فارس عیسا: شاندی حكوومەتی هەرێم لەسەر شێوازی ناردنی مووچە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق ڕێككەوتوون
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام دەبن و شاندی حكوومەتی هەرێمیش كە لە بەغدا بوون، لەسەر شێوازی ناردنی مووچە لەگەڵ وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق ڕێككەوتوون.
فارس عیسا ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆژەی “هەژماری من”وەك خۆی بەردەوام دەبێت بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی سیستمی بانكییەوە.
بەرپرسی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ڕوونیكردەوە، سەرۆكی بانكی ناوەندیی عێراق لەبارەی پڕۆژەی “هەژماری من”ەوە دووپاتی كردووەتەوە كە پێشتر لەگەڵ مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای دەستپێكردنی پڕۆژەكە هاوئاهەنگییان لەگەڵ حكوومەتی هەرێم كردووە و هیچ كێشەیەك لە پڕۆژەكەدا نییە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیەنراوێكی فەرمیدا چارەسەربوونی كێشەی مووچەی ڕاگەیاند، جەختی لەوەکردەوە کە لەگەڵ گەیشتنی بودجەی مانگی سێ، لە پێش جەژندا دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.
لای خۆیەوە شاندی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی وەزیری دارایی، هەمان ڕۆژ لە بەغداوە گەڕانەوە هەولێر و دوا ڕێككەوتنیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیاند.
