
ئەگەر بێ ترس وبێ موجامەلە بڕوانیتە بوونی ئیسلامییەکان و حزبە ئیسلامییەکان، لە هەر بوارێك لە بوارەکان، تەنها زەرەر و زیانەکانیان دەبینیت.
تۆ بڕوانە سەرەڕای ئەوەی دەزانن کە کورد چەندە ستەمی لێ دەکرێت بە دەستی دوژمنانی، بە تایبەتی ئەردۆگانی تورك، کە هەتا خەڵکی بێگانە ترامپ و زۆر لە سیاسەتمەدارانی جیهان، هەستیان پێکردووە وبە نوکتە باسی ڕقی ئەردۆگان لە کورد دەکەن، هەتا بەو دوایە دیتتان کوڕی نەتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل، بۆ وەڵامدانەوەی لێدوانە عەنتەریە بێ کردەوەکانی ئەردۆگان، تەنها ئاڵایەکی کوردی لە ئەکاونتەکەی بڵاوکردبوەوە، و ئەردۆگانیشی تاگ کردبوو! کەچی هێشتا ئیسلامییەکان بەوپەڕی بێ شعورییەوە پشتگیری ئەردۆگان و سیاسەتە دوژمنکارەکانی دەکەن، تەنها لەبەرئەوەی ئیسلامییەکان ختوکە دەدات بە قسە و هەندێ کردەوەی دۆنکیشۆتی بێ ناوەرۆك.
سەدان وتار بە هەموو زمانەکانی دنیا و هەزارەها بەڵگە هەیە لەسەر پەیوەندی پتەوی ئەردۆگان و ئیسڕائیل وزایۆنیزم، کە بەشێکی لەو کتێبەش باسکراوە، کەچی هیچ کار لە وەلائی ئیسلامییەکان ناکات بۆ ئەردۆگان!
وڵاتەکەی لە بازرگانی لەشفرۆشی پێش هەموو ئەوروپاش کەوتۆتەوە، کەچی مێشێك مێوانی ئیسلامییەکان نییە!
بە ئاشکرا هاوپەیمانی لەگەڵ حزبێکی گڵاوی فاشیستی وەك حزبەکەی باخچەلی دەکات، کەچی موێك لە سمێڵی ئیسلامی سیاسی ناجوڵێنێ!
دڵسۆزانی نیشتیمان وگەل پێکەوە، توانیمان تا ڕادەیەکی باش ئارەقەی شەرمەزاری بە خۆفرۆشە زلەکانیان بکەین، بڕوبیانوو بهێننەوە بۆ خۆسوك کردنیان و خۆفرۆشیان، کەچی ئێستاش بەردەوامن لەسەر بەرهەمهێنانی ڤێرژنی نوێ لەو خۆفرۆشانەی بە تایبەتی ناو ئیخوانیە کوردییەکان، تازە بەو درەنگانە ڕۆژانە بە شان و باڵی ئەردۆگان هەڵدەدەن!
ئەوە چ نەگبەتیەکە بۆ کورد، کە هەتا مافیا و پیاوکوژ وموجریمەکانی تورك نیشتیمان وگەل پەروەرتر بن، لە کوردە ئیسلامییەکان!
ئەو کتێبە زۆربەی ئەو بابەتانە بەخۆ دەگرێت، کە لە دژی ئەو خۆکردنە بە کەوا سووری بەر لەشکری ئەردۆگان نووسراوە. ئەوانە هێشتا نمونەن، دەنا ئەگەر لەسەر هەموو خۆفرۆشییەکانیان بوەستاباین، بە چەندین موجەلەد تەواو نەدەبوون.