نوێترین

recent

08/10/2024

پارتی" پێداگری لەسەر تۆمارە دەنگیەکەی پافڵ تاڵەبانی ئەکەنەوە.

 



ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی تۆمارە دەنگییەكەوە داوا لە بافڵ و قوباد تاڵەبانی دەكات، بەرگریی لە ڕیسوابوونەكەیان بكەن. داواشیان لێ دەكات ئەگەر بە جددیی پێیانوایە تۆمارە دەنگییەكە راست نییە، با لە دادگا سكاڵا بكەن تا حەقیقەتی بابەتەكە بۆ هەموو خەڵك ڕوون ببێتەوە.

پاش ئەوەی ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی بەڵگەیەكی دەنگیی بڵاو كردەوە كە تێیدا دەركەوت، بافڵ و قوباد تاڵەبانی بەیەكەوە باس لە پیلانێكی ساختەكاریی گەورە دەكەن و سووكایەتیش بە شەهیدان و كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە و تەنانەت دەنگدەرانی حزبەكەی خۆشیان دەكەن، لە لایەن هەریەك لە بافڵ و قوباد و میدیاكانی یەكێتی و كەسانی سەر بەو حزبەوە هەوڵ درا لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی دەنگۆی ئەوەی كە گوایە ژیریی دەستكردە! گومان بخەنە سەر دروستیی بەڵگەكە.

لە بەرامبەردا نازم هەركی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە (باسنیوز)ی راگەیاند، هیچ گومانێك لە راستیی ئەو تۆمارە دەنگییەدا نییە و پارتی دیموكراتی كوردستان حزبێكی بەرپرسیارە بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان و خاوەن مێژووێكی گەورەیە و پێگەیەكی بەهێزی لە كوردستان و عێراق و هەموو ئیقلیمەكە و جیهانیشدا هەیە و هەرگیز ناچێتە نێو هەڵوێستێكی سیاسییەوە ئەگەر بە تەواوی باوەڕی پێ نەبێت.

ئەوەشی ڕوون كردەوە كە بافڵ و قوباد و یەكێتییش كاتێك دەڵێن ئەو تۆمارە دەنگییە راست نییە، ”درۆ دەكەن، ئەگینا ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی ئەوانە و با غیرەتیان هەبێ و بەرگری لەو ڕیسوابوونەیان بكەن. ئەگەر بەجددییانە و راست دەكەن با لە دادگا سكاڵا بكەن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوان باش دەزانن تۆمارە دەنگییەكەیان راستە، بۆیە ناوێرن پەنا بۆ دادگا بكەن، چونكە دەزانن ئەوكات لە دادگا زیاتر ڕیسوا دەبن.“

گوتیشی: ”ئێمە وەك پارتی بە تەواوی بێمنەتین لەم ڕووەوە، ئەوە دادگە، ئەوە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، ئەوە كونسوڵخانە و دیپلۆماتەكان، ئەوە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری تەكنیكی و دەنگ، هەر ڕێگەیەكی تر هەیە با تاقی بكەنەوە و بە بەڵگەوە بۆ خەڵك ڕوونی بكەنەوە كە دەنگەكە ڕاستەقینە نییە و وەڵامی میللەت بدەنەوە.“

Picsart-24-02-23-21-31-09-085