نوێترین

recent

27/09/2021

محەمەدی حاجی مەحمود: باشە 30 ساڵە حزبەكانی دەسەڵات چیان كردووە




سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: ئێمە چەندێك لە بەغداد بەهێزبین ئەوەندە دەتوانیین مافە ڕەواكانی خۆمان بەدەست بهێنین بەڵام ئێمە كار بۆ سەربەخۆیی دەكەین، سەد لەسەد دەزانم ئەم عێراقە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام نابێت، دەبێت عێراق دابەش بكرێت.

محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند: " ئێمە لە بەغداد داوادەكەین ئەنجوومەنی فیدڕاڵی عێراق دابمەزرێت، پێمانوایە لە 2003 وە لەماوەی ئەو هەژدە ساڵەدا دەیتوانی ڕێككەوتنی نێوان توركیا و عێراقی ساڵی 1984 هەڵبوەشێتەوە، ڕێككەوتنامەكەی جەزائیر یان هەڵبوەشاندایەوە، ئەنجوومەنی فیدڕاڵی عێراقیان دابمەزراندایە واتە هەڵەبجە بچوكترین پارێزگایە و بەسڕە گەورەترین پارێزگایە نوێنەریان هەبێت لەو ئەنجوومەنە هیچ كامیان ڕازی نەبێت هیچ بڕیارێك نە پەرلەمان نە حكومەت نەتوانێت جێبەجێی بكات، ئەنجوومەنی فیدڕاڵی زۆر گرنگە هەتا ئێستا نەكراوە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو دوو ڕێككەوتنامەیە چ جەزائیر، چ ڕێككەوتنی توركیا و عێراق پێویست بوو پەرلەمانی عێراق هەڵیانبوەشێنێتەوە، بێجگە لەوانە مەسەلەی سنوری كوردستان هەتا ئێستا ئێمە نازانیین، ناوچەیەك هەیە پێی دەڵێن ناوچە جێناكۆكەكان یاخود ماددەی 140 ئەوانەش پێویستی بە یەكلاكردنەوە هەیە، لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بارودۆخی كورد زۆر خراپە لەناوچە دابڕاوەكان لە خانەقین ڕۆژانە دیهات چۆڵ دەكرێت لە قەرەتەپە و لە دوزخورماتوو خانوەكانیان تێكدەدەن لەناوچەی داقوق و دیهاتی ناوچەی كاكەكیەكان چۆڵكراوە لە مەخموور و لە دبز بارودۆخی كورد زۆر خراپە لەو ناوچانە زەوی و ماڵ داگیر دەكەن."

ووتیشی: پێشتر كورد لە عێراق یەك بازنە بوو لە 275 كورسی كورد 77 كورسی هەبوو، سەرۆك كۆماری هەبوو، سەرۆك ئەركانی سوپای عێراقی هەبوو، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەبوو، حەوت وەزیری هەبوو ئەوكاتە من پێموایە كورد بەئاسانی دەیتوانی بیكات بەڵام خۆی نەیكردووە، لەدوای ئەوانەش هەردەیتوانی بیكات بابەتەكە ئەوە نییە كە چەند ئەندام هەیە لە بەغداد بەڵكو كارایی ئەندامەكان گرنگە، ئێستا كۆمەڵێك لە ئەندامەكانمان لە بەغداد هەوڵدەدەن قەوارەی هەرێمی كوردستان هەڵوەشێتەوە و پارێزگاكان دروست بكەنەوە واتە سلێمانی ببەستنەوە بە بەغدادەوە لەو بابەتانە كاردەكەن، پارەی كوردستانیان بڕیوە واتە جۆری خەڵكەكان كێن لە بەغداد ئەوە گرنگە ڕاستە ژمارە كاریگەری هەیە بەڵام جۆری كەسایەتیەكان لە بەغداد ئەوانەی كە لەوێ ئیش دەكەن كێن؟ كەسێكن هەست بەلێپرسراویەتی دەكەن و ئیش دەكەن بۆ كورد؟ بۆ میللەتەكەیان چوون؟ یان بۆ ژیانی خۆیان چوون؟."

"پەرلەمانی عێراق هەرخۆی پەرلەمانێكی بێهێز دەبێت "
سەبارەت بە پێشبینییان بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، محەمەدی حاجی مەحمود وتی" من پێموایە پەرلەمانی عێراق هەرخۆی پەرلەمانێكی بێ هێز دەبێت، چونكە پەرلەمانی عێراق ئێستا هی حیزب نییە پەرلەمانەكە هی هەموو تاكێكە، جاران دوو دەنگ دەدرا دەنگێك بۆ لیستی حیزبەكە و دەنگێك بۆ كەسایەتیەكە واتە لەسەر لیست بوو كاتێك كە كێشەیەك لەعێراقدا دەبوو تەنانەت كە ئەمەریكیەكان تەداخولیان دەكرد لەگەڵ مالیكی و لەگەڵ سەدر و لەگەڵ حەكیم و لەگەڵ مام جەلال و كاك مەسعود و عەلاوی و ئەمانە كۆدەبوونەوە، ئێستا لەگەڵ كێدا كۆدەبنەوە ئەگەر كێشەیەك لە بەغداد هەبێت، ئەم یاسا نوێیە وایكردووە كە پەرلەمانێكی بەهێز نییە پەرلەمانێكە لەسەر تاكی كەسایەتیەكان دروستبووە، كەسایەتیەكان زۆر لاواز دەبن هەركەسێك بەئارەزووی خۆیان دەتوانێت هەڵیانسوڕێنێت و چیان بیەوێت پێیان بكەن."

"خولی داهاتووی پەرلەمان كەس بەكەس دەبێت..هەركەسێك بە وەكالەت بە تەوجیهی كەسێك بۆ وڵاتێك ئیش دەكات "
محەمەدی حاجی مەحمود زیاتر وتی"پێموایە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق كەس بەكەس دەبێت، پەرلەمانێك نییە خاوەنی هەبێت، واتە پەرلەمانێك نییە كە سەرانی حیزبەكان كۆببنەوە و چارەسەری كێشەكان بكەن بەڵكو پەرلەمانێكە هەركەسێك بە وەكالەت بە تەوجیهی كەسێك بۆ وڵاتێك ئیش دەكات."

"ئێستا هاتۆتەوە جلێكی كوردی لەبەر كردووە و دەگەڕێت ماڵ بە ماڵ دەنگ بدەن بەو دەیەوێت چوار ساڵی تریش بچێتەوە "
"من دەبینم سێ خول لە بەغدادن واتە بەلانی كەمەوە هەشت ساڵە لە بەغدادە، یەك قسەی بۆ كورد نەكردووە ئەوانەی كە باسمكرد هیچی نەكردووە بۆ كورد، ئێستا هاتۆتەوە جلێكی كوردی لەبەر كردووە و دەگەڕێت ماڵ بە ماڵ دەنگ بدەن بەخۆی، دەیەوێت چوار ساڵی تریش بچێتەوە بۆ بەغداد لەكاتێكدا ئەوانە دژی ئەوە بوون كە فڵانە كەس ماوەی بەسەرچووە و بۆ دەست لەكار ناكێشێتەوە ! ئێستا خۆیان دوو خولە لە بەغدادن دەیانەوێت چوار ساڵی تریش بچنەوە بەغداد."محەمەدی حاجی مەحمود وایوت"

"باشە 30 ساڵە ئەوان چیان كردووە ! "
محەمەدی حاجی مەحمود دەشڵێت" یەكێكی تر ئەوەیە ئەو حیزبانەی لە دەسەڵاتن 30 ساڵە لەكوردستانن و ئەم وڵاتە لەدەستی ئەوانە ئێستا دەگەڕێت، دەڵێت دەنگم بۆ بدەن با خزمەتگوزاریت بۆ بكەم باشە 30 ساڵە ئەوان چیان كردووە ! من قسەم لەسەر ئەوانە هەبووە."

" كورد ئێستا لەعێراقدا لاوازە "
بە بڕوای محەمەدی حاجی مەحمود لە ئێستادا كورد لە بەغداد لاوازە، لەو ڕوەوە دەڵێت" كورد ئێستا لەعێراقدا لاوازە، لە عێراقدا هاوبەش نییە، كورد لە بڕیاری سیاسی عێراقیدا بەشدار نییە ئێستا، لەو ڕۆژەی كە حكومەتی عەبادی دامەزرا لە سلێمانی كۆبوونەوەیان هەبوو لە بارەگای بزوتنەوەی گۆڕان هەموو هێزە سیاسیە كوردییەكان داوایانكرد لە عەبادی نیو سەعات حكومەتی عێراقی دوابخات، بەڵام ئامادە نەبوو نیو سەعات دوایبخات بۆ نەتەوەیەكی گەورەی وەكو كورد، واتە كورد لە بڕیاری سیاسی بەشدار نییە ئەوكاتە دوو وەزیریان بۆ دانان دوای ئەوە چوون بەشەرمەوە وەریانگرت كە دەبووایە وەریان نەگرتایە."

"ئێمە 21 كاندیدمان هەیە....پێشبینی دەكەین زیاتر لە دوو كورسی بەدەست بهێنیین "
سەبارەت بە كاندیدانی حیزبەكەی بۆ هەڵبژاردنە پێش وەختییەكەی پەرلەمانی عێراق، محەمەدی حاجی مەحمود ڕایدەگەیەنێت" ئێمە 21 كاندیدمان هەیە بێجگە لە كوردستان، لە ناوچە جێناكۆكەكانیش، وەك موسڵ لە بازنەی 7 كاندیمان هەیە، لە كەركوك دوو كاندیدمان هەیە لە بازنەی 2،3 ، لە دیالە دوو كاندیدمان هەیە، لە بازنەكانی كوردستان لەهەموویان هەمانە لە دهۆك لە هەرسێ بازنەكە هەمانە، لە هەولێر لە هەر چوار بازنەكە هەمانە و لە سلێمانی پێنج كاندیدمان هەیە، ئێمە چاوەڕێی ئەوەین گۆڕانكاری زۆر ڕوودەدات لە پەرلەمانی عێراق و لە كوردستان ئەمجارە لەناو هەموو حیزبەكاندا گۆڕانكاری ڕوودەدات، ئێمە پێشبینی دەكەین زیاتر لە دوو كورسی بەدەست بهێنیین ."
Picsart-24-02-23-21-31-09-085