نوێترین

recent

20/08/2019

مرۆڤ بێ دین بێت باشترە لەوەی دزبێت


عومەر محمد - سەرنوسەرى گۆڤارى ئەنفالستان

لە وەڵامی ڕەخنەکانمدا بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ساڵۆنی کوردستانی نوێ تووشی شڵەژان بوو، لەبریی ئەوەی وەڵامێکی لۆژیکیم بداتەوە، یاخود لانی کەم کڕ بێت، هەر بە هەڵهێنانەوەی زاری هێندەی تر خۆی عەیبدار کرد، گوتی: ''عومەر لای ئێمە ناوێکی تریشی هەیە'' کاک قادر عەزیز لێی پرسی ''ئەو ناوە چییە؟'' لە وەڵامدا گوتی: ''عومەر خوانەناس، پێی دەڵێن عومەر خوانەناس''، کابرا ویستی هەم شڵەژانی خۆی بشارێتەوە، هەم بە خەڵکیش بڵێت ئەم پیاوەی وا ڕەخنە لە من دەگرێت خوانەناس و بێدین و کافرە، وەک بڵێیت بێدینی عەیب بێت و دزی ڕەوا بێت؟! لەراستیدا ئەمە زمانی کەسێک نییە کە بەخەم مرۆڤ وکەسوکاری ئەنفالەوە بێت چ جای ئەوەی توێژینەوەی زانستی دەربارەی باری دەرونی جێماوانی ئەنفال بکات ! بەڵکو زمانی تیرۆرە، تیرۆری کەسایەتی و ڕەشکردنی بەمەبەستی ئەوەی کوشتنی رەوایە !

ڕۆژی ١٢ی ئازاری ٢٠١٩، کە بۆ واژۆکردنی کتێبەکەی (کاریگەرێتییە دەروونییەکانی ئەنفال لەسەر جێماوانی) خەڵکی کۆ کردبووەوە، من چەندین دزیوفزی و هەڵەی زەقم بە بەڵگەوە خستە ڕوو. بە لاپەڕە و ناوی خاوەنەکانیانەوە. کەچی کابرا کە زووزوو دەیگوت من ماستەرم لە ڕاگەیاندن هەیە، هەموو وەڵامە لۆژیکی و زانستییەکەی هەر ئەوەندە بوو کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ دا! ئینجا هەرلەوێ دوو خۆزگەم خواست.

خۆزگەی یەکەم:

 ئەوە بوو ناوەڕۆکی کتێبەکەی هێندەی بەرگەکەی جوان بوایە و شایانی ئەو دیزاین و چاپە بوایە، بۆچی؟ چونکە کتێبەکەی لە ڕواڵەتدا جوان و لە ناوەڕۆکدا پڕە لە هەڵەی زەق، ڕێنووس و زمانەوانی و تێگەیشتنی هەڵە لە مێژووی ئەنفال و تایتڵی ناڕوون و سەیروسەمەرە و داتا و بەڵگەی هەڵە و نزیکەی ٤٠ گوندیش بە هەڵە ناویان نووسراوە و لە خستنەڕووی ئاماریشدا کۆڵەوارییەکی زۆری پێوە دیارە، بۆ نموونە ناوی زیاتر لە ٣٠٠ گوندی نووسیوە کە گوایە بەر چەکی کیمیایی کەوتوون، کە ئەوە ڕاست نییە، بۆ نەگبەتیی ئەو و بەڵگەی قسەکانم نەزانی و نەشارەزایی گەیشتووەتە ئاستێک، لە بادینان تاکە گوندێک کە کۆمەڵکوژیی لێ کەوتووەتەوە و میدیا و لێکۆڵیاری ناوخۆ و دەرەوە باسیان کردووە، کیمیابارانکردنی گوندی 'برجینی'ە کە کۆمەڵکوژیی لێ کەوتووەتەوە، کەچی بۆ تاکە جارێکیش ناوی نەهاتووە.

 خۆزگەی دووەم:

خۆزگە سوپاسی نەکردمایە، دیسانەوە دەپرسن بۆچی؟ چونکە هێندە بە چرووکی نوسیوێتی ''سوپاس بۆ عومەر محەمەد'' ئیدی کەس نازانێت بۆچی سوپاس کراوم، ئایا تایپم بۆ کردووە یان هەڵەبڕی؟ لە کاتێکدا ڕەشنووسی کتێبەکەی لە بەردەستمە و خەتم بۆ بەژێردا هێناوە و کونوکەلەبەری زۆر گەورەم بۆ پڕ کردووەتەوە و لە هەڵەی کوشندە ڕزگارم کردووە، ئەمەش لەبەر ئەوە نا کە بەڕێوەبەری گشتی بووە و من فەرمانبەر، لەبەر ئەوەی دەستەودامێنم بووە و تەکلیفی لێ کردووم و شایەت و بەڵگە زۆرن، بەڵام چونکە دونیابینیی نییە و حەسوودی کوشتوویەتی، بە دەمیدا نەهاتووە بنووسێت سەرنووسەری گۆڤاری ئەنفالستان، چونکە لە واقیعدا خۆی بە بچووکی لە بەرانبەر شارەزاییەکانمدا بینیوە و ئەمەش بووەتە گرێیەکی دەروونی و ویستوویەتی لە ڕواڵەتدا وا نیشان بدات وەک ئەوەی کە خەونی پێوە دیوە خۆی لە سەرووی منەوە دیوە و من بە خەیاڵ شاگردی بووم!

هەر بۆیە لە وەڵامی ئەم دوو خۆزگەیەشمدا قسەیەکی کرد کە نەکردن و بێدەنگبوونی بۆ خۆی باشتر دەبوو، کورد وتەنی ''ئەو قسەیەت نەکردایە، گایەکی دابەستەی دەهێنا'' چونکە ئەو ڕاستییە تاڵە هەموو دەیزانن کە بە هۆی نادادپەروەری و حیزبسالارییەوە ئەو بەڕێوبەری گشتییە نەک بە هۆی هزر و توانایەوە. خاڵێکی شەرمەزاری ئەگەر بۆ حوکوومەت و حیزب و دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان تۆمار بکرێت ئەوەیە کە ئەو بەو هەژارییەوە بەڕێوبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بێت و منیش بە شارەزایی زۆرەوە فەرمانبەرم! ئەمە بەرپرسیارێتیی مێژووییە و مێژوو لەم نادادپەروەری و گەندەڵییە خۆش نابێت، بۆیە هەق نەبوو شاییت بەو پلەوپۆستە بێت. ئاخر حکومەت بەرێوەبەری گشتی وەک تۆی هەیە بۆیە جگەلە خەرجکردنی پارە بۆ یادی ئەنفال هیچی ترنازانن، ئەوەتا ٧ ملیۆن دۆلار خەرج دەکەن بۆ یادی ساڵێک، کەچی سەنتەرێکتان نیە بۆ توێژینەوە) ئاخر ٧ ملیون دۆلار بەدەست منەوەبێت ٧ سەنتەری بۆ مێژوو پێدادەمەزرێنم. نەک لەیادێکدا خەرجی بکەم !

بەڕێز جەنابی بەڕێوبەری گشتی

من کە لە سەرەوە ناوم هاتووە، فەرمانبەرم لە بەڕێوبەرێتییە گشتییەکەتان، خۆشم نەیڵێم خەڵک دەزانن ئەگەر  من دەربارەی ئەنفال  قسەم کرد، هەقوایە بەڕێزت بوەستیت و گوێم بۆ بگریت، لەڕاستیدا ئەمە ئەرکی بەڕێوبەری باش و بە مۆراڵە، هەروەک خۆت چەند جار ئەمەت پێ گوتووم، بەڵام خۆزگە لە ئاوەدانییشدا بوێریی وتنیت هەبوایە، تو گۆڕی شەهیدان، کە دەستت بە نووسینی کتێبەکەت کرد، بوێریی ئەوەت هەبوو بڵێت من بەڕێوبەری گشتیم و ئەرکە لەسەر تۆی فەرمانبەر شاگردم بیت؟؛ ئەی چەند جار ئەمەت پێ گوتووم: ''عومەراغا من پشتم بە شارەزایی تۆ قایمە وەک برایەک دەبێت هاوکارم بیت''؟ من ئاوا زەلیل دیومیت جەنابی بەڕێوبەری گشتی! زۆر هاوکاریم کردویت بەبێ ئەوەی چاو بەرەژێری چاکەیەکت بم، بەدرێژایی هەشت ساڵ بەڕێوەبەریت لە سوپاسنامەیەک و پاداشتێکی وەزیفی کە مافی خۆمە بە واژۆی تۆ سودمەند نەبووم. بەڵام من وەک تۆم نەکرد، دەستم بەڕوتەوە نەناو خۆم لە هاوکاریت نەدزییەوە، هەڵەم بۆ ڕاست کردوویتەوە و لەو زانیارییانەت دزیوە کە پێمداویت، ناوی سەرچاوەکانت لابردووە کە بۆم دیاری کردبووی بەناوی خۆتەوە بڵاوتکردوونەوە.

کورد قسەیەکی جوانی هەیە: ''ملوانکەی دزراو هەر دەبێت بە شەو لە مل بکرێت'' بەڵام ئێوە ئەو پەندەش نەیوەستاندوون، ئەوەتا ملوانکەی دزراوتان لە ملدایە و بەدەم خاوەنەکەشیەوە پێدەکەنن!

Picsart-24-02-23-21-31-09-085