نوێترین

recent

08/02/2023

دادگەى فیدراڵیی بڕیاری لەسەر مووچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەرانی هەرێمیم دا.

 دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵایەکى رەتکردەوە کە لە دژى خەرجنەکردنى مووچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان تۆمارکرابوو.

 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـى شوباتى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لەبارەى سکاڵایەک کە لە دژ سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمار کرابوو، کۆبووەوە. سکاڵاکە تایبەت بوو بە خەرجنەکردنى مووچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریدا بە رەتکردنەوە ئەو سکاڵایە، بەوپێیەى لە تایبەتمەندییەکانى ئەو دۆسیانە نییە کە دادگەکە تاوتوێیان دەکات. 
 
وریا سەعدى، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بەمیدیاکانی راگەیاند، دادگە سکاڵاکەى لەسەر ئەو بنەمایە رەتکردووەتەوە، کە ناچێتە چوارچێوەى ماددەى 93ـى دەستوور و ئەو پرسە لە تایبەتمەندیى دادگەى کارگێڕیى هەرێمى کوردستانە.
 
وریا سەعدی گوتیشی: "ئەو سکاڵایە لەلایەن ژمارەیەک لە فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانەوە تۆمارکرابوو".
 
سکاڵاکە لەسەر ناوی سەعید فەرەج ئەحمەد و چەند کەسێکى دیکەوە تۆمارکرابوو، کە تێیدا داوا کرابوو سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ناچار بکرێت بە خەرجکردنى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە نێوان 15ـى ئابى 2015 تاوەکو 1ـى 12ـى 2022، بەوپێیەى بەگوێرەى سکاڵاکە خەرجنەکردنى ئەو مووچە پاشەکەوتکراوانە، پێچەوانەى هەردوو ماددەى 29 و 30 ـى دەستوورى عێراق و یاساى چاودێریى کۆمەڵایەتیى ژمارە 126ـى ساڵى 1980ـى عێراقە.
 
ئەو دوو ماددەیەى دەستوور و یاساکە، تایبەتن بە مافى منداڵ لەسەر باوان لە بوارى پەروەردە و چاودێرى و خوێندن و ئەرکى دەوڵەت بۆ پاراستنى ژنان و منداڵان و بەساڵاچوان و گەنجان و رەخساندنى دەرفەتى پێویست بە گەشەسەندنیان و قەدەخەکردنى قۆستنەوەى منداڵان لەڕووى ئابوورییەوە و دابینکردنى بنەما سەرەکییەکانى ژیانى شایستە بۆ تاکەکانى کۆمەڵگە. 
 
لەدواى بڕینى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان لەلایەن حکومەتى فدراڵیەوە لە ساڵى 2015، حکومەتى هەرێمى کوردستان پەناى بۆ بڕینى بەشێک لە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان برد، کە بە پاشەکەوتى مووچە ناسرا.
 
لە 8ـى ئادارى 2019 نێچیرڤان بارزانى کە ئەوکات سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بوو، بڕیاری دا بە کۆتاییهێنان بە پاشەکەوتى مووچە و خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەران بەبێ لێبڕین، لەو ماوەیەدا حەوت مووچەى تەواوى فەرمانبەران پاشەکەوتکرا و 33 موچەش بەشێکى لێ پاشەکەوتکرا.

 

Picsart-24-02-23-21-31-09-085