رەشنووسی یاسای نەوت و غازی عێراق هێشتا رەوانەی پەرلەمان نەکراوە، یەکێکە لە هەستیارتیرین یاسا فیدراڵییەکان، پەرلەمانتارێکی پارتیش ئاشکرای دەکات کە ئەگەرێکی دوورە لەم خولەی پەرلەماندا عێراق ببێتە خاوەنی یاسای نەوت و غاز.
کارنامەی حکومەتەکەی سودانی یەکێک لە خاڵەکانی تایبەتە بەوەی کە لە ماوەیەکی دیاریکراودا حکومەت پڕۆژەیاسای نەوت و غاز بنێرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام تائیستا ئەو هەنگاوە نەنراوە.
لە چەند هەفتەی رابردوودا حکومەت لیژنەیەکی تایبەتمەندی پێکهێنا بۆئەوەی رەشنووسێکی گونجاو بۆ پڕۆژەیاساکە ئامادە بکات، بەڵام تائێستا ئەو لیژنەیە هەنگاوێکی ئەوتۆی نەناوە.
مەحما خەلیل ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە ماڵپەڕی “مەعلومە”ی ڕاگەیاندوە، “پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز یەکێکە لە گرنگترین یاسا ئابوورییەکان کە پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێم ڕێکدەخات”.
ئاماژەی بەوەشکرد “نیازێک لەناو ههموو هێزه سیاسییهکاندا هەیە بۆئەوەی یاساکە پەسەند بکرێت، بەڵام زۆر قورسە لەم خولەی پەڕلەماندا بتوانرێت دەنگی لەسەربدرێت و تێپەڕێنرێت، وەک ئەوەی هەندێک کەس بانگەشەی بۆ دەکەن”.
گرنگترین پرس کە یاساکە رێکیدەخات بریتییە لە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداد لەبواری نەوت و غازدا، پەرلەمانتارەکەی پارتی لەو بارەیهەوە دەڵێت “بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە ئەو یاسایە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەی تەواو هەیە”.لە ساڵی 2005ەوە بەردەوام داوای ئەوە کراوە عێراق بکرێتە خاوەن یاسای نەوت و غاز، بڕیاربوو ساڵی 2007 عێرقا هەرێم بەیەکەوە یاسای نەوت و غاز ئامادە و پەسەند بکەن، بەڵام هەرێم لەو هەنگاوەدا پێش عێراق کەوت، دواتر لە ساڵی 2011 رەشنووسێک ئامادەکرا بۆئەوەی بنێردرێتە پەرلەمانی عێراق، بەڵام هەرزوو پرۆسەکە شکستی هێنا و عێراق تائێستاش نەبووەتە خاوەنی یاسای نەوت و غاز.
بەشێک لە چاودێران ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز لەم قۆناغەدا بە مەترسیدار دەزانن بۆ سەر پێگە و قەوارەی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەگەر یاساکە لەم قۆناغەدا تێپەڕێنرێت لەژێر کاریگەریی سەرکەوتنی بەغداد دەبێت لە کۆتاییهێنان بە هەناردەی نەوتی هەرێم.
تائیستا گفتگۆ و ململانێکان هەرێم و بەغداد بەهۆی نەوتەوە بوون، بەڵام لەدوای پەسەندکردنی یاساکە ئەگەرێکی بەهێزە کە عێراق کێشە بۆ سێکتەری غازی هەرێمیش دروست بکات.
هەرێم خاوەنی یەدەگێکی گەورەی غازە کە کێلگەکەی کەوتووەتە ناوچەی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە سلێمانی، لە کێڵگەکەدا پێنج کۆمپانیای بیانیی وەبەرهێنان دەکەن و بڕیار وایە تا کۆتایی ساڵی 2025 ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لەو کێڵگەیە بگاتە نزیکەی ملیارێک پێ سێجا.
