نوێترین

recent

20/08/2023

لاهور شێخ جەنگی بەشداری کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی دەکات.

 

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی ئەندامانی هەڵبژێردراوی سەرکردایەتی کۆنگرەی پێشوو دەبن بە ئەندامی کۆنگرە  بەو پێیەش بێت، لاهور شێخ جەنگی دەبێت بە ئەندامی کۆنگرەی یەکێتی.


ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری کەرکوک بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کۆبویەوە و تێیدا بڕیاریدا، ڕۆژی ٢٧ی ئەیلولی ئەمساڵ کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی کە لە دواین کۆنگرەدا پەسەندکراوە، ئەوە ڕوونکراوەتەوە کە پەیڕەوی ناخۆ دەستکاری ناکرێت تا بەستنی کۆنگرەی ئاسایی.

لە خاڵی چوارەمی مادەی نۆی پەیڕەوی ناخۆی یەکێتیدا هاتووە: کۆنگرەی نائاسایی دەسەڵاتی گۆڕانکاری لە پەیڕەوەی ناوخۆی حزبەکەدا نییە و هەروەها، ناتوانێت گۆڕانکاری لە سەرکردایەتی یەکێتیدا بکات.

هەر بەپێی مادەی نۆی خاڵی پێنجەم، ئەندامانی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ئاسایی پێشوو دەبنەوە بە ئەندامی کۆنگرەی نائاسایی، واتە هەریەک لە لاهور شێخ جەنگی و ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتی یەکێتی کە لە دوای ڕووداوەکانی ٨ی تەموزەوە دوورخرانەوە بە پێی پەیڕە و دەتوانن بەشداری کۆنگرە بکەن.

مادەی ١٤ی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی دەڵێت "کۆنگرە هەر چوار ساڵ جارێک دەبەسترێت"، بەو پێیە بێت کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی پێش وادەی ئاسایی خۆیەتی و بە کۆنگرەی نائاسایی ئەژمار دەکرێت، بەڵام لە ڕاگەیەندراوی کۆبەنەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا ئاماژە بەوە نەکراوە.

ڕۆژی ٢١ی ١٢ی ٢٠١٩، یەکێتی کۆنگرەی چوارەمی خۆی بەست و تێیدا ١٢٤ کەس وەک ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردران و پاشان ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بە هاوسەرۆکی یەکێتی هەڵبژارد.

دوای زیاتر لە ساڵێک و شەش مانگ لە بەستنی کۆنگرەی یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی و جەند ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی دوورخرانەوە و بافڵ تاڵەبانی بوو بە سەرۆکی یەکێتی.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085