دواجار لایەنەكانی پارێزگای هەڵەبجە لەسەر پرسی پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە رێككەوتن و بڕیاردرا لیژنەیەك بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنەكە پێكبهێدرێت.
ئەمڕۆ دو شەممە (2/9/2019) كۆبونەوەی لایەنە سیاسیەكانی پارێزگای هەڵەبجە بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە ئەنجامدرا و دواتر ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژمەوانیدا رایگەیاند: "لایەنەکان رێککەوتن و لیژنەیەک بۆ پرسی پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە پێکبهێنن".
بەپێى کۆنوسى کۆبونەوەکە لایەنەکان رێککەوتون کە لەسەر بنەماى بەرکەوتەى هەڵبژاردن و رێککەوتنەکەى ساڵی (2017) پۆستەکان دابەشبکرێت و بڕیاریش دراوە تا (5/9/2019) ناوى کاندیدانى ئەنجومەنى پارێزگا رەوانەى پارێزگاى هەڵەبجە بکەن بۆ ئەوەى رێکارە یاساییەکانى بگیرێتە بەر.
ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە لە (25) كورسی پێکدێت و بەپێى رێککەوتنەکان سەرۆكی ئەنجومەن بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و جێگری سەرۆكی ئەنجومەن بۆ یەكێتی نیشتمانی و سكرتێری ئەنجومەنیش بۆ كۆمەڵی ئیسلامی دەبێت، دابەشكردنی كورسیەكانی ئەنجومەنیش بەم شێوەیە دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان (5) كورسی، یەكێتی نیشتمانی (6) كورسی، یەكگرتوی ئیسلامی (4) كورسی و كۆمەڵی ئیسلامی (3) كورسی (لە چوارچێوەى لیستى خزمەت کە حەوت کورسییان ەبێت)، پارتی دیموكراتی كوردستان (3) كورسی، بزوتنەوەی ئیسلامی (2) كورسی، سۆسیالست و حزبی شیۆعی (1) كورسی، كاكەییەكان (1) كورسی.
