پۆز بە فەشەلەوە، والی بە پایسکیلەوە!
کوردایەتییە ئیدی (١٧)
هەموو کەسێکی بەویژدان لە هەرێمی کوردستان ئەو ڕاستییە دەزانێ کە حوکمڕانی ئەحزابی کوردایەتیی بە تەواوەتی لە گشت رویەکەوە فەشەلی هێناوە، بەڵام سەیر ئەوەیە لە نێو خۆیان پۆزی ئەوە لێدەدەن یەکیان فەشەلەکەی لەوەی تریان کەمترە! تەنانەت بە جۆری دزی و گەندەڵیشەوە لە نێوان یەکتری پۆز لێدەدەن، بۆ نمونە وەک ئەوەی زمانی حاڵی یەکێکیان بەوی تریان بڵێ؛ نەگبەت تۆ ئێستا پارەی گومرگ ئەدزی من لە نەوەدەکانەوە خەریکی ئەوەم و ئێستا خەریکی نەوت و شتی تریشین!
زۆر شتی حزبەکانی دەسەڵات جێگای پێکەنین و گاڵتە پێکردنە دیارترینیان ئەوەیە کە ئیدیعای ئەوە دەکەن یەکیان زیاتر لەوەی تریان پیاوی حوکمڕانییە و لەنێو خۆیاندا فشە بەسەر یەکتریدا دەکەن.
لەوە کۆمیدی تر مەگەر تەنها دەرکەوتن و قسەکردنی بێ دەسەڵاتانەی پارێزگارە حزبیەکانیان بێت کە خۆیان وەک نوکتە ناویان ناون (والی)!
بیستم یەکێک لەو (والی) یانە سەردانی بەرپرسێکی باڵای حزبی کردوە لە پرسگە دایان ناوە،کە گلەیی کردوە پێیان گوتوە پەلە مەکە لای خۆی تۆ سادە و ساکاری خەتای خۆتە ئەگەر بە پایسکیلەکەت هاتبای درەنگتر دەگەیشتی و زووتر دەچویتە ژورەوە.
هۆشیار عەبدوڵا
