نوێترین

recent

13/08/2019

دایکە ، باوکە منم من: وڵاتم خەمی منتان نەبێ گەشتمە ئیتالیا


دایکە ، باوکە

منم من: وڵاتم (خەمی منتان نەبێ گەشتمە ئیتالیا)

عوسمان گوڵپی

لە بیستەکانی تەمەنیدابوو کە هێدی هێدی هەنگاوی بەرەو خەونەکانی دەناو بەهەرجۆرێك بوو زانکۆی تەواو کرد، گەنجێکی کەشخەی جوان باڵایەکی وەسەتی پێکەوتوو، دوای زانکۆ ناچار دەبێت بەدوای کاردا بگەڕێت و دەیەوێت کارێك بکاو ژیان دروستکا، جار جارەش لەبەر خۆیەوە دەیوت ئاخر زانکۆیەیەك نەبێتە هۆی دەستکەوتنی کارێك چ وڵاتێکە، ئەو بۆ داهاتوو دەیڕوانی و دواجار بڕیاریدا بکەوێتە ڕێ بەرەو دەرەوەی وڵات و کەوتەڕێ ، ئەوانەی لە گەڵی بوون وەسفی بێدەنگی و باشی و خەمخۆری و ژیری دەکەن ،دێتە تورکیا بە ڤیزا و رێگای قاچاخ دەگرێتەبەر وەك ئەو هەزاران گەنجە خێر لە خۆ نەدیوە، 

هەرچۆنبێت دوای ماوەیەك بەرێدەکەوێ بۆ ئیتاڵیا ، بەڵام نزیکەی دەڕۆژ بێ خەبەر دەبێت و کەس خەبەری نازانێ ، تۆ بیربکەرەوە دایك و باوکێك کوڕە تازە پێگەشتوەکەیان و هیوای ژیانیان رێگای دەریای گرتۆتە بەر و دە ڕۆژە دەنگی نیە لە کاتێکدا لە حاڵەتی ئاساییدا بە دەرچون یان دەرنەچون سێ ڕۆژ بەسە بۆ خەبەر، دایك و باوك لە خەمێکی قوڵ و قەلەقیەکی زۆردا دەبن، لە پڕ زەنگی تلفۆنەکەیان لێ دەدات: دایکە باوکە منم من گەشتمە ئیتاڵیا هیچ خەمی منتان نەبێت، دایك و باوك وەك بڵێی مژدەی بەهەشتیان پێدرابێ گەشانەوە و باوکی دەتوت تەمەنی گەنجی بۆ گەڕاوەتەوە و یەکپارچە ماڵ بوە ئاوەدانی، ئەو ڕۆژە بەدڵخۆشی دەبەنە سەرو شەو تەندروستی باوك تێك دەچێت و دەیگەیەننە نەخۆشخانە و تێدەگەن باوك جەڵدەلێیداوە و ڕەنگە حەلی نەمابێ و دوای مانەوەیەکی کەم لە نەخۆشخانە گیان دەسپێرێت ، ئیدی خەمێکی قوڵی هەتا هەتایی یەخەی ئەم خێزانە دەگرێت و خەبەر 

دەدەنە کوڕەی لاوی تازە پێگەشتوو کە باوکی وەفاتی کردوە، دەبێت هەستی ئەم کوڕە چۆنبێ؟ دەبێت چی بکات؟ لە نێوان گەڕانەوە و بەردەوامیدان بەسەفەرەکەیدا گیرکردوە، ئەو بەدەم خەمی لەدەستدانی باوکیەوە ملی ڕێ دەگرێت و دێتە فەرنسا و لەوێش دەگاتە سنوری بەریتانیاو فرنسا (کاڵاس) ئەو شارۆچکەکەی بەشێك لە خەونەکانی تێدا دەمرد و بەشێكیش لە هیوا، شوێنێك کە کەم کورد هەیە یادەوەری تاڵی تێیدا نەبێت، کە ناوی کاڵاس دەبەی یەکسەر گوێت لەوە دەبێت کە چۆن ڕۆژ و مانگ تیایدا ماوەتەوە، سەرماو بێ خەوی و گیران و باران و بێ جێگەیی و ماندوێتی لە یادگاریەکانی کاڵاسن

ئەمیش دەگاتە ئەوێ و وەك ئەو گەنجانە دەیەوێت بگاتە بەریتانیا وکە خەونی پێدە دەبینێت، چەند جارێك گیران و دەرنەچوون ، جارێك لە ناو لۆری و جارێک لە ژێرەوە بە ئەکسلەکەوە و هەر جارەی جۆرێك بەڵام گیران و گەڕانەوە
تا ڕۆژێك دەچێتە سەر لۆریەک بە ئامانجی خۆ شاردنەوە و دەرچون بۆ بەریتانیا، ئیدی ئەوێ دەبێتە بەختێکی خراپ بۆی و لە سەر لۆریەکە دەکەوێتە خوارەوە، ئەم گەنجە تازە پێگەشتوە خەمبارە ماندوە لە کەوتنە خوارەوەشدا سەیارەکیتر لێیدەدات و دەیگەیەننە نەخۆشخانەیەکی فەرەنسا، لەوێ دڵنیابون کە کۆتا وێستگەی ژیانیەتی و زۆر نەمایەوە بۆ هەتا هەتایە چاوی لێكنا، ئەو دوای باوکی کۆچی دوای کرد، تەرمەکەیان بردەوە و لە تەنیشت باوکیەوە ناشتیان ، ئازار و شینی دایك و خوشک نانوسرێتەوە؟!؟؟ ئازارێك پێناسە ناکرێ..

تێبینی:
ئەمە چیرۆکی ئەو گەنجە کوردەبوو کە ناوی وڵات بوو و لە فەرەنسا لەسەر لۆری کەوتە خوارەوە و کۆچی دوای کرد چیرۆکێکی
 ڕاستەقینەی دوو مەرگ لە نزیکی یەك

Picsart-24-02-23-21-31-09-085