نوێترین

recent

29/06/2024

فراکسیونی یەكێتی لەسەر لەشكركێشیەكانی توركیا بەیان نامەیەکیان بڵاوکردەوە.

 


فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە پەرلەمانى عێراق راگەیەندراوێکى لەسەر ئۆپراسیۆنەکانى تورکیا لەخاکى هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەردەوامی ئەم پێشێلكارییانە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، تاوەکو ئێستا عێراق نەیتوانیوە خۆی بەهێز بكات و وەڵامی ئەم جۆرە پێشێلكارییانە بداتەوە.
فراکسیۆنى یەکێتى لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەى بەوەکردووە، چەند رۆژێكە ئۆپراسیۆنی سوپای توركیا بەردەوامە لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان، بەداخەوە لە ئەنجامی بەردەوامی ئۆپراسیۆنەكە زەرەر و زیانێكی زۆر گەیشتووە بە باغ و رەزی هاونیشتمانییانى ناوچەكە، هەروەها بووەتە مایەی بێزاركردنی هاوڵاتیانی ناوچەكە.
روونیشکراوەتەوە، "ئێمە وەكو فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نێگەرانی قوڵی خۆمان دەردەبڕین، ئەم پێشێلكارییانەی سەرخاكی هەرێمی كوردستان و سەروەری عێراق شەرمەزار دەكەین، چونكە پاراستن و ئاسایشی وڵات و سەلامەتی هاووڵاتیان دەخاتە ژێر مەترسی، هەروەها پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە".
لە بەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەى یەکێتیدا باس لەوەکراوە، پێویستە حكومەتی هەرێمى کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ رێگری بكەن لەم جۆرە پێشێلكارییانەی سەر خاكی هەرێمی كوردستان و سەروەری عێراق، بێدەنگی حكومەتی عێراق و بە هەمانشێوە حكومەتی هەرێمى کوردستان لەهەمبەر ئۆپراسیۆنێكی ئاوا گەورەی توركیا، كە پێشێلكردنی سەروەری عێراق و یاسا و رێسا نێودەڵەتیەكانە، رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر متمانەی عێراق و بەهەمان شێوە هەرێمی كوردستان لە نێو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوڵاتیانی خۆی بەتایبەتی.
راشگەیەندراوە، بەرادەوامی ئەم پێشێلكارییانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تاوەکو ئێستا عێراق نەیتوانیوە خۆی بەهێز بكات و وڵامی ئەم جۆرە پێشێلكارییانە بداتەوە، بۆیە داواكارن حكومەتی فیدراڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمى کوردستان رێگری بكەن لەم جۆرە پێشێلكارییانە كە ئامانج لێی تەنیا تێكدانی ئارامی وڵات و پێشێلكردنی سەروەری عێراقە.
یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان ئاماژەى بەوەشکردووە، لە هەمانكاتدا داواكارن قەربووی كەس و كاری شەهیدەكان و زەرەر و زیانی هاەنیشتمانییان بكرێتەوە، هەروەها لە ماوەی رابردوودا وەكو فراكسیۆنی یەكێتی ئەم داوایەیان ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەتی فیدراڵ كردووە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085