
جەمال عبدالله
پێشتر، كۆمەڵێك جاشپەرلەمانتارمان لە پەرلەمانی عێراق و كوردستان ھەبوون، ھەندێكیان خانەنشین بوون بەڵام تاكوتەرایەكی تریان ماون و ھەتا ئێستاش بۆ ھێرشكردنە سەر گرێبەستە نەوتیەكانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپیانیا نەوتیە بیانیەكان، لە دەم نەكەوتوون، بەڵام ئێستا ئابڕووچوونێكی گەورەی ناو ھەمواركردنی تەنیا دوو گرێبەستی نەوتی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و دوو كۆمپانیای نەوتیی بیانی ئاشكرا بووە، ئەو گەندەڵی و ئەو ئابڕووچوونە گەورەیە چیە؟
بە گوێرەی بڕگەی (ز)ی ناو ڕاپۆرتێكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق ژمارە (ن - 14 - 28 - 10 - 5798) بەھۆی ھەمواركردنی تەنیا دوو گرێبەستی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ ھەریەك لە كۆمپانیای بریتیش پەترلیۆم و پەترۆ چاینا، بۆ گەشەپێدانی كێڵگەی نەوتی ڕومەیلە بڕی 825 ملیار و 520 ملیۆن و 500 ھەزار دۆلار زیانی دارایی بەر عێراق كەوتووە، بەشی كۆمپانیای سۆمۆی عێراق لەو گرێبەستە، لە لەسەدا 19وە ھێنراوەتە خوارەوە بۆ لەسەدا 6 ... دە ئنجا: -
1- كوان ئەو پاڵەوانانەی كە ھێرشیان دەكردە سەر گرێبەستەكانی نەوتی ھەرێمی كوردستان و ئێستاش ھەندێكیان كە ڕاپۆرتە وەرزیەكانی كۆمپانیای دیلۆیت تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی ھەرێم و بەش و شاییستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی نەوت لەناو بڕی داھاتی نەوتی فرۆشراو بڵاو دەكرێتەوە، دەڵێن نەوتی ھەرێم بەتاڵان دەبرێت و چۆن دەبێت زیاتر لە نیوەی داھاتی نەوتی ھەرێم بدرێت بە بەش و شاییستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی بەرھەمھێنانی نەوت لە ھەرێمی كوردستان؟
دە فەرموو ئەوە ھەر بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی فەرمیی دەزگایەكی فەرمیی عێراق كە دیوانی چاودێریی داراییە، لەو دوو گرێبەستەدا لەسەدا 94ی بۆ بریتیش پەترلیۆم و پەترۆ چاینەیە و بەشی كۆمپانیای سۆمۆ لەو دوو گرێبەستەدا لەسەدا شەشە! ئەو كۆمپانیایەی كە خۆیان و پاڵەوانە بەرگریكارەكان لە سۆمۆ، داوایان دەكرد با ھەرێمی كوردستان نەوتی خۆی ڕادەستی سۆمۆ بكات!
2- كوان ئەو پاڵەوانانەی كە ھێرشیان دەكردە سەر گرێبەستەكانی نەوتی ھەرێمی كوردستان و لای خەڵك وا خۆیان دەردەخست كە زۆر لە خەمی بەھەدەرنەدانی پارەی نەوتی ھەرێمی كوردستاندان؟ باشە خۆ ئەگەر بە ڕێژەی لەسەدا حەڤدەكەی بەشی ھەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق حساب و كیتاب بكەین لەو 825 ملیار دۆلارەی كە زیان بەر داھاتی نەوتی عێراق كەوتووە، زیاتر لە 140 ملیار دۆلار زیان بە بەشی ھەرێمی كوردستان كەوتووە! ئەی ئەوان ناڵێن نەوت موڵكی ھەموو گەلی عێراقە و دەبێ داھاتەكەی بۆ ھەموو عێراقیەكان بێت؟
دە باشە خۆ ھەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، دەبا ئێستاش پاڵەوانەكانی بەرگریكردن لە خەڵك، پاڵەوانێتیی خۆیان دەربخەن و ھیچ نەبێت لەسەر ئەو 140 ملیار دۆلارەی بەشی ھەرێمی كوردستان دەم بكەنەوە، ئەی بۆچی ئەمە ناكەن؟ ئایا دەمیان چەور كراوە یان پێیان گوتراوە ئێوە حەقتان بەسەر ئەم جۆرە گەندەڵی و ئەم جۆرە بەفیڕۆدانەی داھاتی نەوتی عێراق نەبێت و خۆیانی لێ كەڕولاڵ و كوێر بكەن؟