نوێترین

recent

11/09/2019

حكومه‌تى هه‌رێم كۆمه‌ڵێك بڕیارى ده‌ركرد


ئاژانسى وڵات
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ١١ى ئه‌یلول، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى حكومه‌تى هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی خۆى ئه‌نجامدا، له‌دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش بڵاویكرده‌وه‌ "هه‌فته‌ى داهاتوو به‌ مه‌به‌ستى تاوتوێكردنى پرسى بودجه‌، وه‌فدێكى حكومه‌تى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات"و كۆمه‌ڵێك بڕیاریشى ده‌ركرد.


ده‌قى راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم كه‌ له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌


ئەنجومەنی وەزیران کۆمەڵێک بڕیار دەردەکات

• هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پرسی بودجە سەردانی بەغدا دەکات.

• بانگهێشتی لیژنەکانی ( دارایی، نەوت وگاز ، یاسایی ) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ هەرێمی کوردستان دەکرێت.

• بڕیاردرا لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێرێت بۆ هەلسەنگاندنی سەرژمێریی 2020 و خستنەڕووی داخوازییەکانی کوردستانییان بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانەوە.


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە 2019/9/11 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە .
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ و ئەندامانی لیژنەی دارایی لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کە رۆژی 8 ی ئەیلول لە هەولێر بەسترا خستەڕوو . لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا ، هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی گفتوگۆ و ئالوگۆڕکردنی زانیاری سەبارەت بە پرسی بودجە و بەشداری هەرێمی کوردستان لە قۆناخی سەرەتای ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی 2020 لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ . هەروەها بانگهێشتی لیژنەکانی ( دارایی، نەوت وگاز ، یاسایی ) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش بۆ هەرێمی کوردستان بکرێت.
رۆژی پێنجشەممە 2019/9/12 شاندێکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ خستنەڕووی داتا و زانیاریی پێویست لە بارەی گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا ، وەزیری پلاندانان راپۆرتێکی سەبارەت بە پڕۆژەی سەرژمێری لە عێراق پێشکەش کرد کە بڕیارە ساڵی 2020 ئەنجام بدرێت. وەزیری پلاندانان تیشکی خستە سەر لایەنەکانی ئەم پڕۆژەیە و ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە بڕیاردرا لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێرێت بۆ هەلسەنگاندنی پڕۆژەی سەرژمێرییەکە بەرەچاوکردنی بەرژەوەندی کوردستانییان بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانەوە .

لە کۆتاییدا ، کۆبوونەوەکە گفتوگۆی لە بارەی میکانیزمی نوێ بۆ رێکخستنەوەی باج کرد بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەی پەیڕەوی تایبەت بە تیانووسی بازرگانی ( الدفاتر التجاریە)ی پەسەند کرد کە میکانیزمی نوێ لە خۆدەگرێت بۆ رێکخستنەوەی باج.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085