نوێترین

recent

04/01/2024

سەركەوتنێكی كەم وێنە و هەڵسەنگاندنێكی بابەتیانەی هەڵبژاردنەكان.

 


سەركەوتنێكی كەم وێنە و هەڵسەنگاندنێكی بابەتیانەی هەڵبژاردنەكان
*لەتیف نێروەیی
پسپۆران و شارەزایانی هەڵبژاردن، هەمیشە ئەو راستیە دووپات دەكەنەوە كە ئەگەر ئەمڕۆ هەڵبژاردنەكان كۆتایی پێ بێت، ئەوا دەبێ بۆ سبەینێ و لەپێناو هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەست بە ئامادەكاریی نوێ بكرێت، هەڵبەت ئامادەكارییەكانیش گونجاو نابن، ئەگەر هەڵسەنگاندنێكی بابەتیانە بۆ كۆی رەهەندەكانی هەڵبژاردنی رابردوو نەكرێت، بۆ ئەوەی سود لە خاڵە بەهێزەكان وەربگیرێ و هەوڵی دەست نیشانكردن و چارەسەركردنی خاڵی لاواز و خەوشیەكان بدرێت و لەسەر ئەو بناغەیەش پلانێكی باش بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دابنرێت. لەسەر ئەم بنەمایە، هەوڵدەدەم هەڵسەنگاندنێكی بابەتیانە بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ناوچە دابڕێنراوەكان بكەم و تیایدا خاڵە بەهێزەكانی یەكێتی لەو هەڵبژاردنەدا بخەمەڕوو، لەگەڵ دیاریكردنی كەموكوڕی و خەوشیەكان بۆ ئەوەی لە داڕشتنی پلانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا ئەم گاپ و خەوشیانە چارەسەر بكرێن.
یەكێتی و تۆماركردنی سەركەوتنێكی كەم وێنە
بۆیە چەمكی كەم وێنەم بەكارهێناوە، چونكە یەكێتی توانیویەتی نزیكەی 100% دەنگەكانی خۆی زیاد بكات. لەبەرامبەردا دەنگی لایەنە كوردستانیەكان كەمی كردووە.
(ی.ن.ك) توانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە دابڕێنراوەكان سەركەوتنێكی كەم وێنە بەتایبەتی لە كەركوك بەدەست بێنێت. بەم شێوەیەی خوارەوە:
-لە پارێزگای كەركوك لە (15) كورسی (5) كورسی بەدەست هێناوە و كورسی كۆتای مەسیحیەكانیش نزیكە لە یەكێتییەوە و بەمەش لە 37,5%ی كۆی كورسیەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی بەدەست هێناوە.
لەرووی دەنگەوە بە نزیكەی 100% بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق زیادی كردووە، چونكە لە ساڵی 2021 كۆی دەنگەكانی یەكێتی تەنها (82286) دەنگ بوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا و لە دەنگدانی گشتیدا دەنگی یەكێتی (139377) دەنگ و لە دەنگدانی تایبەتدا (20365) دەنگی بەدەست هێناوە و كۆی دەنگەكانی دەكاتە (159742) دەنگ. ئەگەر ئەم رێژەیە بەراورد بكەین لەگەڵ لایەنەكانی دیكە، دەنگی هیچ هاوپەیمانی و لایەنێكی سیاسی عیراقی و كوردستانی نەگەیشتووەتە (100) هەزار دەنگ.
-لە كۆی (32372) دەنگی تایبەت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تەنیا (20365) دەنگی بەدەست هێناوە، كە دەكاتە 63% ی دەنگە تایبەتەكانی كەركوك.
-لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە (13347) دەنگی تایبەت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان (12853) دەنگی بەدەست هێناوە كە دەگاتە 96%ی كۆی دەنگە تایبەتەكانی پارێزگای سلێمانی.
-لە كۆی دەنگەكانی تایبەت لەناو كەركوك لە (9456) دەنگ، یەكێتی (4828) دەنگی بەدەست هێناوە كە دەكاتە 51%ی كۆی دەنگە تایبەتەكانی ناو كەركوك.
-لەسەر ئاستی عیراق زۆرترین رێژەی بەشداربووان لە هەڵبژاردنەكاندا لە سنوری پارێزگای كەركوك بوو كە دەكاتە 64% و كێبڕكێیەكی توند لەنێوان لیست و هاوپەیمانیەتیەكان لە كەركوك هەبووە.
-بە هەمان شێوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سنوری پارێزگای (نەینەوا، دیالە، صلاح الدین) سەركەوتنی باشی بەدەست هێناوە و بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی ساڵی (2021) دەنگەكانی بە رێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و لە پارێزگای نەینەوا (2) كورسی، لە پارێزگای دیالە (1) كورسی، لە پارێزگای صلاح الدین (1) كورسی بەدەست هێناوە، كۆی كورسیەكانی یەكێتی لە سنوری پارێزگاكانی ناوچە دابڕێنراوەكان دەگاتە (9) كورسی و لە كەركوك، خانەقین، دوزخورماتوو هێزی یەكەمین. لە هەندێ ناوچەی پارێزگای نەینەواش هێزی یەكەمین. بەمەش بەپێی رێژەی دەنگ، رێژەی كورسی، رێژەی پارێزگا یەكێتی بە بەراورد لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان هێزی یەكەمە و تاكە هێزی كوردستانیە كە لە سنوری هەر چوار پارێزگای ناوچە دابڕێنراوەكان توانیویەتی كورسی بەدەست بێنێت. هەروەك تاكە لایەنی كوردستانیشە كە دەنگەكانی بە بەراورد لەگەڵ ساڵی (2021) بە رێژەیەكی زۆر زیادی كردووە.
-لە سنوری پارێزگای نەینەوا دەنگەكانی یەكێتی بە رێژەی 64% زیادی كردووە.
-لە سنوری پارێزگای دیالە بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2021 دەنگی یەكێتی 33% زیادی كردووە و لە (21) بیست و یەك هەزارەوە دەنگەكانی بۆ (28) بیست و هەشت هەزار زیادی كردووە.
هۆكارەكانی زیادبوونی دەنگەكانی یەكێتی:
-دانانی پلانێكی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، ئەم پلانە لەژێر سەرپەرشتی و چاودێری سەرۆك (بافڵ تاڵەبانی) جێبەجێ دەكرا، لە كۆمەڵێك وردەكاری پێك دێت و ناكرێ‌ ئەو وردەكاریانە بخرێنەڕوو. پلانەكە لەلایەن دەزگای هەڵبژاردنەكانی یەكێتی و بە هەماهەنگی لەگەڵ هەندێ ئۆرگانی دیكەی یەكێتی دارێژراوە.
-خاڵێكی هەرە بەهێزی یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا ئەوە بوو، كە یەكێتی لە دوای كۆنگرەی پێنجەمەوە وەكو یەك تیم، یەك ئیرادە، یەك پەیام، یەك سیاسەت بە متمانە بەخۆبوونێكی بەهێزەوە خۆی بۆ هەڵبژاردنەكان ئامادە كردووە.
-بوونی هەماهەنگیەكی زۆر باش لەنێوان ئۆرگانە پەیوەندیدارەكانی (ی.ن.ك) بەتایبەتی دەزگای هەڵبژاردنەكان، مەكتەبی رێكخستن و مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری و مەڵبەندەكانی (ی.ن.ك) و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە و دروستكردنی ژووری عەمەلیات.
-لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەكەم جار بەرنامە و دروشمی تایبەت بۆ هەر پارێزگایەك بە جیا ئامادە كراوە.
- سەرۆكی لیست و قەوارەكانی یەكێتی لە بازنە سەرەكیەكانی كەركوك و ناوچەكانی دیكە زیاتر لە نوێنەر و سەرۆكی قەوارە سیاسیەكانی دیكە مەیدانی تر و جەماوەری تر و چالاكتر بوون، هەروەك كاندیدەكانی ئێمە بژاردەی باش و پەسەندكراو بوون لەلایەن خەڵك و دەنگدەرانەوە.
-بەشداری و پشتیوانی سەركردە و كادیرانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەی مەیدانی لە هەڤاڵ و كاندیدەكانیان لە سنوری ناوچە دابڕێنراوەكان ئەزموونێكی نوێ و سەركەوتووانە بوو.
-سەرجەم هەڤاڵانی یەكێتی هەر لە سەرۆكی یەكێتی و سەرجەم سەركردەكانی دیكەی یەكێتی بەشداریانكرد لە بانگەشەكەدا و دابەشبوون بەسەر ناوچە دابڕێنراوەكاندا و ئاوێتەی جەماوەری ناوچە دابڕێنراوەكان بوون و لە دوورەوە و لە شارەكانی (سلێمانی، هەولێر، دهۆك، هەڵەبجە)وە پەیامیان نەدەنارد بۆ جەماوەری ناوچە دابڕێنراوەكان بەڵكو لەناو جەماوەری ناوچە دابڕێنراوەكان پەیامیان دەنارد بۆ لایەنە ركابەرەكانی خۆیان. ئەمەش جۆرێك لە ئومێد و دڵنەوایی بە جەماوەری ناوچە دابڕێنراوەكان دەبەخشی.
-دروشمی سەرەكی یەكێتی وەرگرتنەوەی دەسەڵات و كۆتایی هێنان بوو بە دەسەڵاتی خۆسەپێنی كەركوك. بەڵام بەشێك لە لایەنە سیاسیەكانی دیكەی كوردستان پەیامیان لە دژی یەكێتی بوو، هەوڵیان دەدا دەنگدەر دەنگ بە یەكێتی نەدەن. واتە هەوڵەكانیان لە پێناو ساردكردنەوەی دەنگدەری كورد بوو.
-ئەو پەیام و سیاسەتەی كە یەكێتی لە ناوچە دابڕێنراوەكان پەیڕەوی دەكرد، دوور بوو لە پەیامی رق و كینە و دەمارگیری حزبی، بەڵكو پابەند بوو بە پرەنسیپە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان و بە فەرمی هەوڵێكی زۆری دا بۆ ئەوەی هەموو هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن و بە بەردەوامیش لە بانگەشەی هەڵبژاردندا هەمان هەڵوێستی خۆی دووپات دەكردەوە. بەڵام پەیامی بەشێك لە حزبە كورستانیەكان زیاتر بۆ دژایەتی و ناوزڕاندن و تۆمەتباركردنی یەكێتی بوو.
پەیامی بەرپرسانە و پیشەییانەی میدیای یەكێتی، كە بە زمانێكی سەنگینی دوور لە زمانی زبر و وەڵامدانەوەی میدیای لایەنە كوردستانیەكان بووە و تەنها فۆكەسی لەسەر هاندانی جەماوەر بووە بۆ ئەوەی زۆرترین هاوڵاتی بەشداری دەنگدان بكەن و بە دەنگدانیان كۆتایی بە دۆخی نائاسایی (ئیداری، ئەمنی، خزمەتگوزاری) كەركوك بێنن.
-یەكێتی لەدوای ریفراندۆمەوە كەركوكی بەجێ نەهێشتووە و سیاسەتێكی نەگۆڕ و رۆشنی هەبوو بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و لەگەڵ ئێش و ئازاری خەڵكی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكەی كوردستان مایەوە و ئەم سیاسەت و هەڵوێستە لەلایەن جەماوەری ناوچەكەوە زیاتر پەسەند بوو، نەك بەجێ هێشتنی شارەكان و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئەو راستیەی سەلماند.
-هاوڵاتیانی كەركوك دەیانزانی كە دەنگدان بە هەندێ لایەنی سیاسی كوردستانی، كە رێژەی دەنگەكانیان لە ئاستی پێویست دا نییە دەنگەكانیان دەفەوتێت.
-بەرپرسانی هەندێ لایەنی كوردستانی ئامادە نەبوون بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن و لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا لە دورەوە پەیامیان ئاراستەی جەماوەری كەركوك دەكرد، بە پێچەوانەی ئەوانەوە سەرۆكی یەكێتی نەك هەر بەشداری لە كۆبوونەوە جەماوەرییەكانی كەركوك دەكرد، بەڵكو بازار و گەڕەكەكانی كەركوكی بەسەر دەكردەوە و ئاوێتەی جەماوەری شارەكە دەبوو، بۆیە جەماوەری كەركوك بەتایبەتی گەنجان زیاتر پێشوازیان لە سیاسەتی یەكێتی دەكرد.
-هۆكارێكی دیكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سیاسەتی لایەنێكی سیاسی بۆ زیادكردنی دەنگەكانی خۆی تەنها بەستبووەوە بەوەی كە دەشێ تۆمەت و دەرهاویشتە نەرێنییەكانی ریفراندۆم و قۆناغی دوای (16)ی ئوكتۆبەر بخەنە سەر یەكێتی، بەڵام جەماوەری ناوچە دابڕێنراوەكان بە دەنگدان وەڵامی ئەوانی دایەوە و یەكێتیان پاداشت كرد و ئیدی كارتی (16)ی ئوكتۆبەر بۆ ململانێی حزبایەتی و تۆمەتباركردنی یەكێتی بە دەست لایەنێكی سیاسیەوە بۆ هەتاهەتایە لەلایەن جەماوەری كەركوكەوە سیحرەكەی بەتاڵكرایەوە.
-پەیامی میدیای یەكێتی، هەڵگری پەیامێكی پیشەییانە و بەرپرسیارانە و نیشتمانیانە بوو، خۆی بە وەڵامدانەوەی هەندێ پەیامی زبر و نابەرپرسیارانە سەرقاڵ نەدەكرد.
خاڵە لاواز و كەم و كوڕییەكان:
راستە یەكێتی سەركەوتنێكی كەم وێنەی بەدەست هێنا و لە كەركوك نزیكەی 100% دەنگەكانی زیادی كردووە. بەڵام پرۆسەیەكی فراوان و درێژخایەن لە سنورێكی ئاڵۆزی پڕ لە ململانێ، بەدڵنیاییەوە بێ خەوش و كەم و كوڕی نابێت. گرنگی خستنەرووی ئەو كەم و كوڕیانە لەوەدایە كە بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو چارەسەر بكرێت و دووبارە نەبنەوە. كەم و كوڕییەكان بریتین لە:
-لە كۆتا رۆژەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا كە بە رۆژانی زێرین ئەژمار دەكرێن. هەندێ سەركردە و تێكۆشەری دێرین كە بەشداریان لە بانگەشەدا نەكردووە پەیامیان بۆ جەماوەری ناوچە دابڕێنراوەكان هەبوو، بەڵام ناوەرۆكی پەیامەكانیان لەگەڵ دروشمە سەرەكیەكەی یەكێتی وەكو پێویست هاوتەریب نەبوو، چونكە رایاندەگەیاند، راستە ناعەدالەتی و كەم و كوڕی و گەندەڵی هەیە بەڵام داواتان لێ دەكەین بەشداری بكەن. ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ناوچە دابڕێنراوەكانە و پۆستی پارێزگار و قایمقام و مەلەفی ئەمنی لە پارێزگای كەركوك بە دەست یەكێتی نەبوو، واتە یەكێتی لەو ناعەدالەتی و كەم و كورتی و گەندەڵیانە بەرپرس نییە كە لە دوای ریفراندۆمەوە لە ناوچە دابڕێنراوەكان بەتایبەتی لە كەركوك هەیە و ئۆباڵی ئەو شكستانە لە ئەستۆی حوكمڕانی و دەسەڵاتی لۆكاڵی ئەوێیە نەك یەكێتی.
-گرفتی ناساندنی لۆگۆكانی هاوپەیمانی و لیستەكانی (ی.ن.ك) كە لە سنوری ناوچە دابڕێنراوەكان بەتایبەت كە چوار لۆگۆمان هەبوو لە (كەركوك، نەینەوا، دیالە) و لە (صلاح الدین) یش كاندیدی ئێمە لەناو هاوپەیمانەتیەك بوو ئەوانیش لۆگۆیەكی تایبەتیان هەبوو، لەو چوار لۆگۆیە تەنها لۆگۆی لیستی یەكێتی لە دیالە، لۆگۆی یەكێتی بوو.
-ناساندنی ئەم چوار لۆگۆیە هەم بۆ میدیای یەكێتی گرفتی خۆی هەبوو، هەم بۆ جەماوەری یەكێتی كە ئاشنا بكرێن بە چوار لۆگۆ ئاسان نەبوو، بەتایبەتی بۆ دەنگە تایبەتەكان چونكە هەر چوار لۆگۆ لەسەر فۆرمی دەنگدانیان هەبوو. بەشێك لە دەنگدەرانی سنوری كەركوك و صلاح الدین و نەینەوا بەهۆی بینینی لۆگۆی یەكێتی لەسەر فۆرمی دەنگدان بە هەڵە دەنگیان داوە.
-لە كۆتا هەفتەی بانگەشەدا بەردەوام سەركردەكانی یەكێتی بە شێوەی مەیدانی ئاوێتەی جەماوەر بوون، ئەمە ئەگەر هەر لەسەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەوە پەیڕەو بكرایە ئەنجامی زیاتری دەبوو، لەلایەكی دیكەوە زۆربەی سەركردەكان لە دوا هەفتەی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە پەیامەكانیاندا داوایان لە جەماوەر دەكرد دەنگ بە كاندیدەكانی ئێمە بدەن. سەركردە هەبوو رۆژانە پەیامی میدیای هەبوو بۆ جەماوەر، زۆری پەیامی میدیایی بە شێوەی رۆژانە جۆرێك لە بێزاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بەتایبەتی ئەو پەیامانەی كە لە دەرەوەی جەماوەر ئاراستە دەكرێن.
-هەندێ لە سەركردەكان لە دواساتەكانی بانگەشە داوای لێبوردنیان لە جەماوەر دەكرد و رایاندەگەیاند كە ئێمە كەمتەرخەمیمان هەبووە، ئەم جۆرە پەیامانە لە دواساتەكانی بانگەشەدا لایەنە نەرێنیەكانی زیاترە لە لایەنە ئەرێنیەكانی. جگە لەوە پەیام لەناو كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا كاریگەری خۆی هەیە، بەڵام ئەو پەیامانەی لەڕێی میدیاوە بڵاو دەكرێنەوە نابێ هەموو كەسێك بە ئارەزووی خۆی و بەپێی دیدگا و تێگەیشتنی خۆی پەیام ئاراستەی جەماوەر بكات و پێویستە پەیامێكی فەرمی حزبی هەبێت.
-بە مەبەستی ئاسانكاری و بۆ ئەوەی زۆرترین كات بۆ كاندیدەكان بگەڕێتەوە، لە سنوری هەر سێ پارێزگای (كەركوك، نەینەوا، دیالە) ستۆدیۆمان دروست كردبوو، هەروەها بڕیار درابوو كە هەموو بەرنامەكان لەگەڵ كاندیدەكان تۆمار بكرێت بۆ ئەوەی كەمترین هەڵە بكرێت، بەڵام هەندێ جار بەهۆی كەم ئەزموونی هەندێ پەیامنێر پرسیارەكانیان زۆر گونجاو نەبوون لەگەڵ پسپۆری و بڕوانامە و پیشەی كاندیدەكان.
-لە سەرەتای دەستپێكردنی بانگەشە هەڵبژاردن ئەو ماوەیەی كە بۆ بانگەشە دیاریكرابوو، كارێكی باش بوو كە لە هەموو كۆڕ و كۆبوونەوەی حزبی و جەماوەرەییەكاندا كاندیدەكان خۆیان بناسێنن و لە هۆڵەكان ئامادە بن و پەیامی خۆیان بە جەماوەر بگەیەنن و تواناكانیان دەركەوێت، بەڵام لەوە زیاتر كاندیدەكان بە بەردەوامی تا كۆتاییهاتنی ماوەی بانگەشە بەشداری كۆڕ و كۆبوونەوەكان بكەن، دەرفەتێكی زۆریان لێ دەڕوات كە سەردانی ماڵان و بازار و شوێنە گشتیەكان بكەن و داوا لە دەنگدەرانی بێلایەن بكەن كە دەنگیان پێ بدەن و رێژەی دەنگدەری خۆیان زیاد بكەن.
-هەندێ جار بڵاوكردنەوەی پەیامی نەگونجاو لەڕێی سوشیال میدیاوە كە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە خودی كاندیدەكە و بە حزبەكەی خۆی هەرچەندە ئەمە زۆر بە كەمی روویداوە، بەڵام وەكو حاڵەت لە سنوری هەموو پارێزگاكانی ناوچە دابڕێنراوەكان روویداوە و هەندێ جار كاندیدەكان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ رەخنەی لە كاندیدێكی ركابەری خۆی گرتووە.
-لە سنوری شنگال-مەخمور-خانەقین كە پێشتر تیمی راگەیاندنمان لێ نەبوو، لە سەرەتای بانگەشەوە روماڵی بانگەشەی خۆمان وەكو پێویست نەبوو، بۆیە تیمی ناوچەكانی دیكەمان بۆ ئەو دەڤەرانە ناردن بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە.
-گرفتێكی دیكە نەبوونی كەناڵێكی تەلەفزیۆنی بوو بە زمانی عەرەبی، بەشێك لە جەماوەری ئێمە بەتایبەتی لە سنوری پارێزگای نەینەوا بینەر و وەرگری پەیامی زمانی عەرەبین. هەندێ لە كاندیدەكانیش پێیان باش بوو بە زمانی عەرەبیش پەیامیان هەبێت.
قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكان
یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناكەوێتە ژێر كاریگەری هەندێ وتار كە دەیانەوێ‌ هەموو هێلكەكانی عەرەب و توركمانی كەركوك بخەنە ناو یەك سەبەتە و وەكو نەیاری هاوبەش و سەرسەختی كورد مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.
بەڵكو دەیەوێ هەمان سیاسەتی نەگۆڕی خۆی لە سنوری ناوچە دابڕێنراوەكان پەیڕەو بكات، كە سیاسەتی پێكەوەژیانی خەڵكی رەسەنی ناوچەكەیە و دەیەوێ لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان دەست بە دانوستانەكان بكات لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی كە كورسیان بەدەست هێناوە، بۆ ئەوەی لەڕێی تەوافوقی سیاسی و نیشتمانی بگەنە رێكەوتن و پێك هێنانی ئیدارەیەكی بنكە فراوانی خزمەتگوزار لە شاری كەركوك و هەروەك لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە ناوچە دابڕێنراوەكان بەرپرسیارەتییەكی هاوبەشیان لەسەر شانە. دەكرێ‌ لەڕێی پرۆژەیەكی هاوبەشی نیشتمانیەوە بەشداری لە پێك هێنانی ئیدارە خۆجییەكانی كەركوك و نەینەوا بكەن و بەو پرۆژە نیشتمانییەوە بەرژەوەندی باڵاكانی گەلی كوردستان لەو ناوچانە پارێزراوتر دەبن و یەكێتی وەك هەمیشە ئەو هێڵە دەگرێتە بەر كە لەگەڵ بەرژەوەندیە نیشتمانی و نەتەوایەتیەكانی گەلی كوردستان هاوتەریب و یەك ئاڕاستە بێت. بۆ ئەو مەبەستە دەست پێشخەری دەكات و لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ هەموو لایەنەكان هەڵدەداتەوە لەپێناو دروستكردنی پردی متمانە و گرەنتیەكی كۆنكرێتی بۆ پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكانی كەركوك. هەرچەندە بەدیهێنانی ئەم ئامانجە بێ بەربەست نابێت بەڵام ئیرادەی گەیشتن بە ئامانجەكان بەتایبەتی بۆ پرسە نیشتمانیەكان لەلایەن یەكێتییەوە ئیرادەیەكی بەهێزە.
ئەندامی سەركردایەتی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
Picsart-24-02-23-21-31-09-085