نوێترین

recent

17/09/2022

وەزارەتی دارایی بڕیارێکی بۆ فەرمانبەران دەرکرد و دەوامی هەندێک کەس پێکەوە قەدەغە دەکرێ




وەزارەتی دارایی، بڕیارێکی بۆ قەدەغەکردنی کارکردنی پێکەوەیی به‌شێكی فەرمانبەران لە دەوامی فەرمی دەردەکات.

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوێك، کە لە 14ی9ی 2022دەرچووە و نووسراوەکەش بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی وەزارەتی دارایی نێردراوە، تیایدا جەخت لە بڕیارێک کراوەتەوە.

لە نووسراوەکەی داراییدا هاتووە: "نابێت فەرمانبەر لەگەڵ کەسی نزیکی پلە یەکی خۆی (هاوسەر، دایک، باوک، خوشک، برا، کوڕ و کچ) لە یەک فەرمانگە پێکەوە بن و پێکەوە دەوام بکەن".

ئاماژە بەوەش کراوە، بۆ چەند ناونیشانێک ئاساییە ئەو کەسانە لە یەک فەرمانگەش پێکەوە بن، هاتووە: " فەرمانبەرانی خزمەتگوار (پاسەوان، پاککەرەوە، چایەچی، پۆستەبەر، باغەوان، شۆفێر) ئەگەر کەسی یەکەمیشیان لە یەک فەرمانگە بێ ئاساییە".

وەزارەتی دارایی جەختی کردووەتەوە، کە دەبێ فەرمانگەکانی وەزارتەکە ناوەڕۆکی بڕیارەکە و گشتاندنەکە جێبەجێ بکەن، ئەوەش هاتووە: " دەبێت بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی وەزارەتی دارایی بۆ جێبەجێکردنی ئەو گشتاندنە و نووسراوەکە، لیژنە پێک بهێنن و تا پێش کۆتایی ساڵ لە ئەنجامەکەی ئاگادارمان بکەنەوە".

بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی ئەوەی ڕاگەیاند: "ئەو بابەتە تایبەتە بە فەرمانگەکانی وەزارەتی دارایی و بۆ هەموو وەزارەتەکان نییە و هۆکارەکەشی بۆ ڕێکخستنەوەی بواری کارگێڕییه".

ئەو بەرپرسە گوتیشی: "لە فەرمانگەیەکی گەورەی وەزارەتی دارایی، زیاتر له 30 کەس دەوام دەکەن هاوسەری یەکترن، لە شوێنی دیكەیش خوشک و برا و خزمی دیكەی پلە یەک زۆرە، ئەوەش لە ڕووی کارگێڕی بڵش نییە و کاریگەری بۆ سەر دەوام و ئیشوکارەکانمان هەیە".

ئەو بەرپرسە ئاشکراشی کرد، تاوەکوو کۆتایی ساڵ چاوەڕێی لیژنەکان دەکەن و بڕیاری خۆیان دەدەن.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085