نوێترین

recent

16/10/2023

16ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی دواتر وەك خۆی بزانە،

 


16ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی دواتر وەك خۆی
کۆمیتەی ڕێكخستنی ڕانیە"
شەش ساڵ پێش ئێستا لە شەوی 16-10-2017 حەشدی شەعبی و سوپای عیراق هێرشیان كردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی بەشیر و دوای چەند سەعاتكێ بەرگریی، 36 پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شەهیدبوون و چەندین پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.
شەهید بوونی 36 پێشمەرگەی یەكێتی بەڵگەی راستییەكانی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرن و بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستانی سەلماند تەنها یەكێتی بوو كە بۆ ماوەیەك بەرگری كرد، چونكە وەك دەزانن لەو ناوچانەی كە هێزی یەكێتی لێنەبوو لەو رووداوەدا بێ تەقە چۆڵكران.
هێرشەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بۆچی روویدا؟
هاتنەئارای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی دواتریش، لەلایەك كاردانەوەی ریفراندۆمە بێ بەرنامەكەی رۆژی 25ی سێپتەمبەری هەمان ساڵ بوو.
لەلایەكی دیكەشەوە بەگوێرەی رێككەوتنێكی پێشتری نێوان بەرپرسانی عیراق و سەرۆكی پێشووی هەرێم بووە بە چاودێریی فەرماندە باڵاكانی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نەك كارێكی كتوپڕ.
جووڵەی هێزەكان تێكەڵبوو بە رق
ئەوە راستە كە جووڵەی هێزەكانی عیراق و پراكتیزەكردنی رێكەوتنەكەی پێشتریان لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە پاشەكشەی پێشمەرگە بۆ ناوچەكانی بەرلە هاتنی داعش لە 9/6/2014 تێكەڵكرا بە رق و كاردانەوەی ریفراندۆمەكە، چ لەسەر ئاستی عیراق و چ لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، چ ئەو وڵاتانەی پەیوەندیداربوون بە دۆخی عیراق و بەتایبەتیش پێنج وڵاتە ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایش و لە هەمووشیان تایبەتتر ئەمریكا كە لەلایەك خۆی چاودێری رێكەوتنەكەی تەمموزی ساڵی 2016 بوو سەبارەت بە كشانەوەی پێشمەرگە لەدوای شەڕی داعش.
جگەلەوەش وەك دواتر دەركەوت بەرلە ریفراندۆم بە دوو رۆژ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا نامەی نووسراوی ئاڕاستەی سەرۆكی پێشووی هەرێم كردووە كە ریفراندۆم دوابخات، هەربۆیە چاوپۆشی ئەمریكاش لە رەوتی رووداوەكان كاردانەوەیەك بوو لە بەرامبەر هەڵوێستی بێباكیی سەركردایەتیی سیاسیی ئەو كاتی هەرێم كە نە رێكەوتنەكەی تەممووزی 2016ی بەهەند وەرگرتووە و نە نامەكەی تیلەرسن و زۆر بە راشكاوانە سەرۆكی ئەو كاتەی هەرێم وتی: “حساب بۆ قسەی یەك كەس ناكەین!”.
دەرەنجام واكەوتەوە كە بەرنامەی بۆ كێشرابوو؟
بێگومان هەموو پڕۆسەیەك سەربازیی بێت یان سیاسی بە ئەنجامەكەی هەڵسەنگاندن و حسابی بۆ دەكرێت، چونكە دەشێت هەندێك جار شكستی راستەوخۆ بەتایبەتیش شكستی سەربازیی بەئاسانی هەزم نەكرێت، بەڵام چوونە جەنگێكی سیاسی یان سەربازیی كە بە مسۆگەریی دۆڕاندنی دیاربێت و ژمارەی قوربانی و وێرانكاریی گەورە و ماڵوێرانی خەڵكەكە بەشوێن خۆیدا بهێنێت، ئەوا درێژەدان بەو جەنگە لە پڕۆسەیەكی ئەحمەقانە زیاتر هیچی دیكە نییە.
خورماتوو بە نموونە
هەڵەی كوشندە لەو رۆژەدا ئەوەبوو كە لە خورماتوو روویدا، چونكە بەرلە 16ی ئۆكتۆبەریش چەند جارێك لە خورماتوو بەریەككەوتن لەو قەزا فرە پێكهاتەیەدا روویدابوو و لە نێوان كورد و توركمان، كوردو عەرەب، عەرەبی شیعە و سوننە، توركمانی شیعە و سوننە و قوربانیشی لێكەوتبووەوە، بۆیە بەو پێیەی هێرشەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و ئاگادارنەكردنی هێزەكان بەگشتی لە ناوەڕۆكی رێكەوتنەكەی پێشووتر و بوونی تەشەنوج و گرژیی پێشووتر لە نێوان پێكهاتەكانی خورماتوو و دۆخێكی هێنایە ئاراوە كە هەموو پێكهاتەكان لەنێوان خۆیاندا هودنەیان كرد و داخی ریفراندۆمیان بە كوردی خورماتوو رشت، هەر ئەو شەڕە نابەرابەرەش بووە هۆی ئەوەی هێزی پێشمەرگە پاشەكشەیەكی كتوپڕ و نا مونەزەم لەوێ بكات.
قەبارەی مەترسییەكە
16 ئۆكتۆبەر وەك ئەو تەونەی بۆی چنرابوو، نەخشەكە وا نەهاتەوە، یان وەكو ئەوەی میدیاكانی نزیك لە پارتی دەیانویست بیخەنە گەردنی یەكێتی، یاخود وەك خۆیان ئاماژەیان پێدەكرد (باڵێكی یەكێتی)، بەڵكو زۆر لەوە گەورەترە كە ئەوان لەوەدا كورتی بكەنەوە، لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:
1- وەك لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێكرد رێكەوتنێكی پێشوەختە بە چاودێریی ئەمریكاییەكان و خودی سەرۆكی هەرێمی ئەوكاتەبوو و بە وەزیری ئەوكاتەی پێشمەرگە بەوەكالەت و وەزارەتی بەرگریی عیراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژبە داعش كە لەبەرامبەر وەرگرتنی چەك و تەقەمەنی لە هاوپەیمانان و عیراق و دابینكردنی بڕی 400 ملیۆن دۆلاری ساڵانە لەلایەن پێنتاگۆنەوە بۆ یەكەكانی هێزی پیشمەرگە، دەبێت پیشمەرگە لەدوای شەڕی داعش بگەڕێتەوە ئەو شوێنانەی كە لە پێش دەستپێكردنی پەلامارەكانی داعش لێی جێگیربوون.
2- ریفراندۆم و دروشمە توندەكانی سەردەمی بانگەشەو كەمپینەكانی بەرلە ریفراندۆم لەلایەك و راگەیاندنی چەند جارەی سەرۆكی پێشووی هەرێم بەوەی كە “ماددەی 140 كۆتایی هات و كورد مادەكەی بەخوێنی خۆی جێبەجێكرد”، ئەمە ئەگەر بۆ ئیستیهلاكی محەلیش بێت، بەسە بۆ ئەوەی وڵاتانی ئیقلیمی بە سوننە و شیعەوە، وڵاتانی زلهێز بە خۆرهەڵاتی و خۆرئاواییەوە كە چاویان لەسەر ئایندەی عیراقە و لە خراپترین دۆخدا جەخت لەسەر یەكپارچەیی خاكی عیراق دەكەنەوە، بەرنامەكەیان بكەنە یەك پاكێج بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەوەی ناویان لێناوە (الخگر الكردی)، هەر لەوبارەیەشەوە بینیمان ئەمریكییەكان و ئێرانییەكان كە لەهەموو شتێكدا پێچەوانەی یەكتر لێدوان دەدەن و رەفتار دەكەن، لەو رۆژەدا ئەگەر یەكیشیان نەگرتبێت، ئەوا سەری رەزامەندییان بۆ سەندنەوەی (ناوچە جێناكۆكەكان) لەدەستی كورد راوەشاند.
3- یەكێك لەو خاڵانەی كە هێشتا لای خەڵكی بەویژدانی كوردستان بەئاشكرا دیارە و تەنانەت خودی پارتییەكان و ئەو لایەنانەش كە بوونەتە هاوئاوازی ئەو نەغمە نەشازە، تەنانەت ئەو بەرگرییەش كەكرا تا ئەوكاتەی كە بڕیاری كشانەوە درا، پێشمەرگەی یەكەكانی سەربە هێزەكانی 70 بوون كە نزیكەی40 پێشمەرگە شەهیدبوون و هەمووشیان لە هێزەكانی یەكێتی بوون، ئەدی خۆ ئەو هێزانەی تر زۆر لەپشت ئەو هێزە بەرگریكارەوە بوون، كە بەوتەی میدیاكانی نزیك لە پارتی و هاوئاوازەكانیان كە گوایە “كەركوكیان تەسلیم كردووە” گریمان قسەكەتان راستە، ئەی ئەو هێزەی فەرماندەكانیان بە قەناسەوە لە بەرەی خۆرئاوای كەركوكەوە رۆژانی پێش 16ی ئۆكتۆبەر بەر كامێرایان بەرنەدەدا لەو رۆژەدا .
4- وەك هەر لەسەرەتاوە ئاشكراكرابوو هێزەكانی عیراق بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی دیاریان كردبوو بۆ خۆیان دەگەڕانەوە سنوورەكانی پێش هاتنی داعش واتە وەك لە رێككەوتنە شاردراوەكەدا هاتبوو دەگەڕانەوە سنووری 10/6/2014 كە بەوپێیە بەرەو سلێمانی دەگەڕانەوە سنووری چیمەن و لەیلان و لە هەولێریشەوە دەگەڕانەوە ناحیەی پردێ و سنووری بازگەی شێراوا، بەڵام هێزەكانی یەكەكانی سەربە هێزەكانی 80 كە دڵنیابوون سوپای عیراق و حەشدی شەعبی بازگەی شیراوا نابەزێنن، بەڵام بۆ شاردنەوەی هەڵاتنە پێشوەختە و خشكەییەكەیان لە كەركوك، جگە لە تەقاندنەوەی پردێكی پێكەوە گرێدانی كەركوك و هەولێر، چەند رۆژێك پێكدادانیان لەگەڵ هێزەكانی عیراقدا لە شێراوا كرد و ناویان لێنا داستانی پردێ، ئەگەرنا پردێ لە رۆژی 17ی ئۆكتۆبەر بە بێ روبەڕوبوونەوەیەكی ئەوتۆ بە كەمتر لە سەعاتێك چۆڵكرا، چونكە پارتی بۆخۆی رێككەوتنەكەی كردبوو، بۆیە لە شێراوا بەرگریی و دژە هێرشی دەكرد، چونكە یان دڵنیابوو لەوەی هێزەكانی عیراق شێراوا نابەزێنن، یان دەیویست بیبەزێنن و بەو پاساوە داوای دەستێوەردان لە ئەمریكا یان توركیا بكات كە مەترسی لەسەر هەولێر و سنووەكانی هەرێمە و هێزەكانی عیراق هێڵی بڕیارلێدراویان بەزاند.
5- پڕوپاگەندەكانی ئەو سەروبەندە بەجۆرێك بوون كە دوای ئەوەی لە رۆژی 17ی ئۆكتۆبەر بەبێ بەرگرییەكی ئەوتۆ پردێ چۆڵكرابوو، بۆیە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو خاڵە لاوازە میدیاكانی نزیك لە پارتی كەوتنە بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندەی ئەوەی كە “هێزەكەی عیراق هێزێكی تۆپخانەی ئێرانییان لەگەڵدایە و هەرئێستا ئەو هێزە بەرەو تەقتەق بەڕێوەن كە پێدەچێت نیازی پەلاماردانی هێزەكانی سەربە هەردوو حزبی دیموكراتیان هەبێت!!”.
6- دوای دوو سێ رۆژ لە 16ی ئۆكتۆبەر، وردە وردە دۆخی شارەكە سەقامگیر دەبووەوە و ئەو هاووڵاتییە كوردانەش كە لە رۆژی یەكەمدا هەڵدەهاتن، وردە وردە دەگەڕانەوە بۆ شارەكەیان، بەڵام كەناڵە ئاسمانییەكانی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان هەواڵێكیان بڵاوكردەوە كە گوایە هەر ئێستا لەناو شاری كەركوك راپەڕینی جەماوەریی لە دژی هێزەكانی سوپا و حەشدی شەعبی دەستیپێكردووە، ئامانجیش لەوە دروستكردنی شەڕو پێكدادان بوو، چونكە گەڕانەوەی خەڵكەكە بۆ شارەكە لە بەرژەوەندیی ئەو بەرنامەیدا نەبوو كە وڵاتانی ئیقلیمی نەخشەیان بۆ كێشابوو كە پێیان وابوو لەئەگەری بەرگریی كردندا هیزەكانی عیراق شارەكە وێران دەكەن و ئەوانیش بە پاساوی پاراستنی كەمینەكانەوە هێز رەوانە دەكەن، بەڵام گەڕانەوەی خەڵكەكە و روونەدانی كارەساتی گەورە لەنێوان و كورد و پێكهاتەكانی تر و ئاهەنگی نەورۆز و چەند بۆنەیەكی كوردەواریی دواتر و مانەوەی یەكێتی لەگەڵ خەڵكەكە لە سەرەتاوە و دواتر گەڕانەوەی حزبەكانی تر (جگە لە پارتی) و…هتد ئەوانە زۆربەی ئەو بەرنامانەی پوچەڵكردەوە كە لەدژی كەركوك داڕێژرابوون.
7- یەكێكی تر لەو رووداوانەی مایەی سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە كە گریمان وەك میدیای پارتی ئیدیعای دەكرد “كەركوك درا بەدەستەوە” كە وانییە، ئەدی بۆچی لە ناوچەكانی دیكەی هاوسنوور لەگەڵ نەینەوا لە مەخمورەوە تا شێخان و خازر و شنگال و بەنداوی دیجلە بەرگریی نەكرا، ئەی مەگەر نەیاندەوت: “ماددەی 140مان بە خوێن چەسپاندووە؟ خۆ ئەو ناوچانە ناوچەی هەژموون و نفوزی هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، واتە هێزەكانی 80 بوون!
تا ماوەیەك پێش هەڵبژاردنەكەی 12/5/2018 بۆ پەرلەمانی عیراق، میدیاكانی پارتی و ژمارەیەك لە سەركردەكانی باڵێكی ئەو حزبە هێشتا تای ریفراندۆم و بانگەشەكانی بەری نەدابوون و تەنانەت نەیاندەویست ئێستاش نایانەوێت دان بەوەدا بنێن كە ئەوە پڕۆسەیەك بووە شكستی هێناوە، بەڵام هەر بە قودرەتی قادر لە سەروبەندی دەستپێكردنی ئەو هەڵبژاردنەوە بەشێك لەوانە لەلایەن حزبەكەیانەوە كاندیدكران بۆ پەرلەمانی عیراق و ژمارەیەكیان دەریشچوون، ئیدی وردە وردە ئەو هاشوهوشە كەمێك ئارام بووەوە و یەكێتی و لایەنەكانی دیكە سووربوون لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ ئەو شارە، بەڵام سەرباری ئەوەی چەندین بەڵێنیاندا بەڵام هیچیان جێبەجێ نەكرد، لەوەشدا سیاسەتی بانێك و دوو هەوایان پەیڕەو كرد، چونكە لەكاتێكدا لە ناو هەرێمدا سیاسەتی “زۆرینە” و كەمینە دەسەپێنن و بەیەكجار پۆستەكانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی و وەزارەتە هەستیارەكان دەبات، بەڵام لە كەركوكدا كە كورد شەش كورسی لەكۆی 12كورسی بەدەستهێنا و ئەو 6 كورسییەش هەمووی یەكێتی بردییەوە، كەچی داوایان دەكرد پارێزگارێكی بێلایەن یان بەخواستی ئەوان دابنرێت واتە یەكێتییەك بووایە بەتامی پارتی یان بێلایەنێكی بێ دەسەڵات بووایە كە بە هەڕەشە بێت یان بە چەشەكردن بیكەنە سەربەخۆو بێلایەنێك بەتامی پارتی.
ئەم مشتومڕەیان درێژە پێدا تا دوواجار گەیشتە ئەو رادەیەی چیتر پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەستی كورددا نەبێت لانیكەم لەو خولەدا.
ئەگەر بە شێوەیەكی پانۆرامایی بڕوانینە قۆناغەكانی دۆخی كەركوك دەگەینە ئەو بڕوایەی كە وتنەوە و هەزار بارەكردنەوەی دەستەواژەی 16ی ئۆكتۆبەر و تۆمەتباركردنی یەكێتی، هێندەی بۆ لابردنی زهنییەتی كوردەوارییە لەسەر 31ی ئاب و بەدەستەوەدانی شنگال و مەخمور و بەرگری نەكردنی هێزەكانی پارتییە لە ناوچە جێناكۆكییەكانی دیكە و هەزم نەكردنی دەنگ و پێگەی یەكێتییە لەو شارە، یەك لە هەزاری خەمخۆریی نییە بۆ كەركوك و خانەقین و جەلەولا و خورماتوو، بەڵگەی ئەوەش ئەوەیە كە دووبارە دەپرسین ئەگەر یەكێتی هۆكارە، ئێوە بۆ بەرگریتان نەكرد؟ ئەگەر دەڵێن ئەم ناوچانە جێ نفوزی یەكێتی و هێزەكانی ئەون، ئەی بۆچی لە ناوچەكانی نفوزی خۆیاندا شەڕو بەرگرییان نەكرد؟
کۆمیتەی ڕێك خستنی ڕانیە"
Picsart-24-02-23-21-31-09-085