د. چنار سەعد ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دەڵێت، پێش هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عیراق هەماهەنگی لەنێوان یەكێتی و پارتیدا هەبووە، بەهۆی ئەوەشەوە یەكێتی دوو كاندیدی هەبووە.
د. چنار سەعد بە میدیای سەربە حزبەكەی وتووە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار جۆرێك لە هەماهەنگی و رێككەوتن لەنێوان یەكێتی و پارتیدا هەبووە و ئەوەش نیشانەی بەهێزی هەردوو حزبە، ئەگەر هەماهەنگی نەبووایە ئەوا یەكێتی دوو كاندیدی نەدەبوو.
بافڵ تاڵەبانی :بەربژێری پارتیمان شكاند
سەبارەت بەوەی كە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی وتویەتی "بەربژێری پارتیمان شكاند" ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەداوە، ئەو لێدوانە كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردولا دەبێت، بەڵام گرنگە ئەوەی رویدا لە دوێنێدا بەجێبهێڵرێت و كاریگەری لەسەر یەكڕیزی كورد نەبێت و دەبێت هەموو حزبەكان لە بەغدا بە یەك هێڵی گشتی كاربكەن كە ئەویش بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بێت.
وتوشیەتی، پێویستە لایەنەكان لە بەغدا كار لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی كوردستانی بكەن بۆ ئەوەی لەسەر زۆرینەی پرسەكان هاودەنگبن، هەرێمی كوردستان و پارتی ئامادەی هەموو پشتیوانییەكی سەرۆككۆماری نوێی عیراقن و دەخوازن پێكەوە كاربكەن بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی هەرێم.
