وڵات
_
بەگوێرەى
چەند سەرچاوەیەکى ڕۆژنامەوانى کوردى زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلارى کوردستان لەڕێگەى
بەرپرس و بازرگانەکانى کوردستانەوە براوەتە وڵاتى قوبرس و وڵاتانى تر بۆ مەبەستى
قومارکردن.
ئەمە
نەریتى بەشێک لە بەرپرس و سەرمایەدارەکانى کوردستانە، کە هەموو بۆنە و جەژنەکان
دەقۆزنەوە بۆ بردنە دەرەوەى پارەکانیان بە مەبەستى قومارکردن، ساڵانە سەدان ملیۆنى
کوردستان بەهەدەر دەدەن
بەگوێرەى
زانیارییەکان، لەهەولێر و سلێمانییەوە لەدوو رۆژی رابردوو بەچوار گەشتی ئاسمانی زیاتر لە 110 كەس كە پێك
هاتوون لە بەرپرس و بازرگان لەهەرێمی كوردستانەوە بەرەو قوبرسی توركیا براون بۆ قۆمارخانەی
"مێریت" لەو وڵاتە، بەپێی زانیارییەكان، لەڕێگەی نوێنەری قومارخانەكەوە لەهەولێر ملیۆنان دۆلار خراوەتە سەر حسابی ئەو
كەسانە جگە لەو پارەی كە پێیانە.
رێكخستنی
گەشتی ئەو كەسانە كە بە مەبەستی قوماركردن روو لە وڵاتی قوبرس، لەڕێگەى چەند
کەسێکەوە دەبێت ک نوێنەرى کۆمپانیاکەن لە هەولێر، کە بەگوێرەى ڕێکخستنى
نوێنەرایەتى قومارخانەکە تێچووی فرۆكە و چوار شەو هۆتیل و نان و هەموو شتێكی دیكە
بێ بەرامبەرە و ئەو كەسانەیش كە بەشدار دەبن لە سوڕى
دانیشتنەکانى قومارەکە ناچار دەكرێن لەو ماوەیەدا لەنێو قومارخانەكەدا نەچنەدەرەوە.
گازینۆ مێرێت چیە؟
گازینۆ مێرێت یەکێکە لەگازینۆ بەناوبەنگەکانى سەربە ئوتێل میرێت، کە لەلایەن ستافێکى چینیەوە بەڕێوە دەبرێت، ئەم گازینۆیە لەبوارى قوماردا یەکێکە لە گازینۆ پڕۆفیشناڵەکانى قوبرص، کە لەناوچەکانى بەڵقان و باشورى قوبرس خزمەتگوزارى قومار پێشکەش دەکات، کە پێکهاتووە لە قومارى ئەلیکترۆنى، پۆکەر، قومارى تایبەت، ئەم گازینۆیە یەکێکە لەو گازینۆیانەى قومارچیە کوردەکانى ڕاکێشاوە ئەویش لەڕێگەى بوونى نوێنەرى لە کوردستان، هاوتاى نوسینگەکانى لەشارى _ئەنکەر، ئەزمیرى، ئەنتاڵیا، مێرسین، ئستەنبوڵ.
بەگوێرەى زانیارییەکان، دانیشتنەکانى قومارخانەى مێرێت لە ١٢ى مانگەوە دەستى پێکردووە تا کۆتایى مانگى ١٠ بەردەوام دەبێت هەر دانیشتنێکیش لەلایەن ناوبژیوانێکى دیارى قومارەوە سەرپەرشتى دەکرێت.
"گازینۆ مێرێت، نوێنەرایەتى لە کوردستان هەیە"
کێ لە کوردستان قومار
دەکات، سودى بۆ کێ دەبێت؟
زۆرن ئەو
کەسانەى لەناوخۆى کوردستان قومار دەکەن ئەوانەن لەناوخۆدا قومار دەکەن گەنجان و
بەشێک لە بەرپرسەکانن، کە زۆرینەیان لە سلێمانى و هەولێر و بەشێک لەناوچە
گەشتیارییەکان لەوێنەى دووکان، بێخاڵ، ناوەندى هەولێر کۆبونەتەوە.
جۆرى
قومارکردنەکەش زۆرینەى ئەلیکترۆنیە، کە بەگوێرەى بەداواداچونێکى پێشترى وڵات_٤٠
جۆر یارى قومار لەکوردستان ئێستا بوونى هەیە، بەشێک لە قورمارەکانیش ڤى ئاى پین لە
ئوتێلە بەناوبانگەکان دەکرێت کە ڕۆژانە سەدان هەزار دۆلار لەم قومارخانەدا بەهەدەر
دەڕوات.
لەم
قومارخانەنەدا کەس براوە نیە، بەڵکو ئەوانەى براوەن دەڵاڵ و نوێنەرى کۆمپانیاکانى
قومارن، لەگەڵ ئەو بەرپرس و سەرمایەدارانەى کە لەپشت قومارخانەکانەوەن و خاوەنى
ئوتیڵ و باڕ و یانەکانى شەوانەن.
حکومەت
چۆن ڕێگە بەمە دەدات؟
گواستنەوەى
گوژمەیەکى سەدان ملیۆن دۆلارى بۆ وڵاتى قوبرس وەکو تیرۆرکردنى ئابورى کوردستان
وایە، کە ئەم پرۆسەیە مانگانە دووبارە دەبێتەوە، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچى حکومەتى
هەرێم و وەزارەتى دارایى ڕێگاى بردنە دەرەوەى وەها پارەیەکى زەبەلاح دەدات؟ چون
ڕێگە بەنوێنەرایەتى کۆمپانیایەکى لەو جۆرە دەدات لەکوردستان کاربکات؟
بەگوێرەى
زانیارییەکان، بردنە دەرەوەى ئەم پارەیە پێچەوانەى ڕێنماییەکانى وەزارەتى دراییە، کە
نابێت پارەى کوردستان ببرێتە دەرەوەى وڵات بەو گوژمە زۆرە چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەرى
خراپ لەسەر گەڕى ئابورى دەکات و هاوکات وادەکات ئەم گەڕە لەچالاکى و هێزەوە بەرەو
بێهێزى بڕوات، لەبەرامبەردا هەرێمى کوردستان هیچ قازانجێکى ئابورى لەم پڕۆسەیە
ناکات.
ئەم تیرۆرە لەلایەن بەرپرس و سەرمایەدارەکانەوە ڕووبەڕوى
ئابورى کوردستان دەکرێتەوە، لەکاتێکدایە ئابورى کوردستان ڕووبەڕوى دۆخێکى
مەترسیداربووەتەوە، ئەمەش قوڕەکە بۆ ئابورى کوردستان خەستر دەکاتەوە
![]() |
| کچێک لەبەردەم گازینۆ مێرێت _قوبرص |
وەزارەتى
دارایى وەکو تەماشاکەر
ئەمڕۆ
ئابورى کوردستان لەژێر بارى کۆنترۆڵێکى بەهێزدانیە، بۆیە هەڵتۆقینى سەرمایەى
لەناکاو و هەرەسهێنانى لەناکاو ئاساین بۆ ئەم ئابورریە، ئەمەش وایکردووە ئابورى
کوردستان هەمیشە ئابورییەکى ناجێگیربێت.
ئەوە
پارەیەى براوەتە دەرەوە واتاى ئەوەى لەسەرمایەى گشتى وڵات براوەتە دەرەوە، وە کۆى
پارەکەش ٧ هێندە زیاترى ئەو داهاتەیە ڕۆژانە لە لە بۆرسەى ئاڵوگۆڕى دراو لە
سلێمانى ئاڵوگۆڕ دەکرێن کە پیکهاتوو لە ١٥ ملیۆن دۆلار.
بۆیە ڕاى
ئابوریناس وایە، لەم دۆخەدا وەزارەتى دارایى دەبێت هاوتا لەگەڵ ڕێنماییەکانى خۆى
لێکۆڵینەوە بکات.
بۆ جەژنى قوربان زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلار براوەتە دەرەوەى وڵات بۆ قومارکردن
چۆن ڕێگە
لە قومارچیەکانى کوردستان دەگیرێت؟
قومارکردن
وەکو خوییەکى دێرینى مرۆڤان قورسە بنبڕبکرێت، بەڵام لە زۆرینەى وڵاتان لەڕێگەى
سیستمى باجەوە چاودێرى دەخەنە سەر سەرمایەى تاک بەتاکى کۆمەڵگا ئەمە وادەکات
زیادبوونى لەناکاوى باج و کەمبونەوەى لەژێر کۆنترۆڵى دەوڵەتدا بێت، ئەمە جگە لەوەى
هاوردەکردن و هەناردەکردنى پارەى کاش کە زۆرینەى سەرچاوەکەى قومار و کارى نایاساییە
لەڕێگەى دەوڵەتەوە لەقاڵبى یاسا دەدرێت.
بەڵام
بەهۆى نەبوونى کۆنترۆڵى بەهێز لەلایەن وەزارەتى دراییەوە، نوێنەرى قومارخانە
جیهانیەکان، قورماچیەکانى کوردستان زۆر بەئاسانى بەربەستەکان دەبڕن.
بەڕاى
ئابوریناسان، تەنها سیستمى باج و کۆنترۆڵى هەناردە و هاوردەى پارە دەتوانیت ڕێگە
لەقومارچییەکانى کوردستان بگرێت و نەهێڵێت بەئارەزوى خۆیان تەراتێن بکەن، کە ئێستا
دەیان بەرپرس و سەرمایەدارى کورد بەهۆى قومارەوە ملیارەها دۆلاریان لەدەرەوەى وڵات
کەڵەکەکردووە هیچ سودێکیان بۆ هەرێمى کوردستان نیە.


