دەرکرد. بەڵام دەسەڵاتی هەرێم تا ئێستا نەچووەتە ژێر باری ئەو بڕیارە و لەبەرامبەریشدا هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ بۆ سەپاندنی پڕۆژەی "هەژماری من" بەسەر مووچەخۆراندا، کە پڕۆژەیەکی تاڵانکاریی بنەماڵەییە و زیان نەبێت هیچ سوودێکی بۆ مووچەخۆرانی کوردستان نییە. هاوکات ڕێگایەکی تری دزیکردنە لە خەڵک و گیرفانی نەگریسی خۆیانی پێ پڕدەکەن.


لە ئێستادا و دوای نزیکەی ٨ مانگ لە دەرچوونی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و حیزبەکەی، بەردەوامن لە سەپاندنی هەژماری من. لەبەرامبەریشدا جێگری سەرۆکی حکومەت و حیزبەکەی خەریکی یارییەکی ناشیرینن لەگەڵ مووچەخۆراندا؛ بە زارەکی و ئاشکرا دژی هەژماری من دەوەستنەوە و بە نهێنی کار بۆ سەرخستنی دەکەن. کۆتا هەوڵی نەزۆکیشیان بەزۆر ناچارکردنی خانەنشینانە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من. ئەمەش وایکردووە ئەو حیزبەی، کە هێزی یەکەمی ئەم سنوورەیە بخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی و ئاگاداریبکەینەوە دەست لەم جۆرە سیاسەتکردنە هەڵگرێت و بۆ یەکجاریش بێت لەگەڵ خۆیان و خەڵک ڕاستگۆبن، لە جیاتی ناردنی بلدۆزەر بۆ هەولێر، ئامێرەکانی ATM لە سلێمانی تێکبشکێنن، یاخود ڕاستگۆیانە دژی سەپاندنی پڕۆژەی هەژماری من بەسەر مووچەخۆرانی زۆنەکەیدا بوەستنەوە و چیتر لەڕێگەی چەواشەکارییەوە کار لەسەر گەوجاندنی خەڵک نەکەن.


لە هەمان کاتیشدا و لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی، داوا لە تەواوی مووچەخۆران دەکەین، کە بە هیچ شێوەیەک ئەو فۆڕمە پڕنەکەنەوە، لە سۆشیاڵ میدیا و هەر شوێنێک توانایان هەیە دژی بوەستنەوە و ڕەتیکەنەوە. دڵنیاییش بە هەموولایەک دەدەین، ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوامین و لەگەڵ حکومەتی فێدڕاڵی لەسەرهێڵین بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی وەک خۆی و ئەوانەشی بەربەست دروست دەکەن، ڕووبەڕووی دادگای تایبەتمەندیان دەکەینەوە.


ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی

٤ی١٠ی ٢٠٢٤


Picsart-24-02-23-21-31-09-085