لاهور جەنگی رایگەیاند، "نەورۆز سەرەتاییەکی نوێیە، هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە سەرەتاییەکی نوێیە لە حوکمڕانیدا، حوکمرانی نوێش بەبێ خوێندنەوەی رەخنەیی بۆ مێژوی روداوە سیاسییەکان نایەتە دی، مێژوی شاخ و شاری جوڵانەوەی باشوری کوردستان دەمانگەیەنێت بە یەک بروا، ئەوەش بریتیە لەوەی ئایا ئەوەی بەلێنی بۆ درا، ئەوەیە کە ئێستا هەیە."
هەرێمی کوردستان پێویستی بە سەرەتاییەکی جیاوازە
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەی ویژدانی زیندو بێت لە وەڵامی ئەو پرسیارە دەلێت نەخێر، بۆیە هەرێمی کوردستان پێویستی بە سەرەتاییەکی جیاوازە، ئەزمونی حوکمڕانی هەرێم دوای 33 ساڵ لە شکستێکی قوڵدا دەژی، شکستێک کە بەرهەمی ئەقڵیەتی خۆسەپێن و گوێنەدانبوە بە خواست و ئیرادەی خەڵک."
لاهور جەنگی دەڵێت، "ئاوێک کە لەبەری نەڕوان بۆگەن دەکات."
دەسەڵاتدارانی هەرێم لە بری دانپێدانانی شکست پاساو ریزدەکەن
ئەوەشی خستەڕو، "دەسەڵاتدارانی هەرێم لە بری دانپێدانانی شکست، پاساو ریزدەکەن، ئەم ئینکارییەش بەشێکی گەورەی تۆخکردنەوە بەردەوامیدانە بەم دۆخەی ئێستا، رێگاکانی هەستانەوەی دوای کەوتن و شکست ئەوەیە بکەرە سەرەکییەکانی دانی پێدابنێن، ئەویش لە رێگەی گۆڕانکاری ریشەیی یاخود گۆڕانکاری دەسەڵات."
مەبەستمە بەشێکم بم لە چارەسەر و گۆڕانکاری
لاهور جەنگی باسی لەوەشکرد، "دوای چەند ساڵێک لە وەدەرنانم لەو حزبەی هەمو تەمەنی گەنجێتیم تێدا سەرف کرد، ئێستا وێنەی حوکمرانی هەڵە رونتر دەبینم، مەبەستمە بەشێکم بم لە چارەسەر و گۆڕانکاری سەرەڕای ئەوەی رێگایەکەی سەختە."
دامەزراوە نیشتمانییەکان و دادگا و دەسەڵاتی دادوەری باڵادەست بن نەک حزبەکان
ئەوەشی ئاشکرا کرد، دەبێت واقعی هەرێم بگۆرێت، بە شێوەیەک دامەزراوە نیشتمانییەکان، دادگا و دەسەڵاتی دادوەری باڵادەست بن نەک حزبەکان، یەکێک لە هۆکارەکانی لاوازبونی دامەزراوە نیشتمانییەکان، دواخستنی هەڵبژاردنە، کە تا ئێستاش دیار نییە دەسەڵاتداران ئەنجامی دەدەن یاخود نا.
بەرەی گەل سەکۆیەکی سیاسی نوێیە و بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات
لاهور جەنگی ئاماژەی بەوەشکرد، "بەرەی گەل سەکۆیەکی سیاسی نوێیە و بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بە باوەڕێکی بەهێزەوە سەرەتایەکی نوێ دەست پێ دەکەین، کە بۆ پاراستنی شکۆ و ژیان و بژێوی خەڵکی کوردستانە."
