عەقڵ یان نەوت ؟!
(وڵات پێویستی بە نوخبەیەكی سیاسی ئیداری بیركەرەوەی عاقڵە) نەك نەوتی خاو
عوسمان عبداللە گوڵپی
مرۆڤ گەڕ سەرپێییانە لە هەروڵاتێك بڕوانێت یەكسەر بیری بۆ لای ئەوە دەچێ ئەو وڵاتانە بە چی دەژین و پێشكەوتون واتا سەرچاوەی سامان و داراییان چیە ، گەر وڵاتێكی دەوڵەمەندبێت بە نەوت و سامانی كانزایی ژێر زەوی ئەوا پێویست بە گەڕان ناكا بە دوای وەڵامەكەدا و پێمانوایە ئەوە هۆكارەكەیە، بەڵام ئەمە بۆ وڵاتانی وەك عێراق تەواوە (چۆن ژیانێك؟)بەڵام بۆ زۆر وڵاتیتر جێگای پرسیارێكی جدییە.
ئایا بەڕاس وڵات بە نەوت و گاز بەڕێوەدەچێت و بنیاد دەنرێت؟
گەر سامانی ژێر زەوی بنیادی وڵات دەنێت و خۆشگوزەرانی دروست دەكات ئەی كوا؟ بۆچی زۆر وڵاتی دنیا هیچ سامانێكی ژێر زەوی و سەرزەویان نیە و ڕێژەی بنیادنان و خۆشگوزەرانیان لە هەموو ئەو وڵاتانە بەرزترە كە دەوڵەمەندن بە نەوت و موشتەقاتەكانی؟ بۆچی هاوڵاتیانی وڵاتانی نەوتدار كۆچ بەرەو وڵاتی بێ نەوت دەكەن بۆ ژیانێكی باشتر؟
وڵامەكە زۆر ئاسانە چونكە وڵات تەنها بە سامان بەڕێوە ناچێ و بنیاد نانرێ بەڵكو وڵای بە عەقڵ بەڕێوە دەچێ.
وڵات چەند ڵە ڕووی سامانەوە دەوڵەمەندبێت گەر نوخبەیەكی سیاسی عاقڵی ئیداری نەبن ئەوا نە بنیاد دەنرێ و نە دەتوانێ خۆشگوزەرانی بەرهەم بهێنێت، دەبێت ئەوانەی سیاسەت و ئیدارەی ئەو وڵاتە دەگرنە دەست خەڵكانێكی دڵسۆزی عاقڵی سیاسی و ئیداریبن، ئەو كات گەر ئەو وڵاتە سامانیشی هەبێ دەبێتە هۆی گەشەی خێراو پێشكەوتنی بەردەوام ، بە پێچەوانەشەوە گەر ئەو نوخبەیەی ئیدارەی وڵات و سیاسەتی وڵات دەكەن تەندروست و دڵسۆز نەبن و بەرژەوەندی گشتیان كردە قوربانی بەرژەوەندیە شەخسیەكانیان ئەوا چاوەڕێیی هەموو شتێك بكەن خۆشبەختی نەبێ چونكە بونی نەوت و سامانی وڵات دەبێتە بەڵایەك بۆ سەرشانی میللەت و هەمیشە بەشێك دەبێت لە بارگرانی و لە ڕووی پێگەی سیاسیشەوە لە دواوەی وڵاتان و لە خۆشبەختی هاوڵاتیانیشدا لە قڕەی وڵاتاندایە و تەنها لەیەك ڕیزبەندیدا یەكەمی دەگرێت، ئەویش ڕیزبەندی وڵاتانی گەندەڵە .
بۆیە ئەوەی گرنگە بۆ وڵات نەوت و سامانەكان نین بە تەنها بەڵكو عەقڵە، عەقڵ هەبوو دەیان ڕێگە دەدۆزرێتەوە بۆ چارەسەری ئاریشەكان و دەیان بیركردنەوەی نوێ دەخرێتە خزمەت گەشەكردنی وڵاتەوە، سەرنجێكی وڵاتانی جیهان بدە،ئەوا بە ڕوونی بۆت دەردەكەوێت نوخبەی سیاسی چ كاریگەریەكی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر وڵاتەكانیان و توانیویانە چۆن وڵاتەكانیان بگۆڕن، بۆیە ئەوەی گرنگە بۆ وڵات نەوت نیە. بەڵكو نوخبەیەكی سیاسی دڵسۆزی عاقڵە، كە خۆیان بخەنە خزمەتی هاوڵاتیان و وڵاتەكەیان و بەرژەوەندیەكانی خاك و خەڵك لە بەرژەوەندیەكانی خۆیان لا گرنگتربێت، خۆ ئەگەر وڵاتێك نوخبەیەكی بیركەرەوەی عاقڵی ئیداری هەبێت و سامانی ژێرزەوی و سەرزەویشیان لە بەردەستبێ ئەوە ئایندەیەكی ڕوون لە كەمترین كاتدا بەدەست دەخەن بۆ نەوەكانی ئێستاو داهاتوویان.
چونكە خۆشگوزەرانی و پێشكەوتن و گەشەكردن بەرهەمی بیركردنەوەی عاقڵانەی نوخبەیەكە لە هەروڵاتێكدا نەك بەرهەمی ڕێژەی نەوت و غاز لەو وڵاتە....
