نوێترین

recent

13/08/2019

بۆچی کارمەندی باش واز لە کارەکەی دەھێنێت؟


 بۆچی کارمەندی باش واز لە کارەکەی دەھێنێت؟
ھۆکارەکان چین؟!
بەڕێوەبەرەکان چی بکەن؟

ئاراس عومەر

کارمەندی باش سەرمایەیەکی گەورەیە بۆ ھەر دەزگاو کۆمپانیاو جێگایەکی کارکردن، وازھێنانیشیان زیانێکی گەورەیە. بۆیە گرنگە لە ھۆکارەکانی وازھێنانی کارمەندی باش تێبگەین و گەر رۆژێک بەڕێوەبەر بوین بەھانەیان نەدەینێ تا واز بھێنن..
لە گرنگترین ھۆکارەکان:
- کەمیی متمانەپێکردن و پێنەدانی سەربەخۆیی لە کارکردن... کارمەندی چاک حەزی بەوەیە متمانەی پێبکەیت، حەزی لە سەربەخۆیی و بریاردانە، ئەوەی لێبگریتەوە وەک ئەوە وایە نان و ئاوت لێبڕیبێت.. ئاگاداربە با لە دەستت نەچێت.
- پێ نەدانی دەرفەت بۆ گەشەکردن و بەرەوپێشچون... کارمەندی باش بەردەوام خۆی بەرەوپێشبردوە تا گەشتوەتە ئەو ئاستەی لای تۆ کار دەکات، دەشیەوێت ھەر بەردەوام بێت، بۆیە گەر ئەو دەرفەتەی نەبینی لەگەڵ تۆ، ئەوا دەروات و بۆ کارێکی تر دەگەرێت کە دەرفەتی بەرەوپێشچونی باشتری تیابێت.
- ھەستکردن بەوەی سود لە تواناکانی وەک پێویست وەرناگیرێت... کارمەندی باش دەیەوێت ھەرچی توانای ھەیە بەکاری بھێنێت، کە ھەستی کرد ئەو بوارەی نیە یان رێگەی پێنادرێت، بۆ کارێک دەگەڕێت کە بتوانێت ھەمو تواناکانی تیا بەکاربھێنێت.
- نەبونی گفتوگۆ لەگەڵیدا بۆ تێگەیشتن لە خواست و تواناکانی... لە ھەمو کەس زیاتر گفتوگۆ لەگەڵ کارمەندە باشەکانت بکە.
- پێ نەزانین و نەنرخاندنی کارەکانی..
- رێزنەگرتن لێی...
پێزانین و رێزگرتن لای ھەمو کەس گرنگن، بەڵام کارمەندە باش و زیرەکەکان زیاتر چاوەرێی ئەوەن و داینەمۆی مانەوەیانە بە چالاکی لە کارکردن.
- بەڕێوەبەری خراپ لە سەروی خۆیەوە... لە نیوە زیاتری ھۆکارەکانی وازھێنان لە کار بەرێوەبەری خراپە کە کەسایەتیەکی مامەڵە قورس و ئیزعاجیان ھەیە.
- ھەستکردن بەوەی ئەرکی زیاد لە پێویستی بەسەردا دەدرێت بە شێوەی قۆزینەوەو استغلال کردن بەھۆی زیرەکیەکەیەوە. مافی کەمتری دەدرێتێ بەراورد بەوەی پێی دەکرێت.
-نەبونی پشتگیریی بەڕێوەبەر لەکاتی کێشەدا. تەنانەت کێشەی تایبەتیش گەر خۆی باسی کرد.
- ژینگەی کاری ناتەندروست و نەبونی ھاندان.
-بینینی کارمەندێکی باشی تر کە وازدەھێنێت... لەم حاڵەتەدا گومان و پرسیار دەکات لەسەر وازھێنانی کارمەندە باشەکەی تر.
- دابڕانی لە خەون و ھیوایەتە تایبەتەکانی (ئەمەیان شەخسیە)، کارمەندە باشەکان زۆر گرنگی بە خەون و ھیوایەتە تایبەتیەکانیان دەدەن. بەڵام ھێشتا دەکرێت بەڕێوەبەر فلێکسبڵ و نەرم بێت لەگەڵی، بەجۆرێک کارەکانی لەگەڵ رێک بخات کە ھەم بمێنێتەوە، ھەم کارەکەشی نەبێتە ھۆی دابڕان لەو ھیوایەت و خەونە تایبەتانە.
گەر بەڕێوەبەریت، بە ھەر نرخێک بوە کارمەندی باش لەدەست مەدە.
ھەرگیز رێکەوتوە کارمەندێکی باش بیت و یەکێک لەو ھۆکارانە بوبێتە ھۆی وازھێنانت و بەرێوەبەر گوێی نەدابێت؟!

Picsart-24-02-23-21-31-09-085