نوێترین

recent

20/01/2024

زانیاری نوێ لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گەیشت.


 

پەرلەمانتارێكی پارتی و ئەندامێكی لێژنەی دارایی عێراق، زانیاریی لەبارەی 618 ملیار دینارەكە و پرسی داواكاردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن دارایی عێراقەوە دەخەنە ڕوو.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەو 618 ملیار دینارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لێداوە، قەرز نییە و بەشی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە لە بودجە و وەزارەتی دارایی عێراقیش داوای لیستی مووچەی كردووە، بۆ ئەوەی تەمویل بدرێتە هەرێمی كوردستان."
ئاماژەی بەوەش دا: "پێشتر شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیستی مووچە و خەرجی و داهاتیان شەفافانە داوەتە بەغدا."
ئاشكراشی كرد: "لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی عێراقی فیدراڵ وردبینی و پەسندیش كراوە، تیمەكانی چاودێریی دارایی عێراقیش ماوەیەك پێش ئێستا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بوون و ئەو دۆسیانەی پێویستیان بووە، ئەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشی كردوون."
شێروان دووبەردانی، باسی لەوەش كرد، كە: "وەزارەتی دارایی عێراق دوای تەمویلی مووچەی وەزارەتەكانی خۆی، كە بڕیارە لەم هەفتەیە مووچەی خۆیان دابەش بكەن، دوای ئەوە تەمویلی 618 ملیار دینارەكە دەنێردرێت، كە رەنگە بكەوێتە سەری مانگ."
لای خۆیەوە د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "رۆژی 16ی1ی2024، وەزارەتی دارایی دارایی عێراق بە نووسراوێك داوای كردووە، لیستی مووچەی مانگی یەكی 2024یان بۆ بنێرن، لەم نووسراوەدا ناوی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ دامەزراوەکانی دیكەی دەوڵەتی عێراق هاتووە، واتا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان فەرامۆش نەکراوە، تاوەكوو یاسای بودجەی 2024ی عێراق هەموار دەكرێتەوە."
روونیشی كردەوە: "بەپێی نووسراوی دارایی عێراقی فیدراڵ، ئەو لیستی مووچەیەی داوا كراوە، دەبێت تەواوی زانیاریی مووچەخۆران لە ناوی سیانی، بڕی مووچەی بنەڕەتی، دەرماڵە، لێبڕینی خانەنشینی تێدابێت."
پەرلەمانتارەكەی لێژنەی دارایی، ئاشكراشی كرد: "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەدا خراوەتە سەرخەرجیی حاکیمە و کێشەی مووچە بەتەواوی چارەسەر دەبێت."
دوێنێ 17ی1ی2024، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی، رایگەیاند: "لەدوایین سەردانی شاندی حکوومەت بۆ بەغدا، لەسەر ناوەرۆکی هەمواری یاسای بودجە گەیشتووینەتە ڕێککەوتن و چاوەڕێین لە نزیکترین کاتدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەموارەکە پەسەند بکات، هیودارین لە پەرلەمانی عێراق بەبێ کێشە دەنگ لەسەر ڕێککەوتنی هەموارەکە بدرێت."
رۆژی 15ی1ی 2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو: "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا 618 ملیار دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێ، ئەوەی بڕیاری لێدراوە، قەرز نییە و سولفەیه و کاتییە و تاوەکوو یاسای بودجەی 2024 هەموار دەکرێتەوە، بڕیارە ئەو بڕە پارە بنێردرێت، ئەوەی دەنێردرێ 300 ملیار کورتهێنانی دەبێ بۆ مووچە."
پێشەوا هەورامانی ئاشکراشی کرد: "لەدوایین سەردانی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، شاندی ئێمە بۆ مووچە لە هەمواری بودجە داوای 875 ملیار دیناریان کردبوو، ڕێکكەوتن کراوە و بۆ ئەوەی مووچه لە هەموو پرسەکانی دی جیا بکرێتەوه، بۆیە تەنیا ئەو هەموارە چارەسەری کێشەی مووچە دەکات."
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی مووچە، گوتەبێژی حکوومەت گوتی: "ئێمە چاوەڕێی ناردنی پارەکەین، پێشینەی کاری حکوومەتیش دابەشکردنی مووچەیە، پارەکە بنێردرێ ئێمە مووچەی پێ دابەش دەکەین و ئەو کورتهێنانەیشی هەیە، دەبێ وەزارەتی دارایی روونكردنەوە بدات، كە چۆن دەتوانن لەگەڵ داهاتی ناوخۆدا مووچەی فەرمانبەران دابین بكەن."
Picsart-24-02-23-21-31-09-085